ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان و ئێران
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
خەباتکارانی یەکسانی و مافەکانی ژنان
٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی “ژن” تان لێ پیرۆز بێت. ئەمساڵ لەکاتێکدا یادی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، دەکەینەوە کە ژنانی ئێران و کوردستان لە دوای خەباتی دەیان ساڵەیان و پاش تێپەڕینی دوو ساڵ بە سەر ئەزموونی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” نەتەنیا بوونەتە جێگەی سەرەنجی جیهانیان، بەڵکوو هاوکات مێژوویەکی نوێیان لە خەباتی ژنان بە دژی سەرکوت و زۆرداری تۆمار کردووە کە ناکرێت لە ڕۆژی هەشتی مارسدا ئاوڕیان لێ نەدرێتەوە.ژنانی کوردستان و ئێران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی گەورەترین خەباتیان بە دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران وەگەڕ خست و بە شێوازی جۆراو جۆر و بە دەیان ئیبتکاری ڕێبەڕانە مەیدانەکانیان لە کۆماری ئیسلامی ستاندووەتەوە و بە گژ دیکتاتۆری دژە ژنی کۆماری ئیسلامیدا چوونەتەوە.
پاش ٤٥ ساڵ لە حاکمییەتی پڕ لە ئیستبداد و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمووان سەلمێندراوە کە ڕژیم و سیستەمی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێران، بەو پەڕی دڕەندییەوە لەگەڵ ماف و ئازادییەکانی ژنان مامەڵەی کردووە و لە رێگەی کۆنترۆڵی ژنان لە هەوڵی کۆنترۆڵی کۆمەڵگا و لە قاڵبدانی ئەو کۆمەڵگایە دا بووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ناعەداڵەتییانەی کە لە دژی ژنان هاتووەتە ئاراوە خەباتێکی گەرم و گوڕ و هەمە لایەنەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ئارادا بووە و دڵنیاین تا سەرکەوتن و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان و دیموکراتیک بەردەوام دەبێت.
سەرەڕای سیاسەت و کردەوەکانی دژە ژنی كۆماری ئیسلامی، ژنان لە هەموو گۆڕەپان و بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی،سیاسی،کلتووری و ئابووری پێگەیەكی گرنگیان بەدەستهێناوە و ئەم ڕەوتەیش تا هاتووە گەشەی بەخۆیەوە بینیووە.
بزووتنەوەی ژنان لە ئێران بووەتە یەكێك لە بەهێزترین بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان، بوونی دەیان كەس لە ژنانی خەباتكار، لە پارێزەرو رۆژنامەنوس تا خوێندكار و هەڵسوڕاوی كرێكاریی لە زیندانەكان، نیشانەی بەشداری بەربڵاوی ژنانە لە خەباتی ئەمرۆ و سبەینێی كۆمەڵگای ئێران و کوردستان.
بەشداری و چالاک بوونی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، ئاماژە بەو ڕاستییە دەدەن کە ژنان و بزووتنەوەکەیان بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی یەکسان دادەرێژن و لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەردەم و داهاتوو یەکێک لە هێزو جەمسەرە کاریگەرەکانی ئەم گۆڕانکاریانەن.
بەشداری بەربڵاوی زیاتر لە چوار دەیەی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان، فیداكاری و لەخۆبردوویی و تێکۆشانی ئەوان لە سەنگەری خەبات، دامەزراندنی دەیان رێکخراوی پێشەیی و تایبەت بە مافەکانی ژنان، یارمەتیدەریان بووە تا ئەزمونگەلێكی بەنرخ بەدەست بێنن و بەبێ هیچ دوو دڵییەك و ماندوویی نەناسانە درێژە بە خەباتیان بدەن و ئەمڕۆکە ببنە هێزی پێشەنگ و پێشکەوتوو کە ئاخێزێکی گەورە و جەماوەری وەک ژن، ژیان، ئازادی نوێنەرایەتی بکەن.
لەم بوارەدا “كۆمەڵە” مێژووییەكی پرشنگداری لە خزمەت كردن بە پرسی ژنی كورد هەیە، ئاشکرابوونی خەباتی نهێنی كۆمەڵە لە ساڵی ١٣٥٧ وەك یەکەمین حیزب نەتەنها لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەکە ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان رەخساند تا ڕاستەوخۆ بێنە ناو شۆرشی كوردستان و پێشمەرگایەتی كە هەتا ئەو كات بوارێكی پیاوانە بوو، ئەم جارەیان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد سیمایەكی تری بە خۆیەوە بینی و پێشمەرگەی ژن و ناوبانگی هەموو كوردستانی گرتەوە و بووە پێشەنگی ژنانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش.
كۆمەڵە بە چاندنی بیری یەكسانیی ژن و پیاو و دژایەتی لە گەڵ كلتوری پیاومەزنی و نەریتی كۆن لە كۆمەڵگادا، كاریگەریەكی زۆری لەسەر گۆڕینی ڕوانین و كلتوری خەڵك بەرانبەر بە ژنان دانا.
ژنانی تێکۆشەری کوردستان
هاوڕێیانی خەباتکار
لێرەدا جارێکی دیکە پەیمان نوێ دەکەینەوە کە کۆمەڵە حیزبی ئێوە ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازە بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانتان کە لەلایەن ڕەژیمەوە پێشێل و پشت گوێ خراوە.
کۆمەڵە وێرای ڕێزگرتن و بەرزنرخاندنی خەباتی ڕەوای ژنان، وەک ڕابردوو شێلگیرانە لە دژی سوننەت و داب و نەریتە کۆنەکان کە ژنی تێیدا قەتیس کراوە، خەبات دەکات و ئەم ئەرکە پیرۆزەی لە ئەستۆیە و بەکردەوە هەنگاوی پتەوی بۆ هەڵدەگرێت.
کۆمەڵە وەك هەمیشە پاڵپشتی گەورەی ژنانە و وێرای هەوڵی چالاكانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی كوردستان بۆ بە هێزترکردنی بزووتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان تێدەکۆشێت و ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و دادپەروەر کە مافی تاکەکان، تێیدا پارێزراو بێت.
لە کۆتاییدا، پێویستە ڕێزبگرین لە گیانی ئازیزی هەموو ئەو ژنانەی لە پێناو خەبات و تێکۆشانی فێمینیستی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە تایبەتی ژنانێک کە لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی گیانی خۆیان بەخت کردووە.
ڕێزبگرین لە هەموو ئەو ژنانەی کە ئێستا لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی سزای قورس بوونەتەوە، ڕێز بگرین لە گیانبازی و فیداکاری هەموو ئەو ژنانەی لە ماوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بوێرانە و تێکۆشەرانە بەشداریان لەم شۆڕشە کردووە و بریندار بوون. پێویستە لەم ڕۆژەدا، ڕێز بگرین لە دایکان و خوشکانی هەموو گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، بەتایبەتی گیانبەختکردوانی شۆڕشی ژن ،ژیان،ئازادی.
سەركەوێ بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان
پیرۆز بێ ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن
بژی خەباتی ژنان و بزووتنەوە رەواکەیان
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی بەرامبەر لەگەڵ ١٨ی رەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی