ماوەی چەند ڕۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵكی شارە سنوورییەكانی ڕۆژهەلاتی كوردستان دژی داخرانی سنوورەكان، درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە مەدەنییە لە شێوەی كۆبوونەوە لە بەر دەركی فەرمانداریی شارەكانی جوانڕۆ و بانە و مەریوان و سەقز، هەر وەها لە شێوەی ڕاخستنی سوفرەی بە تاڵ و كۆبوونەوە لە دەوری ئەو سوفرەیە خۆی نواندوە. ئەم حەرەكەتە مەدەنییانە شارەكانی سەردەشت و پیرانشاریشی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەكرێ بۆ شارەكانی دیكەش پەل بهاوێ و هەر وا درێژەی هەبێ.
ئاشكرایە كە ژیانی ژمارەیەكی زۆرلە دانیشتوانی زەحمەتكێشی شار و ناوچە سنوورییەكان لە ڕێگای كۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ژێر ناوی بەربەرەكانی لە گەڵ هاتنی كەلوپەلی قاچاغدا، سال بە ساڵ توند و تیژی و تاوان و سەختگیریی دژی كۆڵبەران زیاتر كردوە. سەرەڕای كوشتن و برینداركردنی سەدان كۆڵبەر و دەستبەسەرداگرتنی بارەكانیان ولە نێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەكخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسكورتی ئەو ناوچانەی داوە. بە تازەییش وێڕای داخستنەوەی سەر لە نوێی سنوورە كۆڵبەرییەكان، یاسا گومرگییەكانی لە زیانی هاوردەكاران و فرۆشەران گۆڕیوە و بەم جۆرە جارێكی دیكە ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵكەی خستووەتەوە مەترسی. راستییەك كە ئەوەندەی دیكە تووڕەیی و بێزاریی خەڵكی ئەو ناوچانەی لێ كەوتووەتەوە ئەوەیە كە كاربەدەستان، هیچ پڕۆژە و بەرنامەیەكی ئابوورییان بۆ ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵكە نیە كە كۆڵبەری و هێنان و فرۆشتنی كەلوپەل لە سنوورەكانیان لێ قەدەغە كردوون.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران مانگرتن و نارەزایەتیدەربڕێنی خەڵكی شارە سنوورییەكان، بە حەرەكەتێكی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بە تەواوی پشتیوانیی لێ دەكا. نیشاندانی سوفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆڕغە كە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەكخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتكێشترین بەشەكانی خەڵك بەڕێوەیان دەبا، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵكەیە
. ئێمە لە كاتێك دا سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی كۆڵنەدەرانەی مانگرتوان دەنێرین، داوا لە خەڵكی شار و ناوچەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین دەنگی خۆیان تێكەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەكانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بكەن. پاشەكشەی كاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواكانی مانگرتوان و ناڕازییان، لە گرەوەی درێژەی ئەو حەرەكەتە و پشتیوانیی خەڵكی شارەكانی دیكە لە مانگرتنی شارە سنوورییەكان دایە.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٨/٤/٢٠١٨
٢٩/١/١٣٩٧
(پێكهاتوو لە:
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
حیزبی دیموكراتی كوردستان
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان)