کاتێک لە ساڵی ١٣٤٠ ھەتاوی «عەلی ئەمینی» سەرۆکوەزیرانی پێشووی سەردەمی پەھلەوی سەردانی «خومەینی» کردبوو بۆ وەرگرتنی را و بۆچوونی لەسەر ھەلوومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەۆسای ئێران و ھۆکاری ناڕازی بوونی، ئەو چوار داواکاری دەبێت کە یەکەمینیان بە ئیسلامی کردنی زانستگەکان و وەلانانی ئەو دەرس و وانە و مامۆستا و خوێندنانەی کە لە گەڵ ئاییندا نایەنەوە.
ھەر لە سەرەتای ھاتنە سەر کاری حکومەتی ئیسلامی یەکەمین شوێنێک وا دەستیان بەسەری داگرت زانکۆ و زانستگاکان بوو، چونکا ئەوان بە سەرچاوە ئاژاوە و کیشە و ھەروەھا کانگای بەرھەم ھێنانی فەسادیان دەبینی. ھاوکاری لایەنە سیاسییەکان و پشتیوانی زۆرینەی خەڵک کە کوێرکوێرانە باوەڕیان بە خومەینی و بڕیارەکانی ھەبوو، بوو بە ھۆکاری دەرکردنی بڕیاری پێکھێنانی «ستاد انقلاب فرھنگی» کە بریتی بوون لە «علی شریعتمداری، محمد جواد باھنر، محمد مھدی ڕەبانی ئەملشی، حەسەن حەبیبی، عەبدوالکەریم سرووش, شەمسوڵڵا ئەحمەد، جەلالەدین فارسی» ئەم لێژنە سێ ئەرکی سەرەکیان ھەبوو:
یەکەم: ڕاھێنانی مامۆستا
دووھەم: ھەڵبژاردنی کەسانی شایستە بۆ مامۆستایی
سێھەم: ھەڵبژاردن و دەستەبژێرکردنەوەی خوێندکار.
دەستپێکی کاریان بە داخستنی زانستگاکان و دەرکردنی مامۆستاکان و خوێندکارەکان بوو. کەم بوون ئەوانەی لە ژێر شمشێری ئەم لێژنەیە بە سەلامەت دەر چوون.
لە مێژووی سیاسی و خەباتی نوخبەی ئێرانی لە سەردەمی «پەھلەوی» زانستگا کانگای فیکری شۆڕشگێڕانە و سەرچاوەی فیکری یەکسانیخوازی و چەپی پێشڕەو بوو و چەند سازمان و حیزبی بەناوبانگ و با نفووز لە زانستگاکانەوە راگەیەندران کە تا ئەمرۆش خاونی پێگەی سیاسی قوولن کە نموونەی زیندووی «کۆمەڵە»یە کە ئەمرۆ لە ناو کۆمەڵگای کوردستان و لە ئاستی ئێرانیشدا ناوبانگی خۆی ھەیە.
کاربەدەستانی حکومەتی ئیسلامی بە لەبەرچاو گرتنی ھەلوومەرجە ناسەقامگیرەکەی ئەوسا و کاریگەری زانستگاکان و جەوی پر لە جۆش و خرۆشی خوێندکاری ئەو بڕیارەیانەدا کە بەرھەمی زۆر کارەساتباری بۆ کۆمەڵگا و چینی نوخبەی سیاسی و فەرھەنگی ئێرانی ھەبوو، ھەزاران خوێندکار و سەدان مامۆستای لە بەر جیاوازی بیر و باوەڕ دەرکران و درگای زانستگاکان بۆ ماوەی سێ ساڵ داخران و پرۆسەی بە ئیسلامی کردنی زانکۆ و سیستمی پەروەردەی ئێران تا ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە.
سەرەڕای ھەۆڵ و پێداگیری زۆر لە سەر ئەم بۆچوونەی دەسەڵات، ھیچ کات بەتەواوی خوێندکار و زانستگا خۆی ڕادەستی فشار نەکرد و بەرھەمی زانستیان ھەبووە و زانکۆ بوو بە جیگای ھەڵگرسانی ناڕەزایەتی و دەستپێکی بزووتنەوەی دانشجویی کە نموونەی بەرچاوی بزووتنەوەی خوێندکاری سالی ١٣٧٨ ھەتاوی بوو.
لە دوای ڕاگەیاندنی «شورای انقلاب فرھنگی» لە ساڵی ١٣٥٩ تا ئەمڕۆ بە سەھمیەبەندی کردنی بەشداری زانستگا بۆ بەسیجی و پاسدار و کەسووکاریان و بێ بەشکردنی خەڵک بەتایبەت گەلانی بندەستی ئێران و لە ناویاندا کورد و دانانی مەرجی سەیر و سەمەر و ناچار کردنی خەڵک بۆ نیشاندان و قبوول کردنی فیکر و ئیدەیەک کە باوەڕیان پێ نەبێت کە نەتیجەی گێشتن بێت بە زانستگا.
دەگمەنن ئەو خوێندکارانەی کورد کە بە فیلتری گوزینشی لێژنەی بازڕەسی ئیسلامی تینەپەریبێتن و لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی ئیسلامیدا نەبووبێتن.
ھەموو ھۆلی ئەم بیرکردنەوە دواکەوتووانە بۆ دروست کردنی شێوازێکی نوێ لە عیلم و مەعریفەتی ئیسلامی بوو بۆ گۆرینی بنەمای فیکری کۆمەڵگا، بەڵام نەیتوانی. دەرئەنجامی ئەو سیاسەت و میتۆدە بە کوێنەی کۆمەڵگای ئێرانیەوە دیارە؟؟؟ زانستگا و کالیجی ئۆروپا و ئەمریکا پڕن لە کچ و کوڕی مەسئوولینی پلە بەرزی کۆماری ئیسلامی کە بە پارەی دزراوی خەڵکی برسی ئێران ئەو دەرسانە دەخوێنن وا لە ئێرانا قەدەغەیە!!!! بەڵگەی کارەساتباریتر بۆ شکستی سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی دیاردەی «فرار مغزھا»یا «ھەڵاتنی نوخبەکان»ە. لە دنیای ئەمڕۆدا سەرمایەی وڵات تەنھا نەوت و کانزا نییە بەڵکو «مرۆڤی بیرمەند و بلیمەت» لە سەروی ھەموویانەوەیە و نەبوون و یا ھەڵھاتنی بە ھیچ پێوەرێک زەرەری بە وڵات حساب ناکرێت.
دەرئەنجامی ئەم کار و بڕیارەی کۆماری ئیسلامی وەکوو ھەموو کارەکانیتری دەرئەنجامی ماڵوێرانی و مایەپووچی زۆرتر بووە بۆ خەڵک و گەنجانی دوێنێ و ئەمڕۆ و ئایەندە.
پێم باشە بە قسەیکی خامنەیی کۆتایی بەم نووسینە بینم کە ڵەگەڵ مامۆستاکانی زانستگاکان لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٨ ھەتاوی داندەنیت بە بوونی فیکری چەپ و دەڵێت؛ «ئەمڕۆ لە زانستگاکاندا جەریانی چەپی مارکسیست ھەیە و خویان دەردەخەن، ئەمە لە کاتێکدایە شۆرەوی وەک کانگای سەرەکی ئەم ئیدەیە لە ناو چووە».