بابەتێك لە سەر دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكارن بۆ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی
ئەمساڵیش كۆبوونەوەكانی شۆڕای باڵای كار وەك روتینی ساڵانی پێشتر بەڕێوەدەچوو، ئەندامانی كرێكاری شۆڕاكە دەوڵەتیان بە (كڕینی كات) تاوانبار دەكرد بۆ دەرچوون لە بردنەسەرەوەی حەقدەستەكان و لەو باوەڕدان كە، دەوڵەت و حكومەت هیچ جۆرە ئیرادە، بەرنامە و پرۆگرامێكیان نەبووە بۆ هەمواكردن یان باشتر كردنی كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵگای كرێكاری.
مشتومڕەكان بۆ دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران بۆ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ٥ی رەشەممەوە دەستی پێكرد. لە حاڵێكدا ئەندامانی كرێكاری شۆڕای باڵای كار رەقەمی هەگبەی ژیان(سبد معیشت)یان 5 ملیۆن تمەن بەرئاوەرد دەكەن. جێگری وەزیری تەعاون كار و ئاسایشی كۆمەڵایەتی وتبوی كە شۆڕای باڵای كار بۆ دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەست چاوەڕێی راگەیاندنی نرخی هەوڵاسانی فەرمی لە لایەن بانكی ناوەندی كۆماری ئیسلامی دەبێت. نوێنەرانی كارفەرماكان، خاوەنكاران لە یەكەم كۆبوونەوەی شۆڕای باڵای كار خۆیان بوارد.
سەرەنجام شۆڕای باڵای كاری كۆماری ئیسلامی لە پەسەندكراوێكدا لانیكەمی حەقدەستی كرێكارانی بۆ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە رێژەی ٤٠٠هەزار تمەن زیادكردووە. بە پێی ئەم پەسەندكراوە كە رۆژی 28ی رەشەممە لە لایەن ئەندامانی ئەم شۆڕایە پەسەند كرا لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران بۆ ساڵی نوێ،یەك ملیۆن و پێنسەد و حەفدە هەزار تمەن دیاریكراوە. ساڵی پێشوو واتە ١٣٩٧ لانیكەمی حەقدەست یەك ملیۆن و دوازدە هەزار تمەن پەسەندكرابوو.
لە یاسای كاری ئێران رێژەی بردنەسەرەوەی حەقدەست بە دوو پێوەر هەڵدەسەنگێردرێت یەكمیان هەگبەی ژیانی بنەماڵە و دواتر نرخی هەڵاوسان. بە پێی ئامارە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی رێژەی كرێكاران لە ئێران 13 ملیۆن كەسن.
بە هاتنەخوارەوەی ئەرزشی پارەی میلی ئێران لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، زۆربەی شت و مەكەكان بە دووقات نرخیان بەرزتر بوەتەوە و هەگبە (سبد)ی ژیانی بنەماڵەكانی تووشی گرفت كردووە.
بانكی ناوەندی ئێران كە دەبێ هەموو مانگێك نرخی هەڵاوسان رابگەیێنێت نزیك بە چووار مانگە هیچ ئامارێكی نەداوە، ناوەندی ئامار نرخی هەڵاوسانی لە مانگی رەشەممەی ئەمساڵ لە چاو ساڵی پێشتر سەروتر لە 40% راگەیاندووە.
كومیتەی حەقدەست لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەڵێت لانیكەمی هەگبەی ژیانی بنەماڵەیەكی كرێكاری سێ تا چووار كەسی نزیك بە سێ ملیۆن و حەوت سەد و شەشت هەزار دینارە ئەمە لە كاتێكدایە كە لانیكەمی حەقدەستی كرێكارن بۆ ساڵی نوێ واتە ١٣٩٨ی هەتاوی یەك ملیۆن و پێنسەد و حەفدە هەزار تمەن دیاریكراوە.
بەپێی مادەی ٤١ی یاسای كاری ئێران دەبێت تورەكەی ژیان و گوزرەران (سبد معیشت) لە پاڵ نرخی هەڵاوسان ببنە پێوەر بۆ دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەست. مادەی ٤١ی یاسای كاری كۆماری ئیسلامیی ئێران نرخی هەڵاوسان كە لەلایەن بانكی ناوەندیی ڕادەگەێندرێو هەروەهادابینكردنی تێچووی گوزەرانی بنەماڵەی وەك دوو فاكتۆری دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەست دیاریكردووە. ڕێكخراوە كرێكارییەكانی ئێران لە ماوی ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار خوازیاری دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەست بوون بەپێی تەبسەرەی دووی مادەی ٤١ بەڵام نوێنەرانی دەوڵەت و ڕێكخراوە كارفەرماییەكان ئەم خواستەی كرێكارانیان پەسەند نەكردووە. ڕێكخراوە سەربەخۆكان و چالاكانی كرێكاری داواكارییەكانیان بۆ زیادكردنی لانیكەمی حەقدەستی بەپێی پێوەری تورەكەی ژیان و گوزەران (سبد معیشت) دیاری كردووە. تەنانەت نوێنەرانی كرێكاران لە دەوڵەت ولە شۆرای باڵای كاریش پێداگریان لە سەر بردنە سەرەوەی لانیكەمی حەقدەستەكان دووپاتكردوەتەوە.
كۆمەڵگای ئێران هۆكاری ئەو هەموو نەهامەتی و بەڵا ئابووریی و گوشارە ماڵیانەی سەر چینی كەم داهات و دەرئامەد بە ئابڵوقە ئابوورییەكانی رۆژئاوا پێناسە دەكەن و چاوەڕوانی ئەوەیان دەكرد كە ئاكامی دانووستانەكانی ئێران و رۆژئاوا بە رێككەوتنێك كۆتایی پێ بێت و ئەم هەموو ئابڵوقانەی سەر ئێران لە لایەن رۆژئاوا بە كۆتایی بگات و كردنەوەیەك لە بارودۆخی ژیانیان بێتە گۆڕێ. بەڵام لە راستیدا كێشەو گرفتی سەرەكی بارودۆخی كرێكاران لە ئێران سەرچاوە گرتوو لەو گەمارۆیانەی روژئاوا نییە بەڵكوو ناكارامەیی لە شێوی بەڕێوەبردن و سیاسەتە دژە كرێكارییەكانی كۆماری ئیسلامی هۆكاری سەرەكی لاوازی و چۆنیەتی ژیان و گوزەرانی چینی كرێكارانە و هەر رێككەوتنێكی لۆكاڵی نێوان ئێران و دونیای دەرەوە بكرێت شتێكی ئەوتۆ لە سەر ژیانی كۆمەڵگای كرێكاری و چینی كەم داهاتی ئێران ناگۆردرێت. هەتاكوو پێكهاتەی ئابووری ئێران ئەوە بێت كەدەیبینین، ناتوانین چاوەڕوانی كرانەوەیەك لە كاروباری ژیانی خەڵكی سڤیل و چینی هەژار و كەم داهات بین، هەر چەند لە ئەگەری پێكهاتنی هەر جۆر ئاڵۆگۆڕێك و لابردنی كۆمەڵێك لە ئابڵوقە ئابوورییەكانی سەر ئێران كە رەنگە راستەوخۆ كاریگەری هەبێت لە سەر بەشێك لە ئابووری ئێران و تەنانەت ژیانی كرێكارانیش، بەڵام هۆكارگەلێكی دیكە دێنە ئاراوە كە هەمیسان و بە تێپەڕبوونی كات رۆڵی زۆر پۆزەتیڤیان نابێت لە هەمبەر دۆسیەی كرێكاران.
سەندیكای كرێكارانی شیركەت واحیدی پاسەكانی تاران و دەوروبەر، سەندیكای كرێكارانی كشت و سەنعەتی نەیشەكەری حەوت تەپە، كۆمیتەی هاوئاهەنگی و گروپی بەرەی خانەنشینان بە دەركردنی راگەیاندنێكی هاوبەش (صلاحیت) یان لە شۆڕای باڵای كار بۆ دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكارانیان ژێر پرسیار بردووە و وتویانە ناوەندێك كە سەلاحیەتی دیاریكردنی حەقدەستی بۆ كرێكاران هەیەكرێكاران و نوێنەرانی هەڵبژاردەی خۆیانن تەنیا شتێك كە دەتوانین بڵێین ئەوەیە كە نوێنەرانی سەربەخۆی كرێكاران كە بۆخۆیان لایەنێكی فەرمی بابەتی (حەقدەست)ن دەبێ بتوانن دەنگی داخوازییە بەرحەق و رەواكانی كۆمەڵگای كرێكاری بن و ئیرادەی ئەوان لە بەرامبەر خاوەنكاران لە ئاستی كۆمەڵەگا رابگەیێنن.
كێشە تەنیا گەمارۆەكان نین، گەمارۆكان زیاتر بون بە بیانوویەك بۆ دەست كاربەدەستانی حكومی، گەندەڵی لە رادەبەدەری سیستیماتیك و ئابووری(رانتی) وەها ریشەیان لە كۆمەڵگا داكوتیوە كە لە ناوەوە پوچ بوونەتەوە.
ئەمساڵ لە كاتێكدا هەڵاوسان راستەقینەی شت و مەك سنووری 200% تێپەڕاندووە و بە هاتنەخوارەوەی چەند قاتی بەهای ریاڵ لە بەرامبەر دۆلار، نرخی پێداویستیە گرینگەكانی بنەماڵەكان بە شێوەی رۆژانە لە حاڵی هاتنەخوارەوەیە كە ئەمە لە حاڵێكدایە كە بە پێی هەندێك سەرچاوی فەرمی خودی حكومەتی كۆماری ئیسلامی دابین كردنی هەگبەی ژیانی بنەماڵە سەر و لە ٦ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە. دیاری كردنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران بۆ ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە مانای هێرشی دڕندانەیە بۆ سەر سفرەی بەتاڵی كۆمەڵگای كرێكاری و بنەماڵەكانیان و بەردەوام بوون لەو سیاستە دژە كرێكارییە كە كۆماری ئیسلامی بونیادی ناوە.بابەتەكە لێرە نانە بۆ خواردن و برسی نەمانی ژن و منداڵانە. كرێكارێك بە حەقدەستی مانگانە یەك ملیۆن ونیو و لانیكەمی تێچووی مانگانە لە شارێك كە زیاتر لە سێ ملیۆن لە مانگدا چۆن دەتوانێ لە ژێر بار و گوشار ئەو هەموو تێچووانە رزگار بێت. ئەم حەقدەستە ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە منداڵانیان بێ بەش دەبن لە خوێندن، بێ بەش دەبن لە دەرمان و پێداویستییە پزیشكیەكان و دەرەنجام برسی بوون و نەخۆشی و سەدان بابەتی لەم چەشنە روو بە بنەماڵەی كرێكاران.