رۆژی ٢٥ نۆڤامبر، وەک ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ناودێرکراوە. کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، بۆ پارێزگاریکردن لە پێگەی ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگە و جەخەتکردنەوەلەسەر بایەخە مرۆیی و ئەخلاقییەکان و هەروەها بەمەبەستیوەبیرهێنانەوە و زەقکردنەوەی دیاردەگەلی ناڕەسەنی وەک توندوتیژی،هەڵاواردن، نەریت و سوننەتە پیاوسالارانەکان، بارودۆخی جیاوازی کار و حەقدەست و ئازارگەلی جەستەیی و دەروونیی کە ژنان لەسەرانسەریجیهاندا ڕۆژانە لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە، ڕۆژی ٢٥ی نۆڤامبری، وەک ڕۆژێکی تایبەت بەو پرسە گرینگە دیاریکرد.
ئەمڕۆ لە ئێران و کوردستانیش بەتایبەتی لە کاتێکدا یادی ئەوڕۆژە دەکەینەوە کە ژنان لە هەلومەرجێکی نالەباری کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسیی، یاسایی و دەستوورییدا دەژین. زیاترلە ساڵێک لە دەستپێکیشۆرشی ژن ژیان ئازادی بە خەبات و پێشەنگایەتی ژنان تێپەڕیوە.شۆڕشێکی بەرینی جەماوەری کە گۆڕانکاریی بەرچاو و بنەڕەتی و گشتگیری بەدواوە بوو. گۆرانێک کە دەرهاویشتەی ڕەوتێکی ڕوولەگەشە و نوێخوازی سیاسی، کەلتوری بوو کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەستیپێکردوە و لە شۆرشی” ژن، ژیان، ئازادی” دا گەیشتە لوتکە. ژنانی کوردستان و ئێران بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بێوچان خەباتیان کردوە بەڵام ئەمجارەیان، بەرچاوتر و ڕاشکاوانەتر لە پێشوو دەرکەوتن و تەنانەت هۆکار و بنچینە و پێشەنگی ئاخێزەکەش بوون. ژنان لە قۆناغی نوێی خەباتی خۆیاندا، سەرجەم بنەما هزریی و ئیدئۆلۆژیکییەکانی سیستەمی کۆنەپارێز و پیاوسالار و دژەژنی ڕژیمیان کردە ئامانج. ئەگەرچی لەوماوەیەدا و لە پێناو ئەم خەباتەدا، دەیان و سەدان ژن گیانان بەختکردووە یانبەشێکی جەستەیان لەدەستداوە یان خود لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە ودەستبەسەرکران و دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی بەڕەوڕوو بوونەتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانە دیسانیش کۆڵیان نەداوە و بێ سڵکردنەوە و گوێدان بە یاسا و نەریت و زەبروزەنگ و هەڕەشەکانی ڕژیم درێژە بە خەباتی ڕەوا و شارستانیی خۆیان دەدەن. گوێنەدانی ژنان بە یاسا و پارێزەر و چاودێرانیحیجابی زۆرەملێ ئەرک و تێچووی زۆری خستوەتە سەرشانیان و دەیان قوربانیی گەورەی وەک ژینا و نیکا و ئەسرا و لەمدواییانەشدا ئارمیتا گراوەندی لێوەرگرتوون بەلام دیسانیش ڕژیم نەیتوانیوە دەنگیان کپ بکات و سەربزێویی و نەسرەوتووییان بنبڕ بکات.
خاڵێکی جیاواز کە ئەم ئاخێزەی وەک شۆڕشێکی ژنانە پێناسە کرد دروشمیسەرەکی شۆڕشەکە واتە ژن، ژیان، ئازادی بوو کە دواتر بوو بەمانیفێست و بەستێنی سەرەکی شۆڕشەکە، کە دەخەری هاتنەئارای گوتار و پارادایم و هاوکات مێنتالیتەیەکی نوێی پێشەنگایەتیی و ڕێبەریی ژنان بوو.
چاونەترسی و ئازایەتیی دایکانی شۆڕش، هەموو ئەوانەی جگەرگۆشەکانیان لەدەستدا، ئەمڕۆکە جێگای پیزانین و شانازیی هەمووانە. ئێستا کە زیاتر لەساڵێک بەسەر دەستپێکی شۆڕشەکدا تێپەڕیوە دەبینین کە تێپەڕینی کات و زەبروزەنگ و هەڕەشەی دەسەڵاتداران نەیتوانیوە لەسەر خەباتی ئەم دایکانە شوێندار و یەکلاکەرەوە بیت. دوایین بۆنەکانی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و بەڕێوەچوونیان سەرەڕای سەرجەم بەربەست وهەڕەشە و ڕێوشوێنە ئەمنیەکانی دەزگای سەرکوتی ڕژیم، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن. لێرەشدا ژنان پێشەنگ و فاکتۆری سەرەکی و بکەری ئەم بەرەنگاربوونەوەیەن.
بەشێک لە هۆکارەکانی توندوتیژیی و هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕەگی لە کەلتوور و داب و نەریت و ئایینەکان دایە بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ئەم دۆخە بەئەنقەست سیستماتیک و بەیاسا کراوە کە ڕێگا بۆ سەرکوت و بەکار هێنانی توندوتیژیی هەرچی زیاتر خۆش دەکات و ئاکامەکەشی ئەو هەلومەرجە سەختەی ژیانی ژنانە کە هەموومان دەیبینین. خەڵکی مافخواز و تێکۆشەری کوردستان و ئێران و بەتایبەت ژنانی وەزاڵەهاتوو بەسەرنجدان بەو ڕاستییەیە کە ئەم ڕژیمە بە سەرچاوەی سەرەکیی تۆخبوونەوەی سەرجەم نابەرابەریی و هەڵاواردن و نەگبەتییەکانی کۆمەڵگادەزانن و لەهەر دەرفەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەڵک وەردەگرن.
ژنانی کوردستان و ئێران توانییان دەنگی مافخوازانەی سەرجەم گەلان و چین و توێژە بندەستەکانی وڵات بە گوێی بیروڕای گشتیی جیهان بگەیەنن. ناو و ئاوازەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی کە ژنان کۆڵەکە و پێشەنگی بوون هەموو سنوورەکانی بەزاند و لەم ڕێگایەشەوە پرسی کورد و گەلانی بندەستی ئێرانی، لە ئاستێکی بەریندا مێدیایی و جیهانیی کردەوە. پارلەمانی وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵ و مێدیا بەناوبانگەکانی جیهانی هێنایە سەرخەت و لە سەر ئەم شۆڕشە و ویست و خواستەکانی هاتنە دەنگ و کۆماری ئیسلامیش هەر بەم بەرینییە ولەم ئاستەدا، وەک ڕژیمێکی سەرکوتگەر، کۆنەپەرست و توندئاژۆ ڕسواتر لە پێشوو دەرکەوت.
خەباتی ژنان لە ئاستی کوردستان و ئێراندا خەباتێکی فرە ڕەهەند و فرەچەشن و دژی هەرچەشنە هەڵاواردنێکە. ئەمە واتە گۆڕەپانێکی پان و بەرینی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی. ئەمەش پاڵپشتی پیاوان و سەرجەم چین و توێژە پێشکەوتنخوازەکانی کۆمەڵگای گەرەکە کە دیسانیش ئاخێزەکەی ساڵێک لەمەوبەر بەرچاوترین نموونە و ئەزموونیەتی.
ئێستا سەرەڕای سەرجەم دەستکەوتەکانی خەبات، بەلام دیسانیش تا گەیشتن بە دوائامانج کە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەرە، ڕێگایەکی دوورودرێژ لەپێشە. ئاماری لەرادەبەدەری توندوتیژی جەستەیی و دەسترێژیسێکسی و دەروونی لە ژیانی ڕاستەقینەی ڕۆژانە و دنیای مەجازیدا،هاوسەرگیریی زۆرەملی کچانی کەم تەمەن و ئاستی بەرینی دیاردەیخۆکوژی لە ناو ژنان و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی دیکە ڕۆژانەدەبیندرێن. خەبات دژی ئەم دیاردانە کە لە ژێرسێبەری ڕژیمی ئیسلامیدا بەوپەڕی خۆیان گەیشتوون ڕۆژانە و لە رێگەی زەبروزەنگ و بە دانانییاساگەلی کۆنەپرستانە و دژەژن پاڵپشتی دەکرێن، ئەرکی سەر شانینەک هەربەتەنیا ژنان، بەڵکوو هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە.
کۆمەڵە وێڕای ڕێزگرتن لە ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی تووند و تیژیی دژی ژنان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک چۆن بەدرێژایی تەمەنی زیاتر لە نیوسەدەی خۆی، پێشەنگایەتی خەباتێکی بێوچانی هەموو ڕۆژەی لەپێناو ئازادیی و بەرابەری و لەناوبردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێک کردووە و لە سەروبەندی شۆڕشی “ژن، ژیان ئازادی” شدا، بەشدارێکی سەرەکی و هاوتەریب و هاودەنگ و کاراکتەرێکی بەهێز و شوێنداری ڕەوتی ڕووداوەکان وشۆڕشکە بووە، دیسانیش لەگەڵ سەرجەم ژنانی ئازادیخواز و کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕی کۆردستان بەڵێن نوێدەکاتەوە کە شێلگیرتر لە هەمیشە لەمڕێگایەدا پاڵپشت و هاوخەباتیان بێت.
ژن، ژیان، ئازادی
نا بۆ تووندوتیژیی دژی ژنان
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣