شەریکی خەمیانین، هاوپشتی خەباتیانین
ئەمڕۆ رژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی کارەساتێکی دیکەی خۆڵقاند و تاوانێکی گەورەی بۆخۆی تۆمار کرد. پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەموشەکبارانی قەڵای دێمۆکرات و شوێنی پلێنۆمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و شەهید کردنی ژمارەیەک پێشمەرگەی خەباتکار و سەرکردەی ناودار و تێکۆشەری ئەو حیزبە، زیانێکی گەورەی لە گەلی کورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دا. هەر وەها مقەڕەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش کەوتنە بەر پەلاماری ئەو هێرشە دڕندانەیە وبەداخەوە لەوێش ژمارەیەک شەهیدی لێکەوتەوە.
وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان بۆ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە و ئاواتی چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان، پشتیوانی و هاوکاری خۆمان بۆ هەموو هەموو ئاکسیۆنێکی جەماوەری لە ناوخۆ و دەرەوە و هەموو هەنگاوێکی سیاسی و دیپلۆماتیک بۆ مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامی رادەگەیەنین.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران