لە سەر بانگهێشتی كۆمیتەكانی نۆروێژی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و حیزبی دیموكراتی كوردستان و سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٣ی٩ی٢٠١٧ی زایینی لە بەردەم سەفارەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ئۆسلۆ خۆپیشاندانێك بۆ پشتیوانی لە كۆڵبەران و خواستەكانیان، ئیدانەكردنی كوشتاری كۆڵبەران لە لایەن كۆماری ئیسلامی و داوای ئازادی بەندكراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەی شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات سازدرا.
لەم خۆپیشاندانەدا كۆمەڵێكی بەرچاو لە چالاكانی سیاسی، نوێنەرانی كۆمەڵێك حیزب و ڕێكخراوی سیاسی، تێكۆشەرانی كۆمەڵە و حدك و سازمانی خەبات ئامادەبوون.
سەرەتا لە لایەن هاوڕێ ئیبراهیم كۆنەپۆشی وەك بەڕێوەبەری خۆپیشاندانەكە بە ناوی دەستەی ڕێكخەری ئەم خۆپیشاندانە بەخێرهاتنی ئامادەبووان كرا و دواتر هاوڕێ ئیبراهیم مەبەستی لەو گردبوونەوەیە باس كرد و كورتەیەكی لە ژیان و دۆخی كۆڵبەرانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتی بۆ ئامادەبووان باس كرد.
بەڕێزان شەهاب مەحموودی و پەژار حوسەینی بە نوێنەرایەتی سێ حیزبی ڕێكخەری خۆپیشاندان بە زمانەكانی فارسی و كوردی پەیامێكیان پێشكەش كرد، بەڕێز كارۆخ باوەجانی لە لایەن پارتی سەربەستی كوردستان پەیامێكی پێشكەش كرد.
بەڕێز زانیار سۆهرابی وەك چالاكی مافی مرۆڤ وتارێكی خوێندەوە، كاك فەرهاد مورادی لە لایەن سازمانی دیموكراتیكی یارسان وتەیەكی پێشكەش كرد، بەڕێز كاك كەریم ئەڵاوەیسی وتارێكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد. هاوڕێ ئازاد شەریفی یەكێكی دیكە لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەكە ناوە ناوە دروشمی لە بابەت ئیدانەكردنی كۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە كۆڵبەران و خواستەكانیان دەدا و جەماوەری ئامادەبوو لە كاتێكدا پۆستەڕو پلاكاردی تایبەت بە كۆڵبەر و ژیانی كۆڵبەرانیان بە دەستەوە بوو دروشەمەكانیان بە دەنگی بەرز دووپات دەكردەوە.
بڵاو كردنەوەی سروودە شۆڕشگێرانەكان و سروودی تایبەت بە خرۆشانی جەماوەری و ژیانی كۆڵبەران بابەتێكی دیكەی خۆپێشاندانەکە بوون كە ناوە ناوە بڵاو ئەكرانەوە. خۆپیشاندان كاتژمێر ١٣ بە كاتی ئۆسلۆ دەستی پێكرد و تا كاتژمێر١٤ درێژەی هەبوو.
لە كۆتاییدا هاوڕێ ئیبراهیم كۆنەپۆشی بە نوێنەرایەتی هەر سێ حیزبی ڕێكخەری ئەو خۆپیشاندانە سوپاسی سەرجەم ئامادەبووانی كرد و كۆتایی بە خۆپیشاندانەكە هێنا، شایانی باسە كۆمەڵێكی بەرچاو لە ئەندامان و دۆستانی كۆمەڵە بە ئاڵای كوردستان و ئاڵای سووری كۆمەڵە و پۆستەر و دروشمی تایبەت بە ژیانی كۆڵبەران و داخوازییەكانیان بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
كۆمیتەی نۆروێژ