ڕووسەكان قسەیەكیان هەیە كە دەڵێن: یان دەبێت لە دەور مێزەكە بیت یان لەسەر مێزەكەیت و دەخورێیت. دانووستانەكانی سەرۆك ئەركانی توركیا، ئەمریكا و ڕووسیا لە ئانتالیا سەبارەت بە سووریا و بێدەنگیی بەرپرسە ئێرانییەكان، دەنگۆی لابردن و كاڵبوونەوەی ڕۆڵی ئێرانی پێوە دیار بوو. ئەم بۆچوونە كە ڕووسەكان پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئێران دەبن لەو دانیشتنانەدا، زیاتر لە خولیای ئێرانییەكان دەچێت. حوزووری بەهێزی ڕووسیا لە ساحەی سووریا و ڕۆڵگێڕانی ستراتیژیكی ئەو وڵاتە لە كەوتنی حەڵەب، كە زیاتر وەكوو مامەڵەیەك لەگەڵ ئەمریكا خوێندنەوەی بۆ دەكرا، بە مەرجی كورتبوونەوەی دەستی ئێران بوو لە سووریا.
بەرنگاربوونەوەی ئێران لەگەڵ داعش، بۆ ئەمریكا گرینگییەكی ئەوتۆی نییە و لەلایەكی دیكەیشەوە وڵاتانی توركیا و عەرەبستان وەكوو پاڵپشتەكانی ئەو ڕێكخراوەیە، وەك دوژمنی سەرەكیی ئەمریكا بە حیساب نایەن. هێرشی سەربازیی توركیا بۆ سەر ناوچە كوردییەكانی سووریا لە كاتێكدا پێ دەنێتە نێو پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە (تا كاتی نووسینی ئەم بابەتە) كە ئەردوغان پێشتر جەختی كردبوویەوە كە لە دوای گرتنی عەفرین هێرش دەكاتە سەر شاری منبەج كە لە كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سووریای دێمۆكراتیك دایە (پێكهاتوو لە شەرڤانانی كورد و چەكدارانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریكا).
ڕازیكردنی ڕووسیا لە لایەن توركیاوە بۆ هێرشكردنە سەر عەفرین بەو هاسانییە نەبوو و ئێستاش هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ٨ بۆ ١٠ هەزار كەس لە هێزەكانی ی.پ.گ لەو ناوچەیە كارێكی هاسان نابێت. توركیا بە گلۆپی سەوزی ڕووسیا و ئێران تێدەكۆشێت تاكوو پانتایی ئۆپۆڕاسیۆنی قەڵغانی فورات لەنێوان سێگۆشەی (ترابلۆس-باب_عەزاز) پەرە پێبدات و هاوكات پێوەندیی نێوان كانتۆنی عەفرین لەگەڵ جەزیرە و كۆبانێ ببچڕێت. كوردەكان لەم نێوانەدا لەو مەترسییە تێگەیشتوون كە ڕووسەكان خەیانەتیان كردووە و لە جیاتی گرتنەوەی ئێدلێب بە دەستی دەسەڵاتی سووریا، دەستی توركیایان بۆ هێرشێكی بەربڵاو بۆ سەر ڕۆژاوا كراوە داناوە.
ئەوەی كە لە سونگەی پێوەندیی نێوان ئەمریكا و توركیا جێگەی ڕامانە، هەڕەشەی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر منبج لەدوای عەفرینە. ئەو شارە كە زۆربەی دانیشتوانی عەرەبن، لە ئێستادا بە دەستی هێزەكانی سووریای دێمۆكراتیكە و توركەكان لەو بڕوایەدان كە ئەمریكا سەبارەت بەم شارە درۆی لەگەڵ كردوون، چونكە بەڵێن درابوو تاكوو لەدوای گرتنەوەی ئەم شارە بەڕێوەبەرایەتییەكەی بە دەستی خەڵكی خۆجێیی بێت. بەڵام لە ئێستادا هەم منبج و هەمیش ڕەققا بە دەستی هێزەكانی ی.پ.گ یان بە واتایەكی تر دوژمنانی توركیاوەیە. لە ئەگەری هێرش بۆ سەر منبج لە لایەن توركیاوە، ئەم وڵاتە ڕاستەوخۆ خۆی لە بەرەی بەرامبەری هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا دەبینێت و ئەمە لە كاتێكدایە كە خۆیشی لە ناتۆدا هاوپەیمانی ئەمریكایە. بەوتەی ڕێكس تیلێرسۆن، بەرنگاری كردن لەگەڵ نفووزی ئێران(هاوپەیمانیی ڕووسیا) لە ناوچەكە ئەولەوییەتی دوای داعشە بۆ ئەمریكا و ئەم وڵاتە نایهەوێت سووریا بەجێبهێڵێت. لەم ڕووەوە ئەم پرسە دەبێتە كێشەیەكی سەرەكی و دووڕییانیەكی ستراتژیكی سەربازی هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ڕووسیا.
ڕووسیا سەرەتا نەیدەویست بە پاڵپشتیی تەواو لە ئۆپۆراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی توركیا بۆ سەر عەفرین، هاوپەیمانێتیی خۆی و كوردەكان بخاتە مەترسییەوە و بەبۆنەی ئەردۆغانەوە كارتی یارییەكی بەهێز لەهەمبەر ئەمریكادا بسووتێنێت بەڵام كاتێك كە دەبوا لە نێوان توركیا و كوردەكاندا دانێكیان هەڵبژێرێت، بژاردەی ئەو توركیا بوو بۆ ئەوەی پێگەی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لاواز بكات و لە بەرامبەر ستراتیژی نوێی دەوڵەتی ترامپدا بوەستێتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی باروودۆخی ئێستا، وا پێدەچێت كە هاوڕێیەتی و هاوتەریبیی تاكتیكیی توركیا و ڕووسیا، ئەم وڵاتەی لە بەرامبەر ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانیدا وەستاندووە. بێگۆمان كاردانەوەكانی ئەم ڕووداوە، بۆ ڤێلادمیر پوتین دەستكەوتێكی گەورەیە (ئەگەر تەنانەت كوردەكانی ڕۆژاوایش بكاتە قوربانی بۆ گەیشتن بەم مەبەستە). لە درێژەی ئاڵۆزییە دیپلۆماتیك و سەربازییەكانی ئەمریكا و ڕووسیا لە وڵاتانی سووریا، ئەفغانستان و پاكستان، ڕاگەیاندنەكانی ئۆرووپا و جیهان باس لەوە دەكەن كە كۆنگرەی ئەمریكا یەكەم هەنگاوەكانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی INF هەڵگرتووە. ئەم پەیمانە، ڕێكەوتنێكی دوو لایەنەی ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤییەت بوو بۆ ڕاوەستاندنی بەرهەمهێنان و دامەزراندنی مووشەكە ناوەكییە كۆتابۆرد و ناوەند بۆردەكان (لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٥٥٠٠ مایل). ئەم ڕێكەوتنە لە ڕێكەوتی ٨ی دێسەمبەری ١٩٨٧ لە نێوان ڕێیگان و گورباچۆڤدا واژۆ كراوە و بەهۆیەوە مووشەكی “پرشینگی٢” كە لە ئۆرووپا دامەزرابوو و گەورەترین خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی بە دوای خۆیدا هێنا، گوازرایەوە و بە ڕێژەیەكی بەرچاو لە ژمارەی چەكە ناوەكییەكانی ئۆرووپای كەم كردەوە.
ڕۆژنامەیەكی ئەڵمانی هوشدار ئەدات “ئێستا ئەو مەترسییە هەیە كە ئەمریكا مووشەك و چەكە دوورهاوێژە نوێكانی لە ئۆرووپا جێگر بكاتەوە. ئاڵوگۆڕی گەورە لە ڕێدایە و ئۆرووپا دەچێتە قۆناغێكی نوێی شەڕی چەكە ناوەكییەكانەوە. مووشەكە ناوەكییەكان گەورەترین هەڕەشەی دەورانی شەڕی سارد بوون و ئێستا ئەم هەڕەشە گەڕاوەتەوە” ئەم ڕۆژنامە هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی INF لەنێو ئەمریكا-ڕووسیا و كۆڵنەدانی هیچكام كە لایەنەكان بۆ داخستن و نوێكردنەوەی كێلگە ناوەكەكییەكان بە نیشانەكانی ئەم مەترسییە گەورە ناو دەبات. ئەم ڕاپۆرتانە لە كاتێكدا مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئۆرووپای لەخۆ گرتووە كە دەنگی ناڕەزایی ئەمریكا و ناتۆ لەسەر بەرنامە سەربازییەكانی ڕووسیا لە بێلاڕووس و شاری كالینینگراد بەرز بووەتەوە. واشینگتۆن و هاوپەیمانانی لەو بڕوایەدان كە ڕووسیا دەیهەوێت لە سیاسەتی ئەسبی ترۆوا سوود ببات و چەكە دوورهاوێژەكانی لە ناوچە ستراتژیكەكان جێگیر بكات و بۆ هێرش بردنە سەر وڵاتانی باڵتیك كەڵكیان لێببات. لە بەرامبەردا پێنتاگۆنیش حەوت فرۆكەی شەڕكەری جۆری ف١٥سی بردووەتە بنكەی سەربازیی خۆی لە لیتوانی و ٦٠٠ سەربازی هێزی ئاسمانی لە ناوچەی باڵتیك جێگر كردووە. ئەم ئامادەكارییە سەربازیانە لەدوای تەحریكی ڕووسیا لەلایەن ئەمریكاوە دەستی پێكرد. دەوڵەتی ترامپ لەجوابی دەركردنی كارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە سووریا، بڕیاری داخستنی هەموو ڕێكخراوە دیپلۆماتیكە سوورییەكانی لە واشینگتۆن و نیۆیۆرك و سانفرانسیسكۆ دەركرد. مۆسكۆ ئەم بڕیارەی ئیدانە كرد و ڕایگەیاند كە بەپێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەكان، اف بی ای دەستی داوەتە پشكنینی كۆنسوولگەریی سووریا لە وڵاتەكەی.
ئاڵۆزییە مەترسیدارەكانی نێوان دوو زلهێزی جیهانی بە بەكگراوندی پێكدادانە ناوچەییەكان ڕۆژلەدوای ڕۆژ ڕوو لە هەڵكشانە. بە تایبەت لە دوورگەی كوریا كە پۆتین هۆشداریی دایە ئەمریكا كە كێشەكانی ئەو وڵاتە و كۆریای باكوور، هاوسەنگیی ناوچەكەی خستووتە مەترسی و بەردەوامبوونی، تووندوتیژیی زیاتر و بەربڵاویی لێدەكەوێتەوە.
لە درێژەدا، ماوەیەكی پێش بەڵگەیەكی نهێنی و مەحرەمانەی ناتۆ ئاشكرا بوو كە ٣٩ پێشنیاری بۆ بەرنگاربوونەوەی ڕووسیا لەخۆ دەگرت. بە وتەی دیپلۆماتەكان لەدواییدا سەبارەت بەم بابەتانە بڕیار دەدرێت. ئەم بەڵگەیە كۆكراوەی كۆمەڵێك لە كۆی بژاردەكان بوو كە لە سێ دەستەی “مومكین”، “بۆ ئێستا نابێت” و “پێشنیار ناكرێت” دابەش كراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەكانی ئۆرووپا تەنانەت بژاردە مومكینەكانیش لەوانەیە دۆخەكە لەمەی ئێستا ئاڵۆزتر بكات. پێشنیارە باسكراوەكان پێكهاتووە لە چەندین شێواز و مێتۆد كە وەك نموونە: زۆركردنی ژمارەی فڕینی بۆمبهاوێژەكانی ب٥٢ و ب٢ لە ئەمریكاوە بۆ ئۆرووپا، پەرەدان بە سیستەمە هۆشداردەرە خێراكان، سیستمی دژەمووشەكی و ژێردەریایی، بەهێزكردن و نۆژەنكردنەوەی پێكهاتە و ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەكان لە ئەگەری هێرشدا. بەرزبوونەوەی ئاستی ئامادەیی بۆ بەرنگاری لەگەڵ هێرشی ناوەكی لە بەشی هەنگاوە مومكینەكاندا سازمان دراوە. بەڵام دوو پێشنیار لەم بەڵگەدا جێگەی ڕامان و بزوێنەرە یەكەم، پەرەپێدانی مەبەستداری چەكە ناوەكییەكان و ناسین و دیاریكردنی ئەو ئامانجانە كە دەتوانن بپێكرێن دووهەم، بەرزبوونەوەی ئاستی ئامادەیی عەمەلییاتی لەو بنكانەی كە توانای هاوێشتنی بۆمبی ناوەكییان تێدایە. ئەگەرچی ناتۆ لەم دوو بوارەدا جەختی كردووەتەوە كە دەبێت بە وریایی و ئێحتیاتەوە هەنگاو بنرێت. پشتڕاست كردنەوەی ئامانجەكان بەواتای داڕشتنی پلان و بەرنامە بۆ هێرشی ئەتۆمییە كە ئەم هەنگاوە، ئەو وزە و توانای تێدایە بەخێرایی ببێتە شەڕێكی بەربڵاوی ناوەكی لە ئاستی جیهانیدا كە بۆ مەوجوودییەتی مرۆڤ و گیانداران هەڕەشەیەكی جیددییە.
میدیاكانی ئۆرووپایی نووسیویانە لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی INF ئەو بژاردانەی كە ئێستا لە دەستەی “بۆ ئێستا نابێت” دەباتە خانووی “موومكین”ەوە. كردارگەلێك لە نموونەی بەرهەمهێنان، تاقیكردنەوە و دامەزراندنی نەسڵی نوێی مووشەكەكان، دوو زلهێزی جیهانی دەباتەوە سەردەمی شەڕێكی سارد لە جلوبەرگێكی نوێدا. ئێمە لە سەرەتای دەستپێكی شەڕی ساردی دووهەمدا ڕاوەستاوین و هەموو ئەو ڕێكەوتنانەی كە لەنێوان ڕێیگان و گۆرباچۆف واژۆ كرابوون لە بەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدان. ئەگەری ئەوە هەیە هەمیسان ئۆرووپا ببێتە ناوەندێك بۆ پەروەردە و دامەزراندن و تاقیكردنەوەی چەكە ناوەكییەكان. ترامپ و دەوڵەتەكەی دەیانهەوێت یاسای زلهێزەكان جێگرەوەی دەسەڵاتی یاسا بكەن، كە ئەمەش لەخۆیدا بەواتای مەترسی و هەڕەشەیەكی جیهانییە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی.
لە كۆتاییدا، جێگەی باسە ئەو قەیرانەی ئێستای سووریا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە شەڕێكی ساردی دیكە لە نێوان ئەمریكا و ڕووسیا دەستی پێكردوە. بەردەوام ئەم دوو وڵاتە یان لە ئاشتییەكی سارد بوون یان لە ئەنجامی شەڕێكی سارددا جیهانیان بەسەر دوو بەرەدا دابەشكردووە. لەوەها قۆناغ و بارودۆخێكدا پارادایمەكانی هاوسەنگیی جیهانی دەگوڕدرێت و براوەكان سنوور و یاسای نوێ دیاری دەكەن. بێگومان لەداهاتوودا كاریگەرییەكانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر لە هەموو شوێن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئێران و كوردستاندا خۆی دەنوێنێت.