وتووێژ لەگەڵ ماپارە حەسەنی، پێشمەرگەی دێرینی كۆمەڵە بەبۆنەی ساڵیادی چەكداربوونی یەكەم دەستەی ژنانی پێشمەرگەی كۆمەڵە
سازدانی: دڵنیا ڕەحیم زادە
ساڵی ١٣٦١ بۆ یەكەمجار لە هەر چوار پارچەی كوردستان، یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان لە كۆمەڵەدا چەكدار كرانەوە و ئیتر ژنان لە ڕیزی پێشەوە و شان بە شانی پیاوان هاتنە مەیدانی خەبات. ئەم ڕووداوە مێژووییە بۆ یەكەمجار بوو لە كوردستان ڕووی دەدا و تابۆیەكی ئەو سەردەمە بوو كە بە دەستی كۆمەڵە و ژنانی ئازادیخوازی كوردستانی ڕۆژهەڵات شكا. چەكدار بوونی ژنان ئەو مەدالیایە كە هەتا هەتایە لە ملی كۆمەڵەدا ئەدرەوشێتەوە و بۆ هەمیشە كۆمەڵە بە شانازییەوە باسی لێدەكات. لەسەرو بەندی ساڵوەگەڕی ئەم ڕووداوە مەزن و مێژووییە هاوڕێ “دڵنیا ڕەحیم زادە” گفتوگۆیەكی لەگەڵ پێشمەرگەیەكی ژن كە بیست ڕۆژ پاش یەكەم دەستەی ژنانی چەكدار، چەكی كۆمەڵەی لە شان كردووە و ئێستاش پاش ٣٦ ساڵ ئەو چەكەی هەر لە شانە و خەبات بۆ یەكسانی و ئازادی بەرحەقی گەلەكەی دەكات، ڕێكخستووە.
ماپەرە حەسەنی كچی فەقێ عەلی حەسەنی، خەڵكی ئاوایی عەزیزكەندی سەر بە شاری بۆكانە و لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لەگەڵ كۆمەڵە ئاشنا دەبێ و هەر لە سەرەتای ئاشنابوونی لەگەڵ كۆمەڵە، دەستی بە كاری تەشكیلاتی كردووە و هەر لەو ساڵەوە چالاكیی تەشكیلاتی دەست پێكرد. ساڵی ١٣٦١ بوو بە پێشمەرگەی كۆمەڵە و چەكدار بووەتەوە و ئێستا خاوەنی ٣ مناڵە و ماوەی نزیك ٣٦ ساڵە پێشمەرگەی كۆمەڵەیە. سەرەتای باسەكەمان بە شێوەی پەیوەست بوونی بە ڕیزەكانی كۆمەڵە و بەم پرسیارەوە دەست پێكرد.
***
پرسیار: كاتێك یەكەم دەستەی ژنانی كۆمەڵە لە ساڵی ١٣٦١ چەكدار بوون، ئێوە لەیەكەم دەستەكانی ئەو ژنانە بوون كە چەكدار بوونەوە، كاردانەوەی ئەم ڕووداوە مێژووییە لە ناو هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە و هەروەها لە ناو كۆمەڵگادا چۆن بوو؟
وڵام: پاش ساڵێك چالاكی و كاری ڕێكخستن لەگەڵ كچێكی هاوڕێم بڕیارمان دا ببین بە پێشمەرگەو پاش بیست ڕۆژ دراین بە دەستەی پێشمەرگەی كچان. كاتێك ئیمە ڕۆیشتین تازە یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژن، چەكدار كرابوون و دەورەی سیاسی و نیزامییان دیبوو و جەولەشیان كردبوو. هاوڕێ ناهیدی بەهمەنی، بەرپرسی سیاسی، یەكەم دەستەی پێشمەرگەی كچان بوو و هاوڕێ فەوزییەش بەرپرسی نیزامی بوو. كاتێك كە ئێمە بە هێزی پێشمەرگە پەیوەست بووین یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان لە جەولەی سیاسی بوون و ئێمە لە لایەن هاوكاری بەرپرسی نیزامیی ئەو كات كە ئەویش ژن بوو، دەورەی سیاسی و نیزامیمان بینی.
كاتێك یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژنان چەكدار بوون، ئەم هەواڵ و ئەم ڕچەشكێنییەی كۆمەڵە لە هەموو كوردستاندا دەنگی داوە و لە هەموو لایەك باس باسی چەكداریی ژنان لە كۆمەڵەدا بوو و دەیانوت كۆمەڵە كچیشی چەكدار كردوەتەوە و بە دوای چەكداریی ژنان لە كۆمەڵەدا دەستمان كرد بە جەولە كردن و بە دێهاتەكان و ناوچەكەدا دەگەڕاین و لە مزگەوت و لە ناو ئاپۆڕەی خەڵك سوخەنرانی و قسەمان دەكرد. خەڵكی كوردستان كاتێك دەیانبینی پۆلە پێشمەرگەیەك ژنیان لەگەڵە گەرم و گوڕتر دەبوون لەگەڵمان و خوڵكی ماڵیان دەكردین و لەگەڵ ژن و كچانی ماڵەكە دەكەوتینە گفتوگۆوە. خەڵكی ئەو ناوچەیە (ناوچەی بۆكان) زۆربەی كۆمەڵە بوون و بنكەكانی كۆمەڵەش بەگشتی لەوێ بوون، بەڵام لەو كاتەدا زۆر خەڵك بەرەو پیری ئەو بڕیارەی كۆمەڵە نەچوون و زۆریان پێ خۆش نەبوو و دەیانوت كچ بۆ پێشمەرگایەتی نابێت. بەڵام ژنان كاتێك چەكدار بوون بە خەڵكیان سەلماند كە ژنیش وەك پیاو دەتوانێ چەكدار بێت و خەبات لە دژی زۆر و ستەم بكا و تەنانەت لە بیرمە كاتێك سروودی “هەستن ژنانی شار و دێ” وترا، بوو بە وێردی سەر زمانی مناڵان و لە كۆڵانەكان ئەو سروودەیان ئەوتەوە. كچان لە مزگەوتی دێهاتەكان سوخەنڕانیان دەكرد و لەوانەیە بۆ مامۆستاكان قورس بووبێ كە ژنان ئەچوونە شوێنی ئەوان لە مزگەوتەكان و قسەیان بۆ خەڵك دەكرد، بەڵام ژنان سڵیان نەكرد لە چالاكی و بەردەوام لە مزگەوتەكان خەڵكیان كۆ دەكردەوە و قسەیان بۆ دەكردن. خەڵكێكی زۆر كۆ دەبوونەوە و گوێیان بۆ قسەكانیان ڕادەگرت. لە كاتی جەولەی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە، ژن و كچە پێشمەرگەكان بە سەر ماڵان دابەش دەبوون و ئەوەش دەرفەتێكی باش بوو بۆ دوان لەگەڵ كچ و ژنەكان. زیاتری قسەكانیشیان باسی یەكسانیی ژنان بوو و ئەوەی ژن نیوەی كۆمەڵگەیە و ژن بە كەم دانەندرێ و دەبێ ڕێز لە گەورەیی ژن بگیرێت. ژنانی پێشمەرگە كاتێك دابەش دەكران بە ماڵاندا و لەگەڵ ژنان قسەیان دەكرد بەردەوام هەوڵی ڕۆشنگەری و ووشیاركردنەوەیان دەدا و مافەكانییان پێ دەناساندن و داوایان دەكرد هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان. ئەگەرچی زۆرربەی خەڵك لەو سەردەمەدا برەوپیری ئەو بڕیارەی كۆمەڵە نەچوون بەڵام هەندێك خەڵكی ڕۆشنبیر و تێگەیشتووش هەبوون كە دادەنیشتن و لەگەڵ ژنان دەكەوتنە باس و گفتوگۆوە و جاری وابوو لەگەڵ مەلاكانیش باس و گفتوگۆیان سەبارەت بە ژنان و ئازادیی ژنان و یەكسانییان دەكرد.
پرسیار: بەشداریی ژنان لە بەشی هێزی پێشمەرگەدا چۆن بوو؟ ژنان تا چەند ئامادەی ڕاپەراندنی ئەرك و كارەكانیان كرابوون؟
وڵام: ژنان لە كۆمەڵەدا ئەركی جۆراوجۆریان پێ دەسپێردرا، سەرەتاكان لە دێهات و شارەكان مامۆستای قوتابخانە بوون، چەندین كارگەی خەیاتی و بەرگدووری گەورەمان بوو كە ژنان تێیدا خەیاتییان دەكرد، لە نەخۆشخانەكان و هەروەها بە دێهاتەكاندا دابەش دەكران و لە ناو گوند و ئاواییەكان و لە كۆڕ و كۆمەڵەكان وتاریان پێشكەش دەكرد و وشیارییان بە ناو كۆمەڵانی خەڵك دەربارەی مافەكانیان بڵاو دەكردەوە. ئەم چالاكییانە تا بەهاری ١٣٦٢ درێژەی هەبوو دواتر بە بڕیاری كۆمەڵە ژنان بەسەر گوردانەكاندا دابەش كران و وەك پیاوان ئەركی پێشمەرگایەتیمان بە جێ دەهێنا و بەشداریی شەڕمان دەكرد و تەنانەت كۆمەڵە فەرماندەی ژنیشی بوو و وێڕای پیاوان و شان بە شانی پیاوان خەباتمان دەكرد و هەنگاوێكیتر بەرەو گەیشتن بە ئامانجەكانمان بەرەوپێش ڕۆیشتین و تەنانەت لەو پێناوەدا چەندها ژنی شۆڕشگێڕ و قارەمانمان شەهید بوون. ئەمجار كە دەڕۆیشتینە ناو خەڵكەوە، زیاتر لە جاران بەرەوپیرمان دەهاتن و ئێمە بە ورەیەكی بەرزترەوە ئەركەكانمان بە جێ دەهێنا. لە بیرمە كاتێك شەڕ بوو نەخۆشخانەكان پێویستیان بە نیروو بوو من و چەند كەسیتر دراین بە نەخۆشخانە بۆ كاری پەرستاری كردن. لە ڕاستیدا ئێمە هاوكاریی پزیشك و پەرستار و كەسانی شارەزامان دەكرد بۆ پەرستاری كردن و یارمەتیدانی بریندارەكانی شەڕ. من دواتر دوای ٩ مانگ كاركردن لە خەستەخانە لەگەڵ هاوڕێیەكم لەسەر داواكاری خۆمان دراین بە گوردانی ٣١ی بۆكان و لەوێوە بەڕێ كراین بۆ بەرەی شەڕ. كە ڕۆیشتین بۆ شاری سەقز، خەڵك زۆر پێشوازییان لێكردین و ئەوە بۆ من زۆر خۆش بوو. هەر لە سەقز لەگەڵ پەلێكی سەقز بەشداریی شەڕمان كرد و ئەو كاتە یەكەم بەشداریی من بوو لە بەرەی شەڕ. كاتێك بۆ یەكەم جار لە بەرەی شەڕ بووین وەك پیاوەكان بەشدار بووین و بە پێی بڕیاری فەرماندەكانمان پێشڕەویمان دەكرد، هەستم بە جیاوازییەك نەكردووە لە نێوان ژنان و پیاوان. لام وایە ژنان زۆر باش ئەركی پێشمەرگایەتییان ڕادەپەڕاند و هەر ئەوەش وای كردبوو فەرماندەكانمان متمانەی زیاترمان پێبكەن و ئەركی زیاترمان پێ بسپێرن.
پرسیار: هەروەك بۆخۆت باست كرد كۆمەڵگای كوردستانی ئەو كات كۆمەڵگایەكی پیاوسالار بوو، تەنانەت پێشمەرگایەتیش كارێكی پیاوانە بوو. پێم خۆشە دەربارەی بوارەكانی چالاكیی پێشمەرگە ژنەكان بۆم بدوێی. لەگەڵ ئەوەش ناكرێ ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرك و كارانە هەروا ئاسان بووبێت، لەمپەرەكانی بەردەم كار و چالاكیی ژنان و شكۆفانەوەی تواناكانیان چی بوو؟
وڵام: ئەو بورانەی ژنان تێیدا چالاك بوون هەر وەك ئاماژەشم پێدا سەرەتا زۆرتر كاری مخابراتی (مینۆتۆرینگ) و كار لە نەخۆشخانەكان و كاری خەیاتی و مامۆستایی و كاری سیاسی و وشیاری بەخشین و پەرەدان و بڵاوكردنەوەی سیاسەتەكانی كۆمەڵە بوو لە ناو خەڵك. دواتر كۆمەڵە بەو قەناعەتە گەیشت كە ئەوە كافی نییە و لەسەر داوای ژنان و بە ڕەزامەندیی كۆمەڵە، ژنانیش وێڕای پیاوان ئەرك و چالاكیی نیزامی و بەشە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵەیان پێسپێردرا.
ناكرێ بڵێین ئەوەی لە ناو كۆمەڵەدا بوو مافی ژنی قبوڵ بوو یان توانایی ژنانیان قبوڵ بێت. یەكێك لە لەمپەرەكان بۆ توانایی و شكۆفانەوەی تواناكانی ژنان، دایك بوون بوو، دیارە ئەوەش كاتیی بوو و پاش ئەوەی كە منداڵەكان بڕێك گەورە دەبوون یان ئەوەی منداڵەكانیان دەناردەوە بۆ كەس و كارییان لە ناو شارەكان، دیسانەوە دەگەڕانەوە سەر ئەرك و كارەكانیان. یەكێك لە لەمپەرەكانیتریش هەندێك لە هاوڕێیانی پیاومان بوو كە ئیزنی هەموو كار و چالاكییەكیان پێ نەدەداین. ئەوەش هەروەك باسم كرد ئەوكات كۆمەڵگای كوردستان كۆمەڵگایەكی پیاوسالاری بوو و هاتنە مەیدانی ژنان و بوێرییان بۆ داواكاریی مافەكانیان لە لایەن هەندێك لە پێشمەرگە پیاوەكانەوە قبووڵ نەدەكرا، چونكوو ئەوان هێشتا پرسی یەكسانیی ژن و پیاویان بۆ حەل نەببوو و هەر خۆیان بە بەرحەقتر و بەهێزتر دەزانی.
پرسیار: بەر لە پێشمەرگە بوونت تۆ لە ڕێكخستە نهێنییەكانی كۆمەڵە بووی، وەك ژنێك چ ئەرك و كارگەلێكتان پێ دەسپێردرا؟
وڵام: ئەو سەردەمە پێشمەرگە لە ناو خەڵكدا بوو و كار و چالاكییەكانمان زۆرتر بە شێوەی ئاشكرا بوو. لەو كاتەدا نامیلكەیەكمان بوو بە خەبەرنامە ناومان لێدەبرد و بڵاومان دەكردەوە و لانیكەم دوو حەفتە جارێك كۆمەڵە كۆبوونەوەی لە دێهاتەكاندا ڕێك دەخست. لەو نامیلكەیەدا شێوە و ئامانجی خەباتی كۆمەڵە نووسرابوو و هەروەها باس لە یەكسانیی ژن و پیاو دەكرا. ئەو ناوچانەشی كە كۆمەڵە مەقەڕی نەبوو لەوێ، چەند كەسێك دەچوون و بە یارمەتیی ئەندامانی ڕێكخستنی نهێنی خەڵكیان كۆ دەكردەوە و كۆبوونەوەی سیاسیان ڕێك دەخست. ژنانیش دەچوونە ماڵان و وێڕای یارمەتی دانی ژنان بۆ كاری ماڵ ئەو خەبەرنامەیەیان بۆ دەخوێندنەوە و بەو شێوەیە ژنان وریادەكرانەوە لە مافەكانی خۆیان. بە گشتی كاری ڕێكخستن لە كۆمەڵەدا لەو سەردەمەدا زۆر باش بوو. من لەو باوەڕەدام پێشمەرگەی كۆمەڵە بە پاكی و سەداقەتی خۆی لە كەمترین كاتدا زۆرترین ناوبانگ و زۆرترین خەڵكی لە دەوری خۆی كۆكردەوە تەنانەت لە كارتی پێشمەرگایەتی كۆمەڵەشدا دەنووسرا، پێشمەرگەی كۆمەڵە، دەست پاك و دڵپاك و داوێنپاكن.
پرسیار: ژن بوون، هاوسەر بوون، دایك بوون و لە هەمانكاتدا پێشمەرگە بوون لە كۆمەڵەدا چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
وڵام: كاتێك من پەیوەست بووم بە كۆمەڵە، ژنان و كچان پێگەیەكی ئەوتۆیان نەبوو لە ناو كۆمەڵگەدا و وەك نیوەی كۆمەڵگە و وەك مرۆڤێكیش سەیر نەدەكران و هیچ مافێكیان نەبوو. كاتێك بووم بە پێشمەرگەی كۆمەڵە لەگەڵ مافەكانی خۆم ئاشنا بووم و كۆمەڵە ئەو دەرفەتەی پێدام كە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانم تیێبكۆشم و خەبات بكەم. من لە ناو كۆمەڵەدا نە هەر كارێكم كرد كە خۆم هەست بە شانازی بكەم بەڵكوو هەوڵمدا بنەماڵەشم شانازیم پێوە بكەن.
ئەو سەردەمە هاتنەدەرەوەی كچ لە ماڵ و ئەوەی ببێ بە پێشمەرگە تابۆ بوو، بنەماڵەی منیش وەك زۆربەی بنەماڵەكان لە سەرەتادا ڕەزامەندییان نەبوو بۆ ئەوەی ببم بە پێشمەرگە، بەڵام زۆری پێ نەچوو وێنەوی من بەبێ لەچكە و سەرپۆش وێڕای وێنەی براكانم گەورە كرانەوە و لە دیوار هەڵواسرا و بووم بە مایەی شانازی بۆ بنەماڵەشم و تەنانەت دواتر براكەشم پەیوەست بوو بە ڕیزەكانی كۆمەڵە. لە كۆمەڵەدا هاوسەرگیریم لەگەڵ پێشمەرگەی كۆمەڵە كرد و ژیانی هاوبەشمان پێك هێنا و مناڵمان بوو و تا ئێستاكە كە منداڵەكانمان پێ گەیاندووە، بەردەوام هەستم بە بڕوا بەخۆ بوون كردووە و بە یارمەتی هاوسەرەكەم كە هەرگیز ڕێگر نەبووە لەبەرامبەر خواستەكانم بەڵكوو یارمەتیدەریشم بووە، هەست بە شانازی دەكەم و ئەگەر ١٠٠ جاریتریش ژیان دووپات بێتەوە بە هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمەی هاتوونەتە سەر ڕێگام، هەر ئەم ڕێگایە هەڵدەبژێرمەوە. بۆیە من خوشك بوون، كچ بوون، دایك بوون، هاوسەر بوون و بە گشتی ژن بوون لە كۆمەڵەدا بەرز دەنرخێنم و پێم وایە گەورەترین كارێك كە حیزبێك دەتوانێت بیكات، خەبات بۆ یەكسانی و هەنگاو هەڵێنان بۆ ئەو ئامانجەیە كە كۆمەڵە بە حەق هەنگاوی باشی بۆ هەڵهێناوە.