خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز و وشیاری کوردستان،
چین و توێژ و گروپە کۆمەڵایەتییە ئازارچشتوو و مافخوازەکان!
دوو ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینا ئەمینی بە دەستی جەلادانی كۆماری ئیسلامی و سەرهەڵدانی بزوتتنەوەی گشتگیر و بەرفراوانی«ژن، ژیان، ئازادی» تێپەڕ دەبێت. بزووتنەوەیەک کە لە گۆڕستانی«ئایچی» شاری سەقز و لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و بەدروشمێکی پێشکەوتووخوازانەوە زۆر بە خێرایی بە پانتایی ئێراندابڵاوبووەوە و سنوورەکانی جیهانی بەزاند. فرەڕەنگی و فرەچەشنی،شکۆمەندی، قووڵایی و بەرفراوانی ئەم بزووتنەوە هەموو ناوەڕۆک،سروشت، بنەما و بناغەکانی حکومەتە تۆتالیتێر و ستەمکارەکەی كۆماری ئیسلامی هەژاند. هێشتاکە و دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ،خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری و دێمۆکراسی بە گەرموگوڕی درێژەی هەیە و ژیلەمۆی ئەم شۆڕشەی بە گەشاوەیی ڕاگرتووە.
خەڵک لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەری هەژاری، گرانی، هەڵاوسان و بێکاریدان و ڕژیم لەهەمبەر ناکارامەیی و گەندەڵی و نابەرپرسبوونی خۆی لە هەوڵدایە بە پشتبەستن بە سەرکوت وسێدارە و تۆقاندن دەنگی زۆرینەی ڕەهای خەڵک کپ بکا بەڵام لە بەرانبەریدا کۆمەلانی خەڵکی وریا و ئازادیخواز دەبینێتەوە کە بە ئەزموونێکی پڕشنگداری خەبات و، بە ورە و وزەیەکی زیاتر لەجاران، پێگەیشتووتر و باشتر خۆیان ڕێکخستووە و ئامادەی تێكهەڵپێچانی یەکجاری دەەسەڵاتی ستەم و زۆردارین. ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بەردەوام بەرفراوانتر و بەربڵاوتر دەبنەوە و هاواری ناڕەزایەتی گشتیی خەوی لە چاوی دەسەڵاتداران زڕاندووە.
ژنانی پێشەنگ، لاوانی شۆڕشگێڕ و پیاوانی خەباتکار!
خۆڕاگریی، ئازایەتی و وەستانەوەی ئێوە بەرانبەر بە ستەمکاری و سەرکوت و چەوساندنەوە، بۆ هەموو خەڵکی ئێران و بگرە بۆ بەشێک لە خەڵکانی جیهان ڕێنوێن و شوێندانەر بووە. ئامانج و داخوازییەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە مێشک و جەستەی تاکەکانی کۆمەڵگا ڕیشەی داکوتاوە و گەیشتووتە ئاستێک کە هیچ دەسەڵاتێک توانای نکۆڵی و سڕینەوەی نییە. لە ئێستادا خەباتی ڕوو لە داهاتووی خەڵکی کوردستان و ئێران پای ناوەتە قۆناغێک غکە ڕێگای گەڕانەوەی نییە و هاوکات کۆتایی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کات نزیکترە.
کۆماری ئیسلامی بەتایبەت پاش دەستپێکی بزووتنەوەی ژینا و،دیتنی دەور و نەخش و کاریگەریی بەرچاوی خەڵکی کوردستان و حیزبە خاوەن مێژوو و بە ئەزموونەکانی، هێلانەی لەرزۆک و دەسەڵاتی لاواز و ساختەی خۆی لەهەمبەر هوشیاری کۆمەڵگای کوردستان و بنکەی بەهێزی کۆمەڵایەتی حیزبەکان لاوازتر لەوە دیت کە خۆی پێ ڕابگیرێت. لەم ڕووەوە جیا لە هەموو ئەو هەوڵ و تەقالا تێکدەرانانەی کە پێشووتر و بەشێوەی ڕێکخراوەیی لە دژی خەڵک و کۆمەڵە کردبووی لەوانە پەنابردن بۆ تیرۆر و تۆقاندن و چاندنی بۆمب و هتاد، دەستی دایە زنجیرە کردەوەیەکی بێ سنوور وەک بۆردومان، هێرشی درۆنی و مووشەکی، تیرۆر و پیلانگێڕی و گوشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی. سەرەنجام گوشارەکانی خۆی بەسەر بەشێک لە دەسەڵاتە خۆجێییەکانی هەرێمدا چەسپاند و هەندێک لە ئۆردوگا و بارەگاکانی کۆمەڵەی ڕاگواستەوە؛ بێ ئاگا لەوەی کە بیرۆکە، هەیکەلە، پێگە و ڕێکخستنی ڕاستەقینەی کۆمەلە لە نێو هزر و دڵی جەماوەری خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بانگەوازێک بۆ مانگرتنی گشتیی لە لایەن ناوەند وڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی بڵاوكراوەتەوە . ئێمە سەرەڕای تێگەیشتن لە دۆخی نالەباری ئابووری و، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەم بارودۆخەدا مافی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین لە خەڵک زەوت کراوە هەروەها ئەزموونی سەرکەوتنەکانی پێشوو مانگرتنی کردووە بە بەشێک لە نەریت و کەلتووری خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان، داوا لە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەکەین كە لە رۆژی ٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا، لە مانگرتنی سەرانسەری پشتیوانی بکەن.
لە هەموو بازاڕیان، کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاران و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان داوا دەکەین لەم ڕۆژەدا چالاکانە بەشداری مانگرتنی سەرانسەری بن و هاوپشتی و هاوخەباتی خۆیان دەرببڕن. لەم ڕۆژەدا لە ژنان و پیاوان و گەنجان داوا دەکەین بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و گڵکۆی شەهیدان، یان بەهەر شێوەیەک کە بۆیان گونجاوە، ڕێگا و ڕێبازی پیرۆزی گیانبەختکردووان بەرز و بەڕێز ڕابگرن. هەروەها داوا لە حیزب و کەسایەتی و ڕێکخراوەکان و هەموو خەڵکانی ئێران دەکەین تاکوو دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات.
ئەم مانگرتنە جیاواز لە رێزگرتن لە یاد و ناوی پاکی سەرجەم شەهیدان، ناڕەزایەتی دەربڕینێکی بەرز و ئاشکرا و بەهێزە لەدژی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و تێکدەرانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەر حەق بە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی.
ژن، ژیان، ئازادی!
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمتەکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی
٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی