کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
بنەماڵەی ئازیزی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی
هاوڕێیان تێکۆشەری ڕێکخستنی نهێنی
پێشمەرگە قارەمانەکانی کۆمەڵە
لە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵەدا، چەپکە گوڵی سووری وەفا و خۆشەویستی پێشکەش بە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و سەرجەم بزوتنەوەی کوردستان دەکەین و یادی ئازیزیان، بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.
سی و حەوت ساڵ لەمەو پێش و لە شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان دوو دەسەڵاتی پاوانخواز، شەڕخواز و کۆنەپەرەستی بەعس و کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی بێ تاوانی هەڵەبجە، لە لایەن ڕژیم بەعسەوە کیماییباران کران و بە هەزاران کەس لە خەڵكی مەدەنی بوونە قوربانی و بەشێکی بەرچاویش بریندار بوون و تا ئێستایش بە زامی کیماییبارانەوە ژیان دەبەنە سەر.
هەر لەم کارەساتەدا، گوردانە هەمیشە قارەمانەکەی شوان، لە بناری ڕووباری سیروان کەوتنەوە بەر پەلاماری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و هاوکات لەگەڵ ئەوەی کەوتبوونە بەر هێرشی کیمیایی، قارەمانانە لە بەرانبەر هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەستانەوە و لە دوای شەرێکی بێ وێنە، بەشێک لەم هاوڕێیانە، قارەمانانە گیانی ئازیزیان بەختکرد و بە داخەوە لە گەمارۆیەکی نابەرابەردا ژمارەیەکیان بە دیل گیران و دواتر لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دران و بەم جۆرە ژمارەیەک لە باشترین ڕۆڵەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، خوێنیان تێکەڵ بە خوێنی کاروانی سەربەرزی گیانبەختکردووانی کوردستان کرا.
دوابەدوای ئەم کارەساتە، ئەم ڕۆژە واتە ٢٧ی ڕەشەمە، وەکوو ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە دیاری کرا. لەم ڕۆژە وێرای ڕێزگرتن لە هاوڕێیانی گیانبەختکردووی گوردانی شوان و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەگرین کە بۆ چرکەساتێکیش بووبێت لە ڕێزەکانی کۆمەڵە، خەباتیان کردووە و بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات تێکۆشاوان.
٢٧ی ڕەشەمە، ڕۆژی پەیمان نوێ کردنەوەیە لەگەڵ ڕێبازی گیانبەختکردووانی سەنگەر و هەموو ئەو کەسانەی لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لەدوای خۆراگری و بەرەنگاری گیانی ئازیزیان بەختکردووە. ڕۆژی ڕێزگرتنە لە بنەماڵەی ئازیز و خۆڕاگری گیانبەختکردووانی کۆمەڵە.
هەروەها لەم ڕۆژەدا یادی سەرجەم گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرز و بەڕێز ڕادەگەرین و پەیمان نوێ دەکەینەوە لەگەڵیان و سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەکانیان و دڵنیایان دەکەینەوە کە کۆمەڵە، لە هەموو کاتێکدا، بێ ڕاڕایی پشتیوانێکی قایم و درێژەدەری ڕێبازیانە و لە خەبات ناوەستێت هەتا سەرکەوتنی یەکجاری.
هەروەها لە نەورۆزی بەرەو ئازادی ئەمساڵدا لە گەڵ هەڵکردنی هەر ئاگرێکی نەورۆزی، خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، چالاکان و هەڵسوڕاوانی قارەمانی ئەو نیشتمانەش بە گژ تاریکیدا دەچنەوە و موژدەی سەرکەوتنی یەکجاری پەیامی نەورۆزی بەرەو ئازادی دەگەیێنن.
لاوان، ژنان و پیاوانی تێکۆشەر و خەباتکار
لەدوای هەوڵێکی زۆری دوژمنکارانە لە دژی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە کڵ دەرهاتنی کۆمەڵە لەو گوشارە هەمەلایانانە، کۆماری ئیسلامی بە لاواز بوونی لە ناوچەکە و ڕووخان و لە ناوچوونی هەموو ئەو حکومەت و هێزە نیابەتیانەی کە پشتی پێ بەستبوون،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر و لە ڕووخان نزیکتر ئەبێتەوە.
کۆماری ئیسلامی جیا لە دەیان قەیرانی چارهەڵنەگری دەرەکی و ناوخۆیی، بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەموو هیوایەک بۆ مانەوە و هەموو سەرچاوەکانی ڕەوایی لەدەستداوە و چیتر توانای نییە خۆی لە هەمبەر خواست و ورەو وزەی جەماوەری مافخواز، دادخواز، ناڕازی و وەزاڵەهاتوو ڕابگرێت.
مانگرتنە سەرانسەریەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئامادەکاری بەرفروان و گەرم و گوڕ بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی بەرەو ئازادی، نیشانەی، ماندووینەناسی، تێکۆشەربوون و ئاسۆیەکی ڕوون و گەشاوەیە کە ئێوە جەماوەری تێکۆشەری کوردستان هیوا و برواتان پێیەتی.
کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ورەی زۆرتر، بە ئەزموونتر، یەکدەنگ و یەکڕیزتر لە جاران، بەرەو ئەم ئاسۆیە هەنگاو دەنێت.
کۆمەڵەش بە پشت بەستن بە خەباتی جەماوەری، سەرەڕای تێپەراندنی هەموو هەورازو نشێوەکان، شێلگیرتر و بەهێزتر لە جاران درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەداو هەتا ڕۆژی سەرکەوتن لە هیچ جۆرە چالاکی و گیانبازییەک لە ڕێگای مافەکانی گەلی کورد و سەربەستی نیشتمان و بەها مرۆڤایەتییەکان هەدا نادا.
هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە باسکی بەهێزی جەماوەر و خەڵکی خەباتکارو تێکۆشەری کوردستانە کە بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژی خۆیدا، دەورو و ڕۆڵی مێژووی خۆی دەبێت.
لە کۆتاییدا، جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە لەگەڵ ڕێبازی سەرجەم گیانبەجتکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە بەرەبەیانی ئازادیدا، یادیان دەکەین.
بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد
بڕووخێت ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی