کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان،دایک و باوکە بەڕێزەکان، لاوانی خۆشەویست،منداڵە ئازیزەکان،کچان و کوڕانی کوردەواری نەورۆزتان پیرۆز و هەموو ساڵتان پڕ لە خۆشی و بەختەوەری. ئەمساڵ لە کات و ساتێکدا بەرەو پیری نەورۆز دەچین کە مافیای دەسەڵاتدار لە ئێران کەمەر شکێن ترین گرانی ئەم چڵ ساڵەو بەرینترین و بێ وێنەترین هەژاری و نەداری بەسەر هەموو ئێراندا داسەپاندووە، نیزامی دەسەڵاتدار خەڵکی تووشی سەختترین بارودۆخی ئابووری کردووە کەچی خۆی هەر رۆژەو باسی دزی میلیاردەها دوڵاری یەکێک لە هەزار تاقم و دەستەکانی دەر دەکەوێ.
ئەو ڕێژیمە نییەتی سەرەتایی ترین بیمەی پزشکی بۆ خەڵک دابین بکا و تەنانەت سندووقی بیمەی وڵاتیشی خاڵێ کردووە،بەڵام هەیەتی بیکا بە مووشەک و بیدا بە حیزبوڵڵا و میلیشیا چەکدارە ڕەنگاوڕەنگەکانی لە ناوچەکە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەراستی پێ ئاڵۆز و نا ئارام بکات.
نییەتی سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیانی بوومەلەرزەلێدراونی کرماشان دابین بکاو دووهەمین زستانیشیان لە بن چادر و چیخ دا بەسەربرد، بەڵام هەیەتی خەرجی مانوڕی بەر فراوانی زەمینی و دەریایی یەک لە دوای یەک بدا بۆ چەسپاندنی خەونی ئمپراتووریخوازی دەست درێژی کارانەی خۆی.
نییەتی حەقدەستی چەندمانگ دواکەوتووی کرێکارانی وڵاتەکەی بدا و میلیونها بنەماڵەی کرێکارانی گەیاندووەتە ئاستی ڕووتی و ڕەجاڵی،بەڵام هەیەتی میلیارد، میلیارد بە بووجەی دیار و نادیاری سپای پاسداران و هێزە ئیتڵاعاتییە و ئەمنیەتیەکانی زیاد بکا.
هەیەتی سفرەی تاڵانی نەوت و ئابووری ئێران بەمفت و بە بێ ئەرک بخاتە بەر دەستی ئاغازادە نەشیاو نەزانەکان،بەڵام نییەتی کارێکی ساکار و مەمرە و بژی بۆ لاوان دابین بکا و تەنانەت ژیانی پڕلە مەترسی کۆڵبەریش بە جەوانانی کور ڕەوا نابینێ و بە ناوی یاسا شکێن تەقەیان لێ دەکا.
بالەم نەورۆزە دا چیدی ئەو برینانە نەکوڵێنمەوە،مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە ئەگەر ئەمساڵ بە پانایی هەموو کوردستان نەرۆزی شکٶدار و گەور و گران دەگیرێت لەبەر کەمتەرخەمی نییە،لەبەر بێ ئاگایی و گوێ نەدانە ئێش و ئازارەکانی خەڵک نییە،بەڵکوو ڕێک بۆ بەگژدا چوونەوەی ئەو ڕەشی و نەهامەتیەیە،بۆ نیشان دانی ئیرادەی لەشکان نەهاتووی جەماوەرە لە هەمبەر هەموو ستەمکاری دیکتاتورێک،بۆ دەر خستنی ئەو راستییەیە کە خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگ و هەڕەشە و بگرە و بەردەیەک هەرگیز گوێ ڕایڵی دەستوور و بڕیاری ڕێژیمی کۆماریئ ئیسلامی نین وە ڕێ و ڕەسمەکانی نەورۆز دەکەنە شانۆیەکی گەورەی میلیونی بۆ چەسپاندنی یەکگرتوویی و هاوپشتی خۆیان.
با نەورۆزی ئەمساڵ لە هەمیشە گەرم و گوڕتر و بەرینتر بگرین بۆ ئەوەی بە هەموو دنیا نیشان بدەین کە کورد سەختی لێ دەگوزەرێ بەڵام دۆشداماو نییە بەڵکوو گەشبین و هیوادارە بە داهاتوو. با ئەمسال خورۆشی نەورۆز بگەیەنینە ئاسمان بۆ ئەوەی وێنەی کورد وەکوو میللەتێکی زیندوو و سەربزێو و سەربەرز کە هیچ سەختییەک لە مەیدان دەری ناکا و بەدڵی خۆش و بڕوای گەش دەڕوانێتە داهاتوو، لە هەموو جیهان دا بڵاو بێتەوە نەورۆز هەمیشە مژدەی بەسەرچوونی بەستەڵەک و هاتنی بەهاری بە ئێمە داوە،با ئێمە ئەمساڵ بە بەشداری هەزاران هەزار کەسیمان لە هەر کام لە ناوەند و شار و گوندەکانی کوردستان قەدری ئەو پەیامەی نەورۆز بگرین و ئەو مژدەیە بە گوێی هەموو گەلی دوور و نزیک بگەیەنین.
بەخۆشیەیەوە ئەمساڵ دروشمی نەورۆزی کوردستان واتا سەمای ئازادی کراوە بە دروشمی کەمپەینی نەورۆز لە هەموو ئێرانیش و ڕەقسی ئازادی بووەتە شوعاری نەورۆز لە هەموو ئێران، وادیارە کە شیعرەکەی پیرەمێرد هاتووەتەدی کە دەڵێ؛ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد ، مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد.
جارێکی دیکە لە کانگای دڵمەوە پیرۆزبایی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێ تان لێ دەکەم و شادی و سەرکەوتن و ساڵێکی گەش و پڕ لە بەختەوەریتان بۆ بەئاوات دەخوازم.