دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری ئەمریكا دۆناڵد ترامپ به فەرمی ڕایگەیاند كه وڵاتەكەی له بەرجام دەچێتەدەر، شاهیدی كاردانەوەكان له لایەن ڕژیمی ئێران و وڵاتانی جۆراوجۆر و تەنانەت خەڵكی ئێرانیش بووین كه پێویست ناكا وەبیر خوێنەری بێنمەوه. بەڵام بەر له چوونەدەری ئەمریكا له بەرجام، ڕژیمی ئێران له ڕێگای جۆراوجۆرەوه بەتایبەت وڵاتانی ئۆرووپاوه بۆ پێشگرتنی ئەمریكا له چوونەدەری له بەرجام كەوته خۆ. هەوڵه دیپلۆماسی و لۆبییەكانی ئێران بۆیان نەچووه سەر. سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری خۆیدا و جا ئەوجار ڕووی ڕاستەقینەی وڵاتانی ئۆرووپا دەركەوت. وڵاتانی فەڕانسه و بریتانیا و ئاڵمان یا بڵێین یەكێتیی ئۆرووپا هەڵوێستیان له دژی گرت و كەوتنه لۆمەی ترامپ و لاواندنەوەی دیكتاتۆرە پیر و خوێنڕێژەكەی ئێران.
ئەو ئۆرووپایەی كه خۆی به یەكەم پارێزەری بێڕكابەری “سیكۆلاریزم”، “دێمۆكراسی”، “ئازادی”، “ڕۆشنگەری”، “مافی مرۆڤ”، “مافی ژن”، “مافی منداڵ”، “مافی ئاژەڵ” و “ژینگه” دەزانێ و گۆیا “دژی تیرۆریزمە”، بووەته پارێزەر و خەمخۆر و دڵسۆزی حكوومەتی ئیسلامیی تووندئاژۆی شیعە كه دژی ئازادی و دێمۆكراسی و مافی مرۆڤه و ڕێبەری ڕژیمی ئێران خۆێ دەڵێ ئەوانه لەگەڵ دینی ئیسلام و حكوومەتی ئیسلامیی ئێران ناتەبان. یەكێتیی ئۆرووپا بووەته پارێزەری حكوومەتێك كه به تیرۆریست و تیرۆیستپەروەر و دژە ژن و پێشێلكاری مافی مرۆڤ و دژی مافی منداڵ ناسراوه و هەموو ڕۆژێ و به بەردەوامی و بهپێی یاسا له لایەن ڕژیم و یاساكانی و دامودەزگا و هێزە سەركوتگەرەكانییەوه تووندوتیژی له دژی ژنان دەكرێ، ئێعدامەكان بەڕێوەدەچن، مافی مرۆڤ پێشێل دەكرێ و منداڵان له خوێندن بێبەش دەكرێن و له بازاڕی كاردا دەچەوسێنەوه. یەكێتیی ئۆرووپا بووەته پارێزەر و خەمخۆری ڕژیمێك كه دژی ژینگە و ئاژەڵه و كوشتاری سەگ و ئەسپ و باقی گیانداران و ئاگردان و بڕینی دارستان و وشككردنی كانی و چۆماوەكان له لایەن ئەم ڕژیمه و دەسەڵاتدارانەوه وەك ئەمرێكی ئاسایی چاوی لێدەكرێ.
ئەم ڕۆژانه درۆ و دووڕوویی دەسەڵاتدارانی ئۆرووپا به ئاشكرا دەركەوت و ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان نیشاندا. تا بەرژەوەندیی ئابووری و بازاڕی سەرمایه لەوێ وەستابێ، “دێمۆكراسی”، “ئازادی”، “مافی مرۆڤ” و هتد لە لای ئەوان مانای نییه و سەرمایه چاوی كوێر كردوون. دەردەكەوێ ئەم لافەی سیاسەتمەدارانی معامەلەچیی ئۆرووپا لێی دەدەن بنەمایەكی ئەخلاقی و ئینسانی و ڕاستەقینەی نییه و گرێدراوه به بەرژەوندیی ئابووری و سیاسییەوه. له كۆتایی ساڵی ٢٠١٧وە خۆپیشاندان و بزووتنەوەكان و مانگرتنەكان له سەرانسەری ئێران هەر دێ و پەرەدەستێنێ و هەمووشیان ڕەوا و حەقخوازانه و پێشكەوتووانەن و ڕووی هەڕەشەیان له بنەماكانی دەسەڵاتی ڕژیمی ئێرانه. بزووتنەوەی ژنان، كرێكاران، خوێندكاران، مامۆستایان و مانگرتنەكان و هتد پێشكەوتووانه و دێمۆكراسیخوازانه و ئازادیخوازانەن. ئایا دەسەڵاتدارانی ئۆرووپا ئەگەر ڕاست دەكەن و درۆ ناكەن و ئەوەنده پارێزەر و لایەنگری ئازادی و دێمۆكراسی و مافی ژن و مافی مرۆڤن، بۆچی پشتیوانی له خەڵكی وەگیانهاتووی ئێران و خۆپیشاندان و بزووتنەوەكان ناكەن و ڕێك به پێچەوانەكەی پشتیوانی له هارترین دیكتاتۆر و حكومەتی دژه ئازادی و دژه دێمۆكراسی و دژه ژن و دژه مرۆڤ دەكەن؟
ئێستا بزەی سەر لێوی وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران نەماوه و مووشی دابردووه. دەركەوت به هاتنی ترامپ و ڕۆیشتنی ئۆباما ئەو باوكەی ڕژیمی ئێران مرد. تاران هەتا ئێستاش هەر خەریكه بە جۆرێك بەڵێن و سۆز له ئۆرووپا وەرگرێ و بۆ فرۆشی نەوت و بازاڕی معامەله خەریكی سمێڵ چەوركردنی وڵاتانی ئۆرووپایه. وڵاتانی یەكێتیی ئۆرووپا ئەم هەڵوێستەی ترامپیان به “شەڕی ئابووری” لەگەڵ ئۆرووپا ناوبرد. چونكه دەزانن بەڕاستی گرفت بۆ بانك و كارخانەكانیان ساز دەبێ و ناتوانن له ژێڕ ئەو گەمارۆ ئابووریانەی كه دەخرێنه سەر ئیران دەرچن و سنوور ببەزێنن. بەڵام ئەوەیكه ئۆرووپا بۆ ئاوا دەكا دوایه دەچمه سەری.
ڕێك دوو حەوتوو دوای چوونەدەری ئەمریكا له بەرجام، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ، له سوخەنڕانییەكدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕژیمی ئێران ١٢ شەرتی ڕاگەیاند. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەم شەرت و مەرجانەی كه ڕایگەیاند ڕێی دەرباز بوونی له ڕژیمی ئێران بەستەوه. دوو ڕێگای لە بەردەم ئێران دانا، یا ملكەچی ئەمریكا بێ و له ئاكامدا كرانەوەی دەرگاكانی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە ڕووی ئێراندا، یا گوێنەدان و درێژەدان به سیاسەتی تا ئێستای خۆی و له ئاكامدا پەیڕەوكردنی تووندترین و سەختترین گەمارۆی ئابووری به سەر ئێراندا. بەڵام خامنەیی دیكتاتۆر وەك هەڵوێستێك دژی ئەمریكا له ڕۆژانی ڕابوردوودا بۆ مانەوەی له بەرجامدا ٧ شەرتی لە بەردەم وڵاتانی ئۆرووپا دانا.
خامنەیی بهپێی ئەم ٧ شەرته داوای زەمانەت له یەكێتیی ئۆرووپا دەكا “له ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان دژی ئەمریكا بڕیارنامە دەركەن”، “له دانیشتن و وتووێژەكاندا هیچ باسێك له بەرنامەی مووشەكیی ئێران و بەرژەوەندییەكان و هەڵسووڕانی ئێران له ناوچەكه نەكرێ”، “بازرگانی و تیجارەت له لایەن بانكەكانی ئۆرووپاوه گەرەنتی بكرێ”، “فرۆشتنی نەوتی ئێران زەمانەت بكرێ”، “پەیمانشكێنییەكانی ڕابوردوو قەرەبوو بكرێنەوه”، “بەرەوڕووی گەمارۆكانی ئەمریكا ببنەوه” و دوایین شەرتیشی ئەوەیه “ئەگەر ئۆرووپاییەكان ئەم شەش شەرتەی سەرەوه نەبەنه سەر و له داواكارییەكانی ئێران خۆ بدزنەوه، مافی ئێران بۆ تێهەڵچوونەوەی بەرنامەی ناوەكی پارێزراوه”.
له ڕاستیدا خامنەیی بەم شەرتانەی داوا له ئۆرووپا دەكا حكوومەتەكەی بۆ بپارێزن تا درێژه بدا به سیاسەتی خۆی كه بریتییە له شەڕ و ئاژاوه نانەوه له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وێرانكاری و یارمەتیی ڕێكخراوه تیرۆریستییەكان و خوڵقانی كارەساتی مرۆیی له سوریه و عێڕاق و یەمەن و سەركوت و ئێعدام و جینایەت له ناوخۆی ئێران. دیاره لە بەرامبەریشدا ئێران دەبێتە بازاڕی سەرمایەی ئۆرووپا. ئەم شەرتانەی خامنەیی كاری ئۆرووپای بۆ هاوكاریی ئێران دژوارتر كردووەتەوه. ئایا بەڕاستی ئۆرووپا پێی خۆشه ئێران له یەمەنەوه تا لوبنان و سوریه داگیری بكا؟ ئایا ئۆرووپا بەرنامەی مووشەكیی به مافی ئێران دەزانێ و بۆی له ئەستۆ دەدا؟ ئایا سیاسەتی فراوانخوازیی ئێران له ناوچەكەدا بۆ ئۆرووپا قەبوڵ دەكرێ و دەتوانێ پشتیوانی لی بكا؟ وەڵامەكان “نەخێر”ن. دەی كەوایه چۆن له خامنەیی قەبووڵ دەكەن له دانیشتنەكاندا هیچ قسەیەك له سەر ئەم بابەتانه نەكرێ؟
هەر ئێستا هیچ نەبووه بەشێك له شیركەت و كارخانه گەورەكانی ئۆرووپا خەریكن له ئێران دەكشێنەوه و له ترسی ئەمریكا ناوێرن درێژه به كاری خۆیان لە ئێران بدەن. بانكەكانی ئۆرووپاش هەر بەم دەردە دەچن. ئاڵمان ساڵێ بایی ٣.٥ میلیارد یۆرۆ كاڵا هەناردەی ئێران دەكا و لە بەرامبەردا ساڵێ پتر له ١١١ میلیارد یۆرۆ كاڵا هەناردەی ئەمریكا دەكا. بڵێی سیاسەتمەدار و كارخانەدار و سەرمایەدارانی ئاڵمان ئەوەنده گێژ بن ٣.٥ میلیاردیان پێ له ١١١ میلیارد زیاتر بێ؟ بڵێی لەبەر ئەو بڕه بەرژەوەندییەیان له ئێران واز له بەرژەوەندیی مەزنی ئابووریی خۆیان له ئەمریكا بێنن؟ وڵاتی ئاڵمان تەنیا یەك نموونەیه و دیاره وڵاتانی دیكەی ئۆرووپاش پێوەندیی بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ئەمریكا و ئێران هەر بەم حیسابەیە. ئایا بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كه پێوەندیی بازرگانی و ئابووری ئۆرووپا لەگەڵ ئەمریكا له ئاستێكی بەرز دایه و بەراورد ناكرێ به ئاستی زۆر نزمی پێوەندییە ئابوورییەكەیان لەگەڵ ئێران، بڵێی وڵاتانی ئۆرووپا سەهوی وا بكەن ئەمریكا بگۆڕنەوه به ئێران؟ من دەڵێم جوابەكەی “نـا”یه. دەی ئەوەش بەشێكی دیكه له شەرتەكانی دیكەی خامنەیی بۆوه به هیچ.
دەبێ لە بیرمان بێ ساڵی ٢٠١٤ بانكی “بی ئێن پی پاریبا”ی فەڕانسەیی له لایەن ئەمریكاوه ٩ میلیارد دۆلار جەریمه كرا لەبەر ئەوەی گەمارۆكانی سەر ئێرانی بەزاندبوو و بازرگانی و مامەڵەی لەگەڵ كوبا و سودان كردبوو. دیاره له ڕابوردوودا بانك و كارخانەی دیكەش له لایەن ئەمریكاوه هەر به هۆی هاوكاری و پێوەندیی لەگەڵ ئیران جەریمه كراون. بۆیه بانكەكان و كارخانە و سەرمایەدارەكانی ئۆرووپاش نە له بەرژەوەندیان دایه و نە دەوێرن گەمارۆكانی سەر ئێران بشكێنن. دۆناڵد ترامپ له سیاسەتی خۆی له بەرامبەر كۆریای باكووردا سەركەوت و ئەم گرفتە گەورەی ئاسیای دووری چارەسەر كرد. نە ڕووسیه و نە چین بەریان بۆ نەگیرا. ئێستا سەرنجەكان له سەر ئێرانه. ئایا ئۆرووپای بەرژەوەندخواز تا سەر دەتوانی لە هەر دوو بەری ئێران و ئامریكا بخوا؟ ئەوەش جوابەكەی هەر “نەخێر”ه. چونكه هەر وەك له سەرەوه باسم كرد له باری ئابووری و سیاسییەوه ئۆرووپا تێیدا گەورەترین زەرەر دەكا. چۆن ئۆرووپا حازر دەبی پشت له ئەمریكا بكا و پشتیوانی له حیزبوڵڵا و بەشار ئەسەد و خامنەیی بكا كه به تیرۆریزم و دیكتاتۆر و… ناسراون؟ له باری بازرگانی و ئابووریشەوه كه هەر باس ناكرێ چەندەی تێدا زەرەرمەند دەبن. دەی له باری ستراتیژی سەربازییەوه ئەمریكا لەگەڵ بەشێكی زۆر له وڵاتانی ئۆرووپا له پەیمانی “ناتۆ”دا هاوپەیمانن.
له جەنگی جیهانیی دووهەم ئەمریكا هات ئۆرووپای له چنگ هیتلێر و شەڕ و جینایەت و ماڵوێرانی ڕزگار كرد. بڵێی ئۆرووپا ئەوەنده سپڵە بێ لەبەر مەلای ئێران تا سەر دژایەتیی ئەمریكا بكا؟ ئەمریكا ساڵیانی ساڵه له بەرامبەر هەڕەشەی شوورەویی كۆن و ڕووسیەدا پشتیوانی له ئۆرووپا دەكا. كاتی خۆی “ناتۆ” هەر بەم مەبەسته پێكهات. خۆ هێشتا دووكەڵ و تۆزی هێرشی تۆپ و تانكەكانی ڕووسیه بۆ سەر ئۆكراین نەنیشتووەتەوه. هێرشی ڕووسیه بۆ سەر گورجستان و ئوكراین له داخی یەكێتیی ئۆرووپا و ناتۆ بوو. چونكه یەكێتیی ئۆرووپا خەریك بوو له پەنا گوێی ڕووسیه ئەندامی وەردەگرت و ناتۆش هەروەتر. ڕووسیەش ئەمەی به هەڕەشه بۆ سەر خۆی دەزانێ و هێشتاش پێی وایه ئەو وڵاتانەی كه پێشتر له شووڕەویدا بوون نابێ له دابەشكردن و پەیمان و ستراژییه نێودەوڵەتییەكاندا له ڕووسیه دوور بكەونەوه، كە ئەمە خۆی باسێكی دیكەیه. یانی هەڕەشەی ڕووسیه له سەر ئۆرووپا وەك خۆی ماوه. هەر جارێك ژێردەریایی ڕووسیه سەری له ئاوەكانی سوێد دەرێنێ تا ساڵێك دەبێته باسی میدیای سوێد و خەڵك زەندەقیان دەچێ و خەو ناچێته چاوی دەسەڵاتدارانی سوێدەوه. ئەم هەڕەشەیه بۆ باقیی ئۆرووپاش هەر بەم جۆرەیه. بۆیه ئۆرووپای “بەرژەوەندخواز” له بەرامبەر ڕووسیەدا پێویستی به پشتیوانی ئەمریكا هەیه و ناتوانێ هەموو بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەكانی خۆی بنێته گرەوی ڕدێنێ چەرمووی خامنەیی. ئەم هەرا و هەڵپەهەڵپەی كە ئێستا ئۆرووپا له دژی ئەمریكای دەیكا تا سەر نابێ و لەرزۆكه. خامنەیی ئەوه چاك دەزانێ بۆیه داوای زەمانەت له ئۆرووپا دەكا. ئەم هەڵوگیفەی كه ئێستا سەرانی ئۆرووپا له خۆیانی نیشان دەدەن و خۆیان كردووەته خەمخۆری ئێران، له ڕاستیدا تەنیا بەشێكی كەمی له تاو میوەی باغی بەرجامه كه تێڕ و باریان لێ پڕ كرد و به تەما بوون كاروانی لێ باربكەن. بەڵام بەشی زۆری ئەم هەرایه، كێشەیەكی ئابووریه كه دوای هاتنە سەركاری دۆنالد ترامپ له نێوان ئامریكا و ئۆرووپا هاتە پێش كه یەكێك له دروشمەكانی ترامپ له هەڵبژاردن دانانی گومركی زیاتر له سەر كاڵای هاوردەی وڵاتان بوو بۆ پشتیوانی له كارخانەدار و بەرهەمەكانی ناوخۆ. به بردنەسەری سەتی بیستوپێنجی گومرك له سەر پۆڵا و ئاڵمینۆمی هەناردەی ئۆرووپا لەلایەن ئەمریكاوه ئەم كێشەیه گەشەی سەندووه. له بەرامبەریشدا ئۆرووپا لیستێكی له كاڵاكانی ئەمریكا ڕیز كردووه كە دەیانەوێ گومركی لەسەر زیاد بكەن. ئۆرووپا ناوی ناوە شەڕی ئابووری. ئەمه كاكڵی كێشەكەیه و ئۆرووپا دەیەوێ به كارتی ئێران كایه بكا و لەم معامەلەیەدا قازانجێكی چاك بكا. بە هەموو ئەوانەشەوه نە ئەمریكا و نه ئۆرووپا نایەن شەڕی ئازادی و دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ بۆ خەڵك و گەلانی ئێران بكەن و هەڵەیەكی گەورەیه ئەگەر ئەم چاوەڕوانییە لەوان بكرێ. تەنیا ئەوەی به گەمارۆ ئابووری و سیاسییە ئامانجدارەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كه ویلایەتی فەقی و دەسەڵاتدارانی ئێران بگرێتەوه، حكوومەتی داعشی شیعه كز و لاواز بكرێ پشتگیری و دڵگەرمی زۆر به گەلان و خەڵكی ئێران دەبەخشێ. هەروەها پشتیوانیی مەعنەوی له بزووتنەوەی ئازادیخوازی و دێمۆكراسیخوازی و سیكۆلاری ئێران بكرێ، خەڵكی ئێران خۆیان به مانگرتن و خۆپیشاندان و بزووتنەوەكان (كه دەستیان پێكردووه)، كۆشك و تەلاری مەلا موفتەخۆرەكانی ئێران دەڕوخێنن. له ڕاستیدا ئەوه خەڵكی ئێرانه كە دەبێ به دەستی خۆی داری ئازادی بنێژێ و تۆوی دێمۆكراسی بچێنێ.