بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٨ی سێپتامبر ڕێكەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە سێ زیندانی سیاسی كورد هاوڕێ رامین حسین پەناهی، زانیار مواردی و لوقمان مواردی، سەرەڕای هەموو هەوڵە نێو نەتەوەییەكان بۆ بەرگرتن بە بەڕیوەچوونی سزای ئیعدامیان لە سێدارە دران.
ھاوڕێ ڕامین ئەندامێكی دڵسۆز و فیداكاری كۆمەڵە بوو كە دواجار گیانی ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەكانی كۆمەڵە بەخت كرد.
لە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵی ڕابردوو كە ھاوڕێ ڕامین بە برینداری لە لایەن ھێزە سەكوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر كر ا كەمپیەنێكی گەوەرە و بەرفراوانی خەڵكی كوردستانی ڕۆژھەڵات و خەڵكی ھەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان، ئازادیخوازانی ئێرانی لە ناوخۆی ئێران و كوردستان و زۆرێك ناوەندە نێونەتەوەییەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان لە سەرتاسەری جیھان بۆ دەرباز كردنی گیانی كاك ڕامین پێك ھێنرا بەڵام، مەخابن كۆماری ئیسلامی بە بێ گوێدان بەو كەمپینە جەماوەرییە و ھاتنە سەرخەت ناوەندەكانی مافی مرۆفی جیھانی زیندانی سیاسی كورد ڕامین حسێن پەناھی لە سێدارە دا.
زانیار و لوقمان مواردی دوو چالاكی سیاسی كە بەداخەوە ئەمڕۆ ئیعدام كران زیاتر لە ١٠ ساڵە لە زینداندان و سەرەڕای هەموو هەوڵەكان بۆ بەرگرتن بە بەڕێوەچوونی ئیعدامیان بە داخوە ئەمڕۆ بە كاروانی گیانبەختكردوانی رێگای ئازادی پەیوەست بوون.
كۆمەڵە سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی هەر سێ لاوی گیانبەختكردوو، رامین و زانیار و لوقمان دەكات. هەر لێرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هاوڕێ رامین حسێن پەناهی بە تایبەتی دایك و باوكی بەڕێز و ھاوڕێیانمان كاك ئەمجەد و كاك ڕەفیق حسێن پەناھی و ھەموو كەس و كار و لە ھەموو ڕیزەكانی كۆمەڵە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی ئێرانی و جیھانی دەكەین و بەڵێن دەدەین درێژەدەری ڕێگا و ئامانجی ھاوڕێ ڕامین و ھەموو گیان بەختكردووانی كۆمەڵە بین.
ھەر لێرەشەوە ڕێز دەگرین لە ھەموو ئەو ئازادیخوانە كە لە پێناو ڕزگاركردنی گیانی ڕامین ھەموو ھەوڵی خۆیاندا و چالاكی كەمپینی دژی ئیعدام بوون لە ئێران. بێ گومان خەبات بۆ نەھێشتنی ئیعدام لە نیشانە لە پێگەیشتووی خەباتی مەدەنی و جەماوەری خەڵكی كوردستان و دەبێت بەردەوام بێت.
جارێكی دیكە وێڕای سەرەخۆشی و ھاوخەمیمان لە گەڵ بنەماڵەی ئەم سێ گیانبەختكردووە بەڵێن دەدەین لە خەبات بۆ وەیھێنانی ئامانجە بەرزەكانی كۆمەڵە و ھەموو گیان بەختكردووانیدا سوورتر لە جاران بەردەوام بین.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی