وەك سوننەتێكی بیركردنەوەی لێهاتووە كە هەركات بمانەوێت لە دۆخی سیاسیی ئێران بدوێین، سەرەتا دەبێت فاكتەری دۆخی ئەمریكا و كێشە فرەڕەهەندكان و پلانە ناسراو و نەناسراوەكانی بێنینە بەرچاو. فاكتۆرەكانی نێو نەخشەی سیاسیی ئێران و بابەتە پێوەندیدارەكانی لە سەردەمی سەرۆككۆماریی ئۆبامادا لە ئەمریكا، بە شوێن ئەو هەڵبژاردنەدا كە ترامپی جەنجاڵیی كردە سەرۆككۆمار جێگۆركەیان كردووە. بۆیە سەرەتای هەر خوێندنەوەیەك لەسەر ئێران بە ناچار لە گۆشەنیگای دۆخی هەنوكەیی ئەمریكاوە دەستپێدەكات. فاكتۆری كەسایەتیی دۆناڵد ترامپ و جیهانە پڕحاشییە و جەنجاڵییەكەی و ڕۆڵی شەخس و سەلیقەكانی كە هەموو كات لە ڕووداوەكاندا كارتێكەریی دەبێت، بێگومان جێگای لێ وردبوونەوەیە بەڵام ناتوانێ گشتێتیی باسەكە بێت و نابێت لایەنەكانی دیكەی هەڵوێستی ڕاستەقینەی ئەمریكامان سەبارەت بە ئێران لەبەرچاو ون بكات. بیرمان نەچێت كە ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران پاش شۆڕشی 1979 بە سەردەمی جۆراوجۆردا هاتووە و سیمای جۆراوجۆری تووڕە و تووندڕەو و هێدیتر و مامناوەندتر لە هەردولا، لەو بڕگانەدا هەڵوێست و ڕەفتاری جیاوازیان پیشانداوە. نزیكبوونەوە و دوركەوتنەوەی زۆر لە نێوان ئێران و ئەمریكادا هاتووەتە ئاراوە و تەنانەت هەر لە سەرەتاكانیشەوە وتووێژ و چاوپێكەوتنی شاراوە بگرە هەتا تووڕەبونی دوولایەنە و ئەگەری شەڕی چەكداری ئەزموون كراون لەو مێژووەدا. زۆر جار هەبووە كە لە گەرمەی قووڵبوونەوەی كێشەی ئەمریكا و ئێراندا و كاتێك وادیار بووە كە ڕێگاچارە نەماوە، وتووێژی و نێونجیكاری و سازانی ڕانەگەیاندراو و نەنووسراو ڕوویداوە.یان لە كاتێكدا كە ئەگەری هێدی بوونەوەی كێشەكان لە ئارادا بووە، ڕووداوێكی دەرەكی و چاوەڕواننەكراو، ئەو دولایەنەی بردووەتەوە سەر ترۆپكی جەمسەرەكانی خۆیان لە كێشەكاندا و تێكچوونەتەوە. بۆیە ناتوانین تەنیا لە ڕێگای هەواڵ و لێدوانەكانی ئەم دوو لایەنەوە دیدگایەكی ڕۆشن سەبارەت بە ئەگەرەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران وەرگرین. بەڵام ئەو ماتریاڵە واقعییانەی كە لەسەر هەردوولا دەیزانین دەتوانن فاكتەری زیندووتر بن بۆ ئێمە كە تێگەیشتنی خۆمان لەسەر وەزعەكە باس بكەین.
سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكای سەردەمی ترامپ بە هیچ شێوەیەك سیاسەتێكی شەخسی و سەرچاوەگرتوو لە ویست و حەزەكانی تاكی ترامپ وەك دیاردەیەكی جیاواز نییە. سیاسەتی دەرەكیی ئەمریكا و لەوانەش سیاسەتیان بە نیسبەت ئێرانەوە سەرچاوەی لەو ویستانەدایە كە دەنگدەری ئەمریكایی دەیویست. هەروەك دەنگدەری ئەمریكایی لە سەردەمی پێش ئۆبامادا بێزاریی لە جەنگ دەنواند و ماندوو بوو لەو وەزعەی هەموو ڕۆژێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە جەنازەی سەربازیان بۆ بچێتەوە و میدیا و ئامارەكان باسی تێچوی جەنگ و زەرەر و گران بوون و ناپێویستبوونی ئەو جەنگەیان وەك بابەتی سەرەكی دەهێنا و دەبرد. فەزای ئەو كاتی ئەمریكا و ڕای گشتی لە هەنگاوی یەكەمدا زاڵەی لەو بابەتە بوو بۆیە بانگەشەكانی ئۆباما و دێمۆكراتەكان بۆ كشانەوە لە عێراق و كەمكردنەوەی هێز لە ئەفغانستان و بەشدارینەكردنی ڕاستەوخۆ لە شەڕدا گوێگری هەبوو، بوو بە داوا و بوو بە بەڵێن و ئۆباماش دەنگی لێ وەرگرت و هەتا ڕادەیەكی زۆر بەڵێنەكانیشی بردە سەر. مەبەست ئەوەیە بڵێین ئەو ڕەفتارانەی ئۆباما هەم بە نیسبەت ئێران و هەم بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقەوە كردی ڕەفتاری شەخسی ئۆباما نەبوون بەڵكوو پێش ئەوەی پێوەندیی بە كەسایەتیی هێدیی ئۆباماوە هەبێت ڕیشەی لە ویستی دەنگدەرانێكدا هەبوو كە دەنگیان بە وەدیهاتنی ئەو چاوەڕوانیانە دابوو. هەڵسەنگاندنی ئۆباما و سەردەمەكەی لێرەدا بابەتی قسەی ئێمە نییە بەڵكوو وەك نموونە و گەڕانەوە بۆ پاشخانی نزیكی وەزعی ئێستای ئەمریكا و ڕەفتاری ترامپ دەرحەق بە ئێران و باقیی شتەكان دەبوو ئیشارەتی پێ بدەین. ئۆباما سەركەوتو بوو لە بەجێگەیاندنی كۆمەڵێك چاوەڕوانیدا بەڵام هاوكاتیش كۆمەڵێك كاری ناتەواوی ئەنجام دابوو لەوانە پرسی گرێبەستێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ ئێران.
لاوازیی ئەمریكا لە كێشەكانی دەرەوەدا و لە بەرامبەر وڵاتە جۆراوجۆرەكاندا ببوە مایەی باس و خواسی كۆمەڵگە ڕۆشنبیری و میدییاییەكان و لەوانە بازنەكانی دەسەڵات كە تەحەموولی ئەوە ناكەن ئەمریكا لە بوارێكدا ژمارەی دووهەم بێت. ئەم بابەتە كە لە فۆرمەتە میدییاییەكەیدا پێی دەوترێت بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە لای دەنگدەری ئەمریكایی و ڕای گشتیدا پرۆسەیەكی پرۆپاگاندای بۆ ئەنجام درابوو بە تایبەت لە لایەن كۆماریخوازەكانەوە. بۆیە، هەم بوون بە گوتار و هەمیش ترامپ بە كەڵكوەرگرتن لە تاكتیكی تەبلیغاتیی سەیر و سەمڕە توانیی ببێتە كەسێك كە دەنگدەرە ئەمریكاییەكان خواستەكانی خۆیان پێ سپارد. ئیدارەی ئەمریكا لەم دەورەیەدا بە سەرۆكایەتیی ترامپ پەكێجێكی لە سیاسەتی ئابووریییداخراوتر لە ناوخۆدا و دەستدانان لەسەر كۆمەڵێك گرفتی هەڵپەسێردراوی دەرەكی كە ئەگەر بە یەكجاریش چارەسەر نەكرابێتن لانیكەم واپیشاندراوە كە لە جاران جیددیتر هەڵوێستەیان لەسەر كراوە. بۆ نموونە قۆڵ هەڵماڵین لە كۆرەی باكوور و بەرەو كۆتاییبردنی ئەو مەترسییە دێرینە بۆ سەر بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و ئەمریكا، بەرچاوە. سەپاندنی گومروكاتی زۆر بە سەر هاوردەكانی چین و تەنانەت ئۆرووپادا لە بەرژەوەندیی ئابووری ئەمریكا و پیشاندانی دەسەڵاتی ڕەهای ئابووریی نێودەوڵەتی ئەمریكادا خوێندنەوەی گرنگی بۆ دەكرێت لەو كۆمەڵگایەدا. پاشەكشێكردن بە ڕژیمی توركیە كە پێدەچوو ئیتر لە ڕبەڕووبونەوە لەگەڵ ڕۆژاوادا بە هۆی كارتی كۆچبەرانەوە دەستی باڵا و ڕەهای گرتبێت هەمیسان كریدیتی بۆ ئەمریكا پێوە بوو. واداركردنی ئۆرووپا بەوە كە لە دابینكردنی بەشە بوودجەی ناتۆدا ئەرك لە ئەستۆ بگرن و بڕیارەكانی دیكە هەموویان ئەو شتانە بوون كە ترامپ و دەزگای كۆماریییەكان بە كەڵك وەرگرتن لە چەكی ئابووری كردیان. ئەمریكا لەم دەورەیەدا بۆ ئەم بابەتانە كەمترین جووڵەی سەربازی و هەڕەشەی سەربازیی كردووە. ئەگەر سەرنج بدەین هەتا ئێستا بەشی هەرەزۆری بڕیارەكانی ترامپ لە سیاسەتی دەرەكیدا بە چەكی ئابووری و هەڕەشەی ئابووری ئەنجامی گرتووە ئەویش بەو هۆیە كە سەیتەرەی هەیە بەسەر زۆربەی جومگەكانی بازاڕە نێو دەوڵەتییەكاندا.
بەم پێیە، شێوازەكانی ئیدارەی ترامپ بە پێچەوانەی دووكەڵی جەنجاڵ و حاشییەكانی، بە هیچ شێوە گرژتر نییە لە سەردەمی ئۆباما. ئەمە هاوكات پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە گشتییەیە كە گۆیا ئەگەری هەیە كە ترامپ نیوەشەوێك خەبەری بێتەوە و فەرمانی هێرش بۆ وڵاتێك یان بۆ ئێران دەربكات. ئەو كرێدیتانەدا كە ئیدارەی سەردەمی ترامپ لە پرسی كۆرەی باكوور و خاڵەكانی دیكەدا وەدەستی هێناوە تەكمیل نابن و بەڵێنەكان بە دەنگدەری ئەمریكایی ناتەواو دەمێننەوە هەتا پرسی ئێرانیش “گۆڕانكاری”یەكی بەسەردا نەیەت. شەرت نییە ئەو گۆڕانكارییە لێدان و ڕووخاندنی ئێران بێت بەڵام هەرچی بێت دەبێت گرێبەست یان بەرتەسككردنەوەیەكی وەها بێت كە بۆ نواندن بشێت لە لای ڕای گشتیی ئەمریكا و جیاواز بێت لەگەڵ ڕێكەوتنە ئەتۆمییەكەی پێنج زێدە یەك و ئێران. ئەم خاڵە ڕێك ئەو خاڵەیە كە تێیدا مانای گۆڕانكاری لە ئێران لە دیدگای ئەمریكا و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە گشتی جیاوازییان لە بەیندایە. ئەمریكا لێرەدا مەبەستی لە گۆڕانكاری لە ئێران دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ئێران و پەلبەستكردنێكی سیاسی و ناتواناكردنی بێت لە بەرزەفڕیی ناوچەییدا. لە هەمان كاتدا دەتوانێت تەعبیری شەقامی سیاسی لێرەدا سەبارەت بە گۆڕانكاری ئەوە بێت كە ئەمریكا هەتا داڕماندنی كۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت. لە ڕاستیدا لێرەدایە كە دەبێت تەشخیسی ڕادە و بڕشتی ئەمریكا بە نیسبەت ئێران و هەروەها مێكانیزمەكانی كار بۆ كردنیان بە نیسبەت ئێرانەوە پێناسە بكەن و بەرچاومان لە بارەیەوە ڕوون بێت.
هەروەك لە سەرەوە باس كرا شێوازەكانی ئەمریكای سەردەمی ترامپ و ئۆباما لە بابەتی دەستبردن بۆ شەڕەوە گۆڕانكارییەكی تێدا بەدینەكراوە و تەنانەت ترامپ بە نیوەی ئۆباماش خۆی لە شەڕ نەداوە. باسمان كرد كە ترامپ چەكی ئابووریی بۆ مەبەستە دەرەكییەكان و گوشار بۆ وڵات و لایەنە جۆراوجۆرەكان بە كارهێناوە. بۆ وێنە بە چەكی ئابووری وڵاتی چینی هانداوە كە لە پرسی كورەی باكووردا ڕۆڵ ببینێت. جا دەربارەی ئێرانیش هەمان بەرزكردنەوەی چەكی ئابووری هەتا ئێستا و سەبارەت بە ئێرانیش ڕوویداوە. ئەمریكا لە سورییە و یەمەن و بە شێوەی سەربازی ڕووبەڕووی ئێران نەبووەتەوە، بەڵكوو جارێكی دیكە بە دەستبردن بۆ بەرتەسككردنەوەی هەناسە ئابوورییەكانی ئێران، بەڵام جیاوازتر لە سەردەمی ئۆباما كاری كردووە. هێشتا ئەمریكا دەستی بۆ ڕێكخستنی هیچ ئاڵترناتیڤێكی جیددی لە دژی ئێران نەبردووە. بەڵكوو تەنانەت سیما ڕادیكاڵ و دژە ئێرانەكانی كۆمارییەكانیش هەر پێ لە سەر فەلەجكردنی ئابووری دادەگرن. پێش ئەوەی بچینە سەر تاكتیكەكانی ئەمریكا بۆ فەلەجكردنی ئێران پێویستە باسێكی پێوەندیداری دیكەش بە كورتی لە بەرچاو بگرین.
هەر لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەوە كە ڕۆژاواییەكان دێنە ئێران بە تایبەت لە پاش داگیركرانی ئێران لە لایەن هەر دوو سوپای ڕووسیە و ئینگلیزەوە، هێدی هێدی و پاش شەڕی جیهانیی دووهەم بە تایبەتی ڕۆڵی ئەمریكا لە سیاسەتی ئێراندا دەست پێدەكات. بە پێچەوانەی ئۆرووپاییەكان و لەوانە بریتانیا، هەرگیز نیگای ئەمریكاییەكان سەبارەت بە ئێران نیگایەكی بەرژەوەندیی ئابووری نەبووە. ئەمریكاییەكان لەسەر بنەمای قازانجی ژێۆستراتێژك دەڕواننە ئێران و پرسە پێوەندیدارەكانی. بۆیە، كاتێك باسی پلانی ئابووریی ئەمریكا لە دژی ئێران دەكەین بێگومان مەبەست ئەوەیە كە ئەمریكا بەو شێوەیە كار دەكات كە لە ڕێگای لاوازكردنی ئابوورییەوە بابەتی كۆنتڕۆڵی ئێران بە سەر ناوچەكەدا بخاتە پاشەكشێوە نەوەك قازانجی ڕاستەوخۆی ئابووری یان ئیمتیازی ڕاستەوخۆی ئابووری لێبستێنێت. نیگای ئۆرووپاییەكان بە شێوازێكی دیكەیە ئەویش بەم شێوە كە ئۆرووپاییەكان زۆر فوكووس ناكەنە سەر ڕۆڵی پاوانخوازانەی ئێران لە ژیۆپۆلێتیكی ناوچەكەدا بەڵكوو هەم بە ئایدیا پێیان وایە كە ئێران بە پێوەندیی ئابووری دەخەنە ناو گەمە نێودوڵەتییەكان و سەركەشی و چەموشییەكانی هێور دەكەنەوە، هەمیش بە ڕاستی ئێران بە بازاڕێكی باش و سەرچاوەی نەوت و وزەی هەرزان دەزانن.
كاردانەوە سایكۆلۆژیكەكانی بڕیاری گەمارۆكان و بەتایبەت پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریكا لە ڕێكەوتنی ئەتۆمی، چووە پاڵ ئەو حاڵەتە كە ناڕەزایی خەڵك لە باری شپرزی ئابوورییە. هەڵكشانی خێرای نرخەكان و ناكارامەبوونی دەسەڵات لە ئێران بۆ دابینكردنی ئابووری و گوزەرانێكی بە دوور لە تۆفانە سایكۆلۆژیكەكان، گەندەڵیی ئاشكرا و مافخۆری و نەداری كە بەربینگی چین و توێژەكانی كۆمەڵگای ئێرانی گرتووە، لەلوە حاڵەتی چەندین بزووتنەوە و خۆدەرخستنی كۆمەڵایەتی و سینفی بەریندا بە ماوەیەكی كورت و بە سیكلی خێراتر لە جاران لە شارەكانی ئێران هاتە ئاراوە. بە گشتی كاردانەوەی شەڕە ئابوورییە ڕاگەیاندراوەكەی ئەمریكا لە دژی ئێران زۆر بە خێرایی خۆی لە فەزای ناڕەزاییەكانی ئێرانیشدا نواند. بۆیە بە پێچەوانەی خۆدەرخستنەكانی دەسەڵاتدارانی ئێران، گوشارێكی بێوێنە و مەترسی لە دەستدەرچونی دۆخەكە كەوتە ناو بازنەی دەسەڵاتی ئێرانەوە. كۆماری ئیسلامی هەرگیز بە ئەندازە ئەم ماوەیە هەستی بەو مەترسییە نەكردبوو كە ئەگەری هەیە بە یەكجاری شیرازەی كۆنتڕۆڵی خۆی لە دەست دەربچێت بۆیە بە پەنابردن بۆ سەرچاوەی ئەو ئەرزانەی كە كۆی كردونەتەوە لە داهاتی گشتی و نەوت، هاتە مەیدانی ئەو شەڕە ئابوورییە كە ئەمریكا ستارتی دەورە تازەكەی لێدا. هەروەها ئێران بە بانگەوازی هەرزانفرۆشكردنی ئیمتیازەكانی خۆی لە پێناو مانەوە لە سیستمی ئابووریی جیهاندا باجێكی زۆری بە ڕووسییە داوە بۆ دەربازبوون لەو شەڕە كە مەترسیی تەریككەوتنەوەی ئێرانە لە پێوەندی لەگەڵ ئابووریی دنیادا. كۆماری ئیسلامی بۆ ماوەیەكی كورت و بە كەڵكوەرگرتن لە زۆر و ئیمكاناتی سەركوت دەستی بەسەر چەند بازاڕێكی ناوخۆییدا گرتەوە بەڵام هەمیسان بە تێچوی زۆر، ئەمە ئەو خاڵەیە كە بابەتی جێی ئامانجی ئەمریكایە. واتە ناچاركردنی ئێران بەوە كە پاشكەوتەكانی لە ئەرزی دەرەكیدا خەرج بكات بۆ ڕاگرتنی باڵانیسێكی عەیبدار و لەرزۆكی ئابووری. ئەمە ڕێك هەمان حاڵەتە كە لە سەردەمی جەنگی سارددا جیهانی ڕۆژاوا بە سەركردایەتیی ئەمریكا لە پڕۆژەی شەڕێكی خاوی ئابووریدا، هێدی هێدی خەرجی زەبەلاحی بە یەكێتیی سۆڤییەت كرد. سەبارەت بە ئێرانیش ئامانجەكە لە نیهایەتدا ئیفلیجی ئابوورییە هەتا لەو ڕێگایەوە بكەوێتە گوشاری داخوازییە ناوخۆییەكان و بە هەمان تەرتیبیش ناچار بێت پەلوپۆی دەرەكیی خۆی كۆكاتەوە و بگەڕێتەوە قاوخی سنوورەكانی. لە درێژەی ئەو پلانەدایە كە ناڕەزاییە جەماوەری و سینفییەكانی ناو ئێرانیش هاوكات دەگەنە خاڵی ئەنجام. مەبەست لە خاڵی ئەنجام ئەو كاتەیە كە دەسەڵاتی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی شەڕە ئابوورییەكەی ئەمریكا تەنانەت خەزێنەیەكی وەهاشی نەمابێت كە ئەو باڵانسە لاوازە ئابوورییە ڕابگرێت. بزووتنەوەكان پاش تێپەڕكردنی تەمەنی گەشەی خۆیان وەڵامی شیاو وەرنەگرنەوە، ئیرادەیەكی جیددی لە ئارادا نەبێت بۆ دابینكردنی پێویستییە هەمەلایەنەكانی خەڵك و چاوەڕوانییەكانیان. لەو خاڵەدایە كە بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان تووشی بەخۆداشكانەوە و ناهومێدییەكی مانادار و فەلسەفی سەبارەت بە خۆیان دەبن و ئەم بەخۆداشكانەوەیە كە ڕادیكالیزەبوونەكان بە دوای خۆیدا دهێنێت. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە كە بوترێت ئەم بابەتە واتە ڕادیكالیزەبوونی جەماوەر لە ئێران ئامانجی ئەمریكایە. چونكە پێدەچێت ئەمریكا لە میانەی پرۆسەی شەڕە ئابوورییەكەیدا لەگەڵ ئێران، لە وتووێژ یان لە هەر حاڵەتێكی دیكەدا ئیمتیازی گەورە لە ئێران بستێنێت و گوشارەكانی ڕاوەستێنێت.
ئەمریكا ئامانجی تەسلیمكردنی ئێران و ناردنەوەیەتی بۆ ناو سنوورەكانی. تەنیا لێرەدا مەبەست ئەوەیە كە بوترێت كە چۆن ئەگەری ڕادیكاڵیزەبوونەوەی بزووتنەوەكانی ناو ئێران هەیە. ئەگەری دووهەم بۆ ئەوەی ئەو بزووتنەوانە تێیدا ڕادیكاڵ ببنەوە ئەوەیە كە ئاڵترناتیڤی كۆماری ئیسلامی بۆ ڕای گشتی سەلمێنراو بێت. خەڵكی ئێران لە نەبوونی ئەو ئاڵترناتیڤەدایە ناوێرن مەیلی شۆڕشێكی یەكجاری دژی كۆماری ئیسلامی بكەن. كۆماری ئیسلامیش ئەم بابەتە باش دەزانێت بۆیە زۆر منەتی بە بزووتنەوەكان نییە و هەتا ئێستا وەك سەرئێشەی كاتی دەیانبینێت، باش دەزانێ ئەو بزووتنەوانە بڕیاری ڕووخاندنیان لەم قۆناغەدا نەداوە و لە ڕاستیدا مەترسیی بۆشاییەكی بێوێنەی سیاسی ئەمنییەتییە كە وەك نادیاربوونی ئاسۆ، ڕێگرە لە بابەتی ڕادیكاڵیزەبوونەوە. هەر لەم پێوەندییەدایە كە دەتوانین بڵێین سازكردنی ئاڵترناتیڤێكی واقیعی ئەو كارە قورس و ئەساسییەیە كە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەی ئێران دەبێت بە مەبەستی ڕادیكاڵكردنی ڕەفتاری سیاسیی ناڕازییەكانی ئێران ئەنجامی بدات. نەبوونی ئاڵترناتیڤێكی سازماندراو، بڕواپێكراوی خەڵكی، پتەو و شۆڕشگێڕە كە خەڵكی ئێرانی كردووەتە بارمتە لای كۆماری ئیسلامی. ڕێگرەكانی سازبوونی ئەم ئاڵترناتیڤە بۆ گەلێك هۆكاری ورد و درشت دەگەڕێتەوە. سەرەكیترینیان هەمان نەبوونی مەنفەزی سیاسیە لە ژێر هەژمۆنی دەزگای سەركوتی ئێراندا. بەڵام ئەگەری كۆتایی ئەوەیە كە ئەگەر گوشاری شەڕە ئابوورییەكەی ئەمریكا هەر بەم خێراییەی ئێستای خۆی بەردەوام بێت و بگاتە ئەو كاتەی كە كۆماری ئیسلامی تەنانەت بە دانی ئیمتیاز و خەرجكردنی پارە تایبەتەكانی خۆشی نەتوانێت ئابوورییە نەخۆشەكەی زیندو ڕابگرێت، ئەوە بزوتنەوەكان بەبێ پێویستبوونی ئەو ئاڵترناتیڤە كە باسمان كرد، هەنگاو بەرەو ڕادیكاڵبوونەوەی خێرا دەنێن و خۆیان ئەو قۆناغەش بە شێوەی خۆڕسك پەرەپێدەدەن و خۆیان ئاڵترناتیڤێكی ڕادیكاڵ بەدیدەهێنن.