لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی بانگهێشتی کۆمەڵە بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە. دوابەدوای ئەم هەواڵە، ڕێژەیەکی بەرچاو لە پەیامی هاوپشتی و پشتیوانیمان لە لایەن چالاکانی ناوخۆی وڵات، کۆمەڵێک کەسایەتی سەربەخۆ و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە دەست گەیشتووە. بەم بۆنەوە سپاس و پێزانینی گەرمی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەین.
بە ئاگاداری هەموو ئازیزان ڕادەگەیەنین ئەگەرچی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ڕاستەوخۆ بەشداریی ناکات بەڵام نوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە واشینگتۆن لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار دەبن و، وێڕای هەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی کوردی ڕۆژهەڵات، لە پێناو بەهێزترکردنی دیپلۆماسی و بە مەبەستی پەیدا کردنی هەرچی زیاتری دۆست و پاڵپشت و هاوپەیمان تێدەکۆشن.
لەگەڵ سپاسی دووبارە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری سکرتێری گشتیی
٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
١٩ی ژانوییەی ٢٠٢٥ی زایینی