كوردستان تازیەبارە بەڵام
تێشكاو نیە، خەمبارە بەڵام داماو نیە.
ئەمڕۆ هەواڵی ئیعدامی رامین حوسێنپەناهی بڵاو بووەوە، ئەمڕۆ دڵی رامین لە لێدان كەوت، بەڵام هەزاران هەزار دڵ بۆی كەوتنە لێدان.
بەڵام لەراستیدا ئەو ساڵێك بوو دەست و پەنجەی لەگەڵ مەرگ نەرم دەكرد، ساڵێك بوو ڕاستەوخۆ دەیڕوانیە سیمای تۆقێنەری مەرگ و شەو و ڕۆژ، لە خەو و بێداریدا، خۆی ڕادەهێنا كە لەكاتی ململانێی كۆتایی لەگەڵ ئەو دێوەزمەیەدا بتوانێ بەدڵنیایی و سەربەرزییەوە بەسەریدا سەركەوێت. سەرەنجامیش رامین بوو كە مەرگیبەزاند، چونكە ترس لە مەرگی بەزاند. سیحری دێوەزمەی مەرگ، ترساندن و تۆقاندن و چۆك پێدادانی حەریفانیەتی. رامین ئەو سیحرەی بەتاڵ كردەوە و ئەو چەكەی لەدەست مەرگ داخست. رامین نەك هەر بۆخۆی بەڵكوو بۆ هەزاران لاوی شۆڕشگێڕ، سامی مەرگی شكاند.
كورد سەری زۆر لە شۆڕەسوارانی خۆی بە پەتی سێدارەوە دیوە، خۆشبەختانە ئەمجارەش دوژمن سەرمانی بە شۆڕی نەبینی.
پرسە و سەرەخۆشی دڵی پڕ لە كوڵم پێشكەش بە دایە شەریفە و خاڵۆ میرزا و هەموو خوشك و براكانی و هەموو بنەماڵەی بەڕێز و تێكۆشەری حوسێن پناهی دەكەم و خۆم بە شەریكی خەمیان دەزانم. هەروەها سەرەخۆشی لە دایك و بنەماڵەی بەڕێزی زانیار و لوقمانی مرادیش دەكەم كە ئەوانێش بە سێدارەی دوژمن گیانیان لەدەست دا.
لە كۆتاییشدا داوا لە چالاكانی مەدەنی ناوخۆ و هەموو دۆستان و دڵسۆزان دەكەم بەهەر شێوەیەك كە بەگونجاوی دەزانن و هەرچندی لە توانایان دایە لە گرتنی رێ و رەسمی ڕێزگرتنی بەجەماوەر و هێمنانە لە رامین و هەر وەها لە زانیار و لوقمانی مرادی درێغی نەكەن.