٤٠ ساڵ لەوە پێش یەكەم پێشمەرگه و كادری كۆمەڵه كاك سەعید موعینی (خانه)، قارەمانی زیندانەكانی ڕژیمی شا، كه دوای ئازاد بوونی بۆ ئەركی حزبی سەردانی كوردستانی باشووری كردبوو، لەگەڵ چەند پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی له شەڕێكی نابەرابەر لە دژی هێزی داگیركەری بەعس له گوندی دڕی سەر به شارۆچكەی ماوەتی كوردستانی عێڕاق گیانی بەختكرد. بەم بۆنەوە كۆمەڵه ٣١ی جۆزەردانی وەك ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵه دیاری كردووه.
لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه توانیوێتی وەك هێزێكی نوێخواز، دادپەروەر، یەكسانیخواز، ئازادیخواز و به دیسیپلین و بڕوابەخۆ له پێناو ئامانج و سیاسەتی كۆمەڵەدا، بۆ خزمەت به خەڵكی كوردستان و دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی كورد له ژیان و گیانی خۆی بگوزەرێ. پێشمەرگەی كۆمەڵه تەنیا هێزێكی شەڕكەر نەبووه و نییه. بەڵكوو لەگەڵ ئەوەیدا كە هێزێكی قارەمانی مەیدانی شەڕە، هێزێكی سیاسی و ڕووناكبیره و خوێندنەوه و خۆ تەیاركردن له باری سیاسییەوه به ئەركی خۆی دەزانێ. پێشمەرگەی كۆمەڵه لەگەڵ دیلەكانی مەیدانی شەڕ هەر ئەم هەڵسوكەوتە ئینسانییەی بووه كه بڕیارنامه جیهانی و نێونەتەوەییەكان بانگەوازی بۆ دەكەن. پێشمەرگەی كۆمەڵه پێكهاتوو له ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی یەكسانیخواز له هەر كۆڕوكۆمەڵێك له شار و دێهاتی كوردستان بەشدارییان كردبێ، سەرنج و سۆز و هەست و متمانەی خەڵكیان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاوه و زۆر زوو بوونه جێ باوەڕی خەڵك. بوونی كچانی شۆڕشگێڕ له ڕیزەكانی پێشمەرگەدا، تەبلیغی بەرابەریی مافی ژن و پیاو، جیایی دین له دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیداری و خەبات بۆ ئازادی، سەرەڕای دژایەتیی ئیرتجاعی و كۆنەپەرەستانەی دواكەتووی كۆمەڵگای كوردی، بەڵام زۆر زوو توانی جێی خۆی له ناو كۆمەڵگای كوردیدا بكاتەوه و تەنانەت مزگەوتەكان بوونه شوێنی كۆبوونەوه و باس و دیالۆگ و ئاڵوگۆڕ كردنی بیروڕا و پەرەپێدانی ئەم جۆره بۆچوونه و شیكردنەوەی سیاسەتەكانی كۆمەڵه بۆ خەڵكی زەحمەتكێش. پێشمەرگەی كۆمەڵه له كوردستان تابۆكانی شكاند و ئاسۆی ڕوونی نیشانی كۆمەڵگای كوردەواری دا.
پێشمەرگەی كۆمەڵه خەباتكارێكی شێلگیری دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ئازادی، دێمۆكراسی، یەكسانی و مافی ژن و سیكۆلاریزم بووه و ئەمڕۆ هەموو ئەم چەمكانه بوونه جێی شانازی خەڵكی كورد و لە لایەن حزب و لایەنەكانی دیكەشەوه بانگەشەی بۆ دەكرێ. ئەمانه ناسنامەی كۆمەڵه و هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەن و به خوێنی زیاتر له ٣ هەزار گیانبەختكردوو و به كۆڵنەدان و بەربەرەكانێ، توانیی هێژمۆنی سیاسیی خۆی بە سەر كۆمەڵگای كوردستاندا بسەپێنێ به جۆرێك ئێستا هەر هێزێك كه لە كوردستان بیهەوێ خۆی بەڕۆژبكاتەوه و له ئاڵوگۆڕەكاندا شەریك بێ، دەبێ خۆی لەگەڵ ئەم كەشه بگونجێنێ. پێشمەرگەی كۆمەڵه به لەبەرچاوگرتنی نابەرابەریی هێز و چەك و جبەخانەی زۆری دوژمن، له شەڕی نابەرابەر له دژی حكومەتی ئیسلامی ئێران سەرەڕای بەرەنگاریی قارەمانانە، له باری سەربازییەوه شكا بەڵام كۆڵی نەدا و سەری نەوی نەكرد و پێوەندیی گەرم و قوڵی خۆی لەگەڵ خەڵكی كوردستان نەپساند و پەرەی پێدا. ئەمڕۆ دەردەكەوێ براوە و سەركەوتووی سەرەكیی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەیه. خۆپیشاندان و مانگرتنی شەقامەكانی تاران و شارە گەورەكانی ئێران دژی ڕژیمی ئیسلامی ئەم راستییە دەسەلمێنن.
خەڵكی ئێران بۆیه ڕژاونه سەر شەقامەكان و خۆیان به ئاو و ئاگردا دەدەن، دادپەروەری و عەداڵەت له سیستمی ئیدارەی وڵاتدا شك نابەن و زیاتر له نیوەی كۆمەڵگای ئێران له ژێر هێڵی هەژاریدان، مافی ژنان به شێوەی سیستماتیك و بەردەوام پێشێل دەكرێ، پێشێلكردنی مافی مرۆڤ بووەته ئەمرێكی ئاسایی ئەم دەسەڵاتە و ناسنامەی ڕژیم، دەسەڵاتێكی ڕەهای دینی و تووندئاژۆی ئیسلامی به سەر وڵاتەكەدا زاڵه و خەڵك هیچ ئازادییەك شك نابەن و ڕژیمی دیكتاتۆری ئێران دەستی له گەروی خەڵك ناوه و ناتوانن هەناسەیەكی ئازاد هەڵمژن، هەروەها خەڵك بێكارن، گرانی له ڕادەبەدەره و هتد. سەركردایەتیی ژیری كۆمەڵه هەر له سەرەتاوه ماهییەتی دژە ئینسانی و نادێمۆكراتیك و دژە ئازادیی ئەم ڕژیمەی بۆ دەركەوت و له قاویدا و وتار و ڕاگەیاندنەكانی ئەوكاتی كۆمەڵه له ئارشیڤدا هەر ماون. ڕێك دوای هاتنەسەركاری ڕژیمی ئیسلامی، هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دژی ئەم ڕژیمه و سیاسەتەكانی وەستاوەتەوه و شەڕی سەنگەراوسەنگەری كردووه. ئەم ناڕەزایەتییەیانەی ئێستای خەڵكی ئێران دژی ڕژیم، ٣٩ ساڵ لەوەپێش پێشمەرگەی كۆمەڵه بانگەوازی بۆ كردووه و به پانایی كوردستان خەبات بۆ كردووه و خوێنی بۆ داوه. هەر بۆیه ئێمه به پشوودرێژی و كۆڵنەدانی خۆمان ڕووخانی دیكتاتۆر و سەركەوتنی خۆمان دەبینین.
ئەركەكانی ئەمڕۆی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه
خەڵكی ئێران ترسیان له ڕژیم شكاوه و له ڕاستیدا هیچیان نەماوه لەدەستی بدەن. تەنانەت نەبوونی ئاوی خواردنەوه و هەوای خاوێن بووەته گرفتی سەرەكیی بەشێك له دانیشتوانی ئێران و هەڕەشه له ژیان و گیانیان دەكات. جگه لەم بزووتنەوه ناڕەزایەتییانه، دوای چوونەدەری ئەمریكا له بەرجام، نرخی پارەی ئێران زۆر به خێرایی ڕوو له دابەزینه و ئێستا بووەته بێ بایەخترین دراوی جیهان. له ناوەڕاستی پاییزی ئەمساڵڕا واته له ٤ی نوڤامبرەوه هەر وڵات و كارخانەیەك نەفت له ئێران بكڕی له لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوه سزا دەدرێ. هەر بۆیه داڕمانێكی ئابووری بێ وێنه بەرۆكی ڕژیمه دیكتاتۆرەكەی تارانی گرتووه. ئەمەش دەبێته دڵگەرمییەك بۆ خەڵك و لە لایەكی دیكەوه ڕژیم كز و لاوازتر دەكات. بەم پێیه و لەم بارودۆخەدا بەم ئاكامه دەگەین ئاڵوگۆڕ له ئێران بەڕێوەیه و درەنگ یا زوو به چاوی خۆمان دەیبینین.
ئەم هێزه شۆڕشگێڕەی پێشمەرگەی كۆمەڵه، بەم بیروباوەڕە پتەو و سیاسەت و بەرنامه و ئامانجه مودێڕن و نوێیەوه، له بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و كوردستاندا ئەركی گەورەتری دەكەوێته سەرشان. هەر وەك له سەرەوە ئاماژەم پێدا لەبەر ئەوەی هەمیشه نوێخوازی و داهێنان كاكڵ و گەوهەری سیاسەتەكانی كۆمەڵەیه، ئێستا ئەم چەمكانه بوونه سیاسەتی زاڵ و داواكاریی كۆمەڵگای كوردستانی ڕۆژهەڵات. بۆ چەسپاندن و گەیشتن بە ئامانجەكانمان هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه پتەوتر له جاران دەبێ خۆی تەیار و ئاماده بكات بۆ ئاڵوگۆڕەكانی بەردەم كۆمەڵگا و داهاتووی ئێران. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ لە هەموو بارێكەوه ئامادە بێ تاكوو جێ پەنجەی له ئاڵوگۆڕەكانی داهاتووی ئێران و بەتایبەت كوردستاندا دیار بێ. خۆی بۆ ئیدارەی كوردستان و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی كوردستان ئامادە بكات. دەبێ توانایی و زەرفییەتی خۆی بەرێته سەر و ببنە فەرماندەكان و كاربەدەستانی كۆمەڵگای كوردستان. ئەم هێزه دەبێ هەر له ئێستاوه خۆی بۆ دوای نەمانی ڕژیمی ئیسلامی و دەسەڵات و ئەگەرەكانی هەڕەشه له دەسەڵاتی خۆجیی كوردستان ئاماده بكات. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ نەك هەر فەرماندەی لێهاتووی مەیدانی بەرەنگاری بەڵكوو كادری خاراوی سیاسی و دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنكار بار بێنێ بۆ بەدەستەوه گرتنی حكومەت و بەشداری لە ئیدارەی كوردستان پرۆژەكانی ئامادە بكات. كۆمەڵه پتانسییەلی كاری گەوره و داهێنانی نوێی هەمیشه تێدا بووه و هەر ئەمەش هێزی بڕوابەخۆبوونی زیاتری به پێشمەرگەی كۆمەڵه بەخشیوه و دەبێ كەڵك لە تواناییەكانی خۆی وەرگرێت.
هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ بزانێ له داهاتوودا هێزی پارێزەری حكومەت و پارلمان و خاك و سنوور و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورده له كوردستانی ڕۆژهەڵات. دەبێ هەر له ئێستاوه ئەوه بزانێ كه له داهاتوودا نابێ تەنیا وەك هێزێكی چریكی و پارتیزان بمێنێ، بەڵكوو دەبێ ببێته ئەرتەشێكی ڕێكوپێكی كوردستان. دەبێ ئەم ئەرتەشه وەك هەمیشه له دەسەڵاتیشدا دەسپاك و جێ باوەڕێ خەڵك بێ و هەر وا ڕووسوور و دەستپاك بمێنێ. دەبێ پارێزەری ئازادی و دێمۆكراسی بێ و ئەم چەمكانه له چوارچێوەی دروشمگەلی هێزە سیاسییەكان بێنێتەدەر و به كردەوه له كۆمەڵگای كوردستان بەڕێوه بچن. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ لەشكرەكانی پارێزەر و زامنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی له كوردستان بن و نەهێڵن له دواڕۆژدا كوردستانی ڕۆژهەڵات له زلكاوی گەندەڵیدا نوقم بێ. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه نەك هەر تەنیا هێزێكی خەباتكاری سیكۆلار و لائیك، بەڵكوو دەبێ دامەزرێنەری حكومەتێكی سیكۆلار بێ له كوردستان و گەلی كورد له تاریكستانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووسوور و سەربەرز بێنێتەدەر. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ له تواناییەكانی خۆی بۆ بەچۆكداهێنانی هێز و هزره دواكەتووەكان كەڵك وەرگرێ و نەهێڵێ كوردستان بكەنه مەیدانی خیلافەتی خۆیان و چیدیكه دین و ئایین نەتوانێ خۆی له ئیدارەی وڵات و دەسەڵات و یاسا و كاروباری كۆمەڵایەتی و هتد هەڵقورتێنێ. نەهێڵن دەق و سەرچاوه ئایینییەكان ببنه سەرچاوەیەك بۆ داڕشتنی یاسای داهاتووی كوردستان، بەڵكوو دین دەبێ ببێته ئەمرێكی تاكەكان. لەشكرەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵه دەبێ تێكەڵاو بێ له كچانی ئازادیخواز و كوڕانی تێكۆشەر و شانبەشانی یەكتر لەپاڵ پاراستنی كوردستان و كەڕامەتی خەڵك، دامەزرێنەری حكومەتی یەكسانیخواز بن و ئیتر پێشێلكردنی مافی ژن ببێته بڤه و بەمجۆرەش كوردستان ببێته نموونەی وڵاتێكی پێشكەوتوو. هەر پێشمەرگەیەكی كۆمەڵه دەبێ جگه لە هەموو ئەمانه خۆی به سەربازی پارێزەری ژینگەی خاك و نیشتمانەكەی بزانێ و وەك چۆن پارێزگاری له مافی تاكەكان دەكات ئاواش پارێزگاری له ئاو و خاك و هەوا و دارستان و ئاژەڵەكان بكات.
بەمجۆره ئیمه دەتوانین له زلكاوی دواكەتوویی و شەڕ و كاولكاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەربەرز و سەركەوتوو ڕزگار بین و هەست و سۆزی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بۆ پشتیوانی و وەبەرهێنانی ئابووری بۆ لای خۆمان ڕابكێشین و كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوه ئاوەدان بكەینەوه. مەبەستم له ئاوەدان كردنەوە، تەنیا ڕواڵەت و بەرزكردنەوەی تەلارەكان و دروست كردنی پارك و سەیرانگاكان نییه، بەڵكوو مەبەستم ئاوەدان كردنەوەی هزر و فكر و ڕوانگەكانه. بەها و پێوەرە دێمۆكراتیك و ئەمڕۆییەكان، ئازادی، یەكسانی، مافی تاكەكان و بنبڕكردنی هەژاری و هتد ئاوەدانییە. گەلی كورد به درێژایی مێژوو چەوساوەتەوە و بندەست و ستملێكراوه و سەرەڕای خەباتی زۆر بەڵام سەرنەكەوتووه و قەت نەحەساوەتەوه و خۆشیی له ژیانی نەدیوه. كۆمەڵگای كوردستان پێویستی به گەشە و هەڵدانی فكری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییە، پێویستی به پشوودان و ئۆقرە گرتنه، پێویستی به ئازادی و ڕەخساندنی هەلی لەبارە بۆ ئەوەی سیمای جوانی خۆی نیشانی دەورەبەر و جیهانی بێ بەزەیی بدات. بەڕاستی گەلی كورد شایانی ئەوەیه وڵات و كیانی خۆی ببێ و دەسەڵاتی خۆی بەڕێوەبەرێ. پێشمەرگەی كۆمەڵه وەك هێزێكی دڵسۆز و خەمخۆری خەڵك دەبێ مافی ڕەوای كورد دەستەبەر بكات و ڕەخسێنەری ئەم دەرفەت و هەلانه و پارێزەری دەسكەتەكانیش بێ. ئاسۆ ڕوونه و ئێمەش دەمێكه قۆڵمان لێ هەڵماڵیوه بەڵام ئەمجارەیان دەبێ پڕۆژە و پلانی مەزنترمان ببێ و زۆر دوورتر بڕوانین.
بەرز و بەڕێز بێ یادی هەمیشه زیندووی كاك خانەی موعینی و سەرجەم ڕێبەران و گیانبەختكردووانی نەمر و سەربەرزی كۆمەڵه.