یادداشتێک بە بۆنەی یەکی مەی رۆژی جیهانی کرێکار
سامان ریشەساحێب
لە ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان بە هۆی ناکارامەیی دەوڵەت ئاماری گیرودە بوون و مردن بە نەخۆشی کڕۆنا بەردەوامە. چینی کرێکار بەرکەوتەی ئابووری یەکەمن، حەقدەستیان یان رۆژانەیە یان بە شێوەی گشتی بێکار و بێ پارەن. ئەم بارودۆخە وایکردووە کە بژاردەیک هەڵبژێرن، کارکردنی زۆرەملی لە شوێنی پیس واتە تووش بوون بە ویروسی کڕۆنا و تەنانە مردن یان بێکاری و برسیەتی تا ئاستی مردن. هەوڵی زۆر ئەدەن بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەم کارەساتە دەرباز بن بەڵام نەبوونی رێکخراوی سەربەخۆ بۆ داکۆکی کردن لەم داخوازییانەیان وایکردووە خاوەن کار لە قۆناغی پێش کڕۆنا زاڵتر بێت و ئەمە بوەتە هۆی ئەوەی کرێکاران لە نێوان بازنە سەرەکی داخوازییەکانیان بمێننەوە.
ئێستاکە بە سەدان هەزار کرێکار بە هۆی ناکارامەیی حکومەت بۆ کنتڕۆڵکردنی قەیرانی کڕۆنا بێکار و یان دەرکراون. حکومەتی ئیسلامی ئێران بریار بوو بڕی پێنج ملیۆن تمەن تەرخان بکات بۆ بیمەی بێکاری. ئەمە لە کاتێکدایە بە ملیۆن کرێکار بە تایبەت کرێکارانی بیناسازی کە خاوەنی بیمە و کارفەرمای رەسمی نین شمولی ئەو بڕیارە نەبن. هەر وەها دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دەوڵەت وامی دۆ میلیۆن تمەنی بدات بەڵام ئەم شانۆیەش وەک رابردوو جێبەجێ نەکرا.
دەوڵەت و خاوەنکاران سەرەتای ساڵی 1399ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی شۆڕای باڵای کار بە بێ رەزامەندی ئەندامانی کرێکاری ئەم شۆرایە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی 99ی هەتاوی یەک ملیۆن و هەشت سەد و سی هەزار تمەن دیاری کرد کە نزیک بە یەک ملیۆن تمەن کەمترە لە لانیکەمی دیاریکردنی حەقدەستی پەسەند کراو لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی.
کومیتەی حەقدەستی شۆرای کار هەگبەی ژیانی بنەماڵەی چووار ملیۆن و نۆسەد و چل هەزار تمەن دیاری کردبوو و نرخی هەڵاوسان بە پێی ناوەندی ئاماری ئێران 34/2 و بە پێی راگەیاندنی بانکی ناوەندی 41/2 بووە. بەم پێیە حەقدەستی ساڵی 99ی هەتاوی کرێکاران تەنانەت ناتوانێ 55% تێچووەکانی ژیانی کرێکارن دابین بکات.
کۆماری ئیسلامی ئێران پێش ئەوەیکە بچێتە ژێر گوشاری گەمارۆ ئابووریەکان، بە هۆی ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی ئابووری وڵات بارودۆخێکی زۆر گونجاوی نەبوو، بە گشتی ئابوورییەکی(رانتی) و نەخۆشی هەبوو و بگرە داسەپاندنی ئەو گەمارۆ ئابووریانە و سزا گشتیەکان کۆمەڵگای ئێرانی زیاتر هەژاند، داخرانی هەزاران کارگە و کارخانە و بێکاربوونی بە هەزاران کرێکار و نائۆمێد بوون و پەرەسەندنی هەژاری ئەمانە هەموو گەورەترین ئاکامی ئەو ئابڵوقە ئابوورییانە بوون کە بە سەر ئێران داسەپێندران.
بە خوێندنەوەیک لە سەر کارنامەی دەوڵەتانی پێشووی کۆماری ئیسلامی و هەر وەها دەوڵەتی هەنوکەیی کە زۆر ئاڵۆزتر ئاراستەکانی خۆی ئەگۆڕێت، ئێمە چیدی ناتوانین ئاسۆیەکی پۆزەتیڤ لە پێوەند لە گەڵ بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگای کرێکاری و حەقدەستی بنەماڵە کرێکارییەکان رەچاو بکەین. ئێمە ناتوانین ئەو چاوڕوانییەمان لە کۆماری ئیسلامی هەبێت کە ئاماری راستەقینە لە هەمبەر دۆسیەی چینی کرێکار رابگەیێنێت. ماڤی هەڵبژاردن بە فەرمی بناسێت، مافی پێکهێنانی سەندیکا و رێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکان بە فەرمی بناسێت، هیچ رێککەوتن و تۆمار واژۆ کردنێکی کۆماری ئاخوندی ئێران ناتوانێت ئاڵوگۆڕێکی جیدی پێک بێنێت لە سەر کۆمەڵگا بە گشتی و ژیانی چینی کرێکاران بە تایبەتی تر. بۆیە کۆمەڵگای ئێران نابێت لە ژووری چاوەڕوانی بمێنێتەوە بە هۆی ئەوەیکە کارنامەی ئەم 4 دەیەی کۆماری ئیسلامی وای دەرخستووە کە ئەو چاوەڕوانییانە هەڵە و بێهودەن. دەوڵەتی روحانیش لە پێڕەوی لە هەمان سیاسەتی دەوڵەتانی پێشووتر بۆ مانەوەی حەیاتی کۆماری ئیسلامی لە پێوەند لە گەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و چالاکانی، کەرەستەیەک جگە لە سەرکوتیان نییە و ناشبێت.
دابین کردنی ئاسایش و ژیانێکی نۆڕماڵی ملیۆنھا مرۆڤ بە چەنە لێدان چارەسەر ناکرێ، دەتوانین بڵێین چەوساوەترین توێژی کۆمەڵگای ئێران چینی کرێکارە کە ئێستاکەشی لە گەڵ بێت بە ماف و حەقدەستی واقێعی خۆیان نەگەیشتوون. بەداخەوە سیاسەتە ھەڵە ئابوورییەکان و بەتایبەت لە دەوڵەتی پێشووتر واتە کابینەی ئەحمەدی نژاد و چوونەسەرەوەی کت وپڕی نرخی دراو و ھەروەھا دواکەوتنی نەدانی یارانەی بەرھەم ھێنان، پشتی بەرھەم ھێنانی لە ناوخۆی وڵاتی شکاندوە و ئەمڕکە ھەم بەرھەمھێنەران و ھەم کرێکارانیش لە ژێر گوشاردان.
دەوڵەت رۆڵێکی گرینگی ھەیە لە بەروپێشچوونی گەشەی بەرھەم و ھەروەھا دابین کردنی ئاسایشی ژیان بۆ کرێکاران. تا ئەو کاتەی دەوڵەت نەتوانێت بەستەری پێویست بۆ سەرمایەگوزاری دابین بکات و پشتیوانی لە کارخانە ئابوورییەکان بکات، کارفەرماکان توانای ئەوەیان نییە کە حەقدەستی کرێکاران دابین بکەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵس و کەوتی ناشیاوی دەوڵەت کە کرێکاران ناچار دەکات بە حەقدەستێکی نا واقێعی و گرانی و بارودۆخێکی ئابووری داڕماو تەنانەت چەند پیشەیی(چند شغلە)ش ژیانیان بەسەر بەرن. بوونی ھاندەر یان پاڵ پێوەنەر بۆ باشتر کارکردن و چوونەسەرەوەی ئاستی کاری کە دەبێتە ھۆی زۆر بوونی چۆنیەتی(کیفیت) و بەرھەمھێنان پێوەندییەکی راستەوخۆی لە گەڵ حەقدەست و ئاسایشی کرێکاران ھەیە کە بە داخەوە سەرنج دان بەم بابەتە زۆر نزم و بی ھیواکەرەوەیە.
ھێزی مرۆیی لە ھەر کۆمەڵگایەک گرینگترین سەرمایەی ئەو وڵاتە بە ئەژمار دێت بە ھۆی ئەوەیکە رۆڵێکی گرینگی لە گەشە کردن ھەیە و لە واقێدا دەتوانین بڵێن رەمزی گەشە و بەرەوپێشچوونی ھەر کۆمەڵگایەک، ھێزی کارا، پڕ کار و داھێنەرە. لەم روانگەوە لە دەیەکانی رابردوودا ھێزی مرۆیی وەکوو توخمە(عنصر)یەکی ھوشمەند و کاریگەر لە دواھاتی وڵاتەکان ناوی لێبراوە. لەم نێوەدا کرێکاران وەکوو ھێزی وەچەرخانی ئابووری، رۆڵێکی بەرچاو و تایبەتییان لەم بوارەدا ھەیە. ئەم چینە (پیش نیاز)ی گەشەی ھەر کۆمەڵگایەک بە ئەژمار دێن. کرێکار کەسێکە کە لە کارگا یان کارخانە کار دەکات و حەقدەست وەردەگرێت و کار دەکات و لە بەرامبەر کارفەرمادایە.