وتووێژ لەگەڵ بیژەن قوبادی، لەسەر دۆخی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەركی هێزە سیاسییەكان
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: سەبارەت بە قەیرانە یەك لە دوای یەكەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران باس و لێدوان و لێكدانەوەی جۆراوجۆر بوونی هەیە و هەر یەكە بەجۆرێك لەسەری دەدوێن بەڵام دەتوانین بەگشتی لە دوو بڕگەی گرینگی سیاسییەوە سەیری ئەم كێشانە بكەین یەكەم، ئێرانی دوای ڕووداوەكانی مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوو و دووهەم، هاتنەدەرەوەی ئامریكا لە بەرجام. دوای ئەم پێشەكییە كورتە دۆخی هەنووكەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن دەبینن؟
وڵام: بەر لە هەر بابەتێك پێویستە چاوخشاندنێكی كورتمان هەبێت بە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و زۆر واقێعبینانە لەسەری بدوێین. كۆماری ئیسلامی لە دایكبوون، سەرهەڵدان و مانەوەی خۆی لە قەیراندا بینیوە و دەیبینێت. هەر بەپێی ئەو ڕوانگە ئایدیۆلۆژیكەی كە هەیەتی و داگیركردنی جیهان و دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلامی و نوێنەرایەتیی خودا لە سەر گۆی زەوی بە ئەركی بێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێت. ئینجا بابەتێك كە جێگای سەرنج و وردبوونەوەیە ئەوەیە كە دامەزرێنەران و ڕێبەرانی كۆماری ئیسلامی زۆر بە وردی ئەوە دەزانن كە ئەمە تەنیا كۆمەڵێك دروشمە لە پێناو بە دەستهێنانی دەسەڵات و پەرەپێدان و مانەوەی خۆیان. خۆشیان بە تەنیایی نە دەتوانن دەسەڵات دابمەزرێنن و نە بیپارێزن، بۆیە پێوستیان بە بەستێن و ژینگەیەكە بۆ بە كردەوەیی كردنەوەی ئەو مەبەستانە. ئینجا چ بەستێنێك لە بارتر و ڕەخساوتر لە كۆمەڵگایەكی ئایینی؟ ڕێبەران و دەسەڵاتدارن و تیۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنیان هەوڵیان داوە بۆ گەمژاندنی كۆمەڵگا و سواری ئەو شۆپۆلە بوون. بۆیە، دەبینین كە كۆماری ئیسلامی هەر لە شێوازی هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەسەڵاتی پاشایەتی تا ئەمڕۆ قەیرانی خولقاندووە، بە قەیران و لە قەیراندا ژیاوە. تیرۆرە ئەنجامدراوەكان لەلایەن گرووپی ناسراو بە “فدائیان اسلام”، ڕووداوەكانی ساڵی ٤٢ی هەتاوی، ئاگر تێبەردانی سینما ڕێكسی ئابادان، هێرش بۆ سەر توركەمن سەحرا، خووزستان و بەلووچستان، فەرمانی هێرش بۆ سەر كوردستان، كۆمەڵكوژیەكانی ساڵانی دەیەی شەست، هێرش بۆ سەر گشت لایەنە سیاسی و ڕێكخراوەییە بیرجیاوازەكان، داخستنی گۆڤار و ڕۆژنامە و چاپەمەنیەكان، داخستنی زانكۆكان، ناردنە ماڵەوەی ژنان و شاردنەوەیان لە ژێر چارشێو و ڕووبەندە و دەمامك، دروشمی قەبە و ئەنجامدانی كرداری بۆ هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی، هاندانی دانیشتووانی وڵاتانی دەوروبەر و هەڵخڕاندیان بە دژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بە تایبەت وڵاتە عەربیەكان و وڵاتانی كەنداو. یان نموونەی زەق و بەرچاوتر، دروشمی سڕینەوەی وڵاتان لە سەر گۆی زەوی و لەوانە وڵاتی ئیسرائیل، داگیركردنی باڵویزخانەی ئامریكا، دەستێوەردان لە كاروباری ناخۆیی وڵاتان لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتەوە تا ئەوپەڕی ڕۆژئاوا و… هەمووی ئەوانە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن كە كۆماری ئیسلامی بابەتێكە لە چەشنێكی تایبەت و نامۆیە لەگەڵ گشت نۆرمە ناسراوەكانی دنیای ئەمڕۆ و بە گشتی لەگەڵ گشت بایەخ، پرەنسیپ و بەها ناسراوەكان. بابەتی جێگای تێڕامان ئەوەیە كە بە درێژایی مێژوو لە هەر شۆڕشێكدا و بە پشتبەستن بە دۆخ و كەش و هەوای شۆڕشگێڕی، بۆ ماوەی چەند ساڵیك ئەو بابەتانە گەرما و تینی خۆی بووە و بەرەبەر دامركاوە بەڵام كۆماری ئیسلامی بەداخەوە لە بەر سات و سەودای لایەنە پێوەندیدارەكان و پێدانی پوەن و ئاوانس، ئاستی ئەو شیوازە هەڵسوكەوتەیان زۆرتر پەرەپێداوە و نەیانشاردۆتەوە جا هەر لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆوە بگرە تا ڕێكخستنی لایەن و گرووپی تیرۆیستی و كردەوەی خۆكوژانە و هێرشی ڕاستەوخۆ و كوشتنی بیرجیاوازان یان دانی فتوای قەتڵ و كوشتنیان.
بە خۆشحاڵیەوە هەرچەندە درەنگ و پڕتێچوو، بەڵام بەرەبەرە زۆرێك لە جەماوەری ئێران لە لە ڕاستیەكان تێگەیشتن و هەڵوێستیان وەرگرت بەڵام ئەم جارەیان نە لە ڕووی شوور و هەستی هەڵخڕێندراو بەڵكوو بە دەرككردنی نەهامەتیەكانی سەرشانی خۆیان، ژیان و ژینگەیان، هەژاریی لەڕادەبەدر، داتەپینی ئاستی ژیان، بێكاریی بە لێشاو و كۆمەڵێك دیاردەی لە ئەژمار نەهاتوو كە ڕۆژانە خەڵك بە گۆشت و ئێسك و پێستەوە هەستی پێ دەكات. بۆیە لەملا و ئەولاوە ناڕەزایەتیی خەڵك دەبیسترا و كۆماری ئیسلامی لە هەر خولێكدا و بە بیانوویەكەوە خەڵكی لە شەپۆلی پەنگخواردووی ناڕەزایەتی بەتاڵ دەكردەوە. ڕۆژێك بە بیانووی شەڕ، ڕۆژێكیتر بە بیانووی كۆتایی شەڕ و پێدانی مەجال بۆ نۆژەنكردنەوە و ڕۆژێكیتر بە بیانووی ڕێفۆرمخوازی یان سوار بوون بەسەر شەپۆلی پۆپۆلیزم یان “دولت مهرورزی” و ئەو چەشنە بابەتانە. بەڵام تا هاتووە ئاستی كاولكاری و داڕووخان بەرینتر و بەربڵاوتر بۆتەوە و گشت ڕەهەندەكانی ژیانی خەڵكی تەنیوەتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەمە ئەو پیرۆزی و بایەخە درۆیینەیە كە بۆ خۆیانیان تاشیبوو شكا و بووە گاڵتە جاڕی خەڵك. چاوخشاندنێك بە نێو دنیای مەجازی و بینینی ئەو نوكتە و بەرهەمە جۆراوجۆرانە دەرخەری ئەو راستیەن كە كۆماری ئیسلامی لە سەرەوە تا بنی قێداسەتی شكاوە و ورد و خاش بووە. بە بێ هۆ نیە كە ئێمە لە ناڕەزایەتی دەر بڕینەكانی بەفرانباری ڕابردوودا كۆمەڵیك دروشم بەر گوێمان دەكەوێت كە ڕاستەوخۆ لە بنەماكانی ئەو ڕژیمە دەدات و كراونەتە نیشانە. دروشمی “اصلاحگلب اصولگرا دیگە تمومە ماجرا” یان ناوهێنانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، شكانی ئەو بتەیە كە بە دەیان ساڵە لە مێشكی خەڵك و بەتایبەت گەنجان و لاواندا چرپاندوویانە و ئەمڕۆ بە خۆشیەوە هەر ئەو جیلەیە كە پشكی شێری هەیە لە بەربەرەكانێ و لە مەیداندا بوون.
كۆماری ئیسلامی تا ئەمڕۆ خەریكی درۆكردن و چەواشەكاری بووە، سەری شەڕ و مملانیی لەگەڵ هەموو دنیادا هەبووە، تاكە یەك دۆست و هاوپەیمانی نییە. ئەگەر ئەمڕۆ بڕیك دەبینرێن كە بە شێوەی زارەكی پشتیوانیی لێ دەكەن تەنیا لە بەر لەبار بوونی هەلە بۆ دادۆشین و قازانجی زۆرتر و نە ئەوەی كە ئاشقی چاو و برۆی ئەم پشیلە خرپنە بن. ڕووسیە، چین و بڕێك لە وڵاتانی ئۆرووپایی لەو چەشنە وڵاتانەن و هەر دوێنی جەواد زەریف، خۆی دانی پێدانا و دەڵیت: ئۆرووپاییەكان بەشێوەی پێویست لەگەڵ ئێمە ناجووڵێنەوە. بۆیە، بەرجام بەر لە لەدایك بوون لەبار چوو بوو. تەنیا لایەنی بەهێز بۆ پاراستنی ئەو ڕێكەوتنە ئامریكا بوو لەبەر ئەوەی وڵاتانی ئۆرووپایی خۆیان چاویان لە دەستی ئامریكایە و بەبێ حوزووری ئامریكا ئەو ڕێكەوتنە تەنیا نووسراوەیەكی سەر كاغەزە لە ئارشیڤەكاندا. ئامریكا بە دوای بەرژەوەندیی خۆیەوەیە و ئەمڕۆ ئەو بەرژەوەندیە بە لەبەرچاو گرتنی شێوازی هەڵسوكەوتی كۆماری ئیسلامی و شڵەژاندنی ناوچەكە، لە كاناڵی مەهار و كۆنتڕۆڵی ئێرانی ئیسلامیەوە تێدەپەڕێت.
كۆماری ئیسلامی بەو ڕوانینەی ئەمڕۆیەوە دوو ڕێگای لە بەردەمدایە یان دەبێت كاژ بخات و ملكەچی بڕیارەكانی ئامریكا بێت، كە دەبێتە شێرە كلك و گوێ كراوەكە و چیتر ئەو كۆماری ئیسلامیەی هەیە نامێنێتەوە. ئەم حاڵەتە و ڕێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژئاوا پێدانی هەلێكە لەلایەن ئەوانەوە بۆ مانەوەی كۆماری ئیسلامیەكی كەویكراو كە گوێڕایەڵ بێت و بۆ مانەوەی خۆی هەر نرخ و قیمەتێك بدات كە ئێران بەستێن و ئێستێعدادی پیاڵەی زەهر خواردن و ئەو پاشەكشێیانەی هەیە بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر بەدوای مەبەستەكانی خۆیەوەیە و پێویستە ڕۆژئاواییەكان ئەو ڕاستیە بزانن و جارێكیتر نەبنە پردەبازی كۆماری ئیسلامیی ئێران یان دەبێ درگا و پەنجەرەكان لە خۆی دابخات و ببێتە جێگرەوەی كورەی باكوور یان كووبای فیدێل كاسترۆ. لە هەر حاڵدا، كۆماری ئیسلامی لە پێش گرتنی هەركام لەو ئەگەرانە لەگەڵ لافاوێكی سامناكی ڕووخێنەر بەرەوڕووە كە ئێسك و پروسكی دەسپێرێتە لاپەڕەكانی مێژوو لەبەر ئەوەی كاركرد و فەلسەفەكەی كۆتایی پێهاتووە و متمانەی جەماوەریی لە دەست داوە و توانای وڵامدانەوەی نییە چونكە وڵامدانەوە لە قامووسی ئەو ڕژیمەدا نامۆیە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: ئایا دەوڵەتەكەی ڕووحانی دەتوانێت خۆی بەرهەم بهێنێتەوە؟
وڵام: پێكهاتەی دەسەڵات لە ئێران هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا پێكهاتەیەكی چاوەڕوان نەكراوە. لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا بۆمان دەركەوتووە كە ناوەندی دەسەڵات و مێكانیزمی بەڕێوەبردن و ئاڵوگۆڕ نە دەوڵەت و دامودەزگا ناسراوەكانی بەڵكوو لایەنە سێبەرەكانن. زۆرجار و بە تایبەت لە دەیەی حەفتای هەتاویدا كە بازاڕی ڕێفۆرمخوازی بە ڕەونەق بوو و دەرەوەش گوێ قوڵاخ بوون و هیوایان پێی بەستبوو لە سێ كۆڵەكەی دەسەڵاتدارێتی دوو كۆڵەكە واتە سەرۆك كۆماری و پارلەمان بە دەستیانەوە بوو. لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی دەسەڵاتدارێتیدا كامە یاسایان پەسەند كرد؟ كامە ئاڵوگۆڕیان پێك هێنا؟
ئێران لە باری ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، نێونەتەوەیی، ئەخلاقی و بە گشتی لە هەموو ڕەهەندەكاندا داتەپیوە، ئێران وڵاتێكی دەڵەمەند بوو، شێوازی بەڕیوەبەری و تەخشان و پەخشان و گەندڵی هیچی بۆ نەهێشتۆتەوە. هەروەك پێشتر باسمان كرد، مانەوەی ئێران لەو فورم و قاڵبە و تەنانەت ئاڵوگۆڕ لە گشت تیمی كابینەدا ناتوانێت دۆخەكە بگۆڕێت. پێشتر ڕووحانی باسی لە دەوڵەتی تفەنگدار و دەوڵەتی بێتفەنگی كردبوو. تەنانەت ئەگەر ئەوەش ڕووبدات و تفەنگدارەكانیش دەوڵەت پێك بێنن بە كامە ژێرخانی ئابووری، پیشەسازی، كۆمەڵایەتی و… دەربازی دەكەن و دەیبۆژێننەوە؟ هەرچەن بە بڕاوی من ئەو دەنگۆیانە فریودانی خەڵكە و جۆرێك ترساندن و تۆقاندنە بۆ ئەوەی كە ئەگەر ناڕازایەتییەكان و خۆپیشاندانەكانی درێژە بكێشین سپای پاسداران دێنە مەیدان و سەركوت و كوشتار بەڕیوەیە بۆیە لە دژی ڕووحانی مەوەستن و بچنە پشتی و پشتی بگرن با بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بین و خەتەری كودەتای سپا لە خۆمان دوور بخەینەوە.
ئەمڕۆكە سپای پاسداران بەبێ هیچ بەرپرسایەتیەكی سیاسی، دیپلۆماتیك، ئابووری، كۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری، گشت جومگەكانی ئابووری، سیاسی، ئەمنییەتی، پیشەسازی، سەربازی، بازرگانی، موخابراتی و هتد بە دەستەوەیە چۆن ئەو سەرئێشە تووشی خۆی دەكات و بەرپرسایەتی و وڵامدەرەوە بون بۆ خۆی دەتاشێت؟ بۆیە، نە دەوڵەتی ڕووحانی و نە هیچ دەوڵەت و كابینەیەكی جێگرەوە پوتانسیلی دەربازبوونیان نییە چونكە هەم ناتوانن هەم نایانەوێت و هەم ئیمكان و زەرفییەتی ئەوەیان نییە. تەنیا ڕێگای دەربازبوون لە قەیران، دەس بردنە بۆ یاسای بنەڕەتی، كۆماری ئیسلامی و ولایەتی فەقیی و دەسبردن بۆ هەركام لەوانەش دەسبردنە بۆ سەرجەم پێكاهاتە و دامەزراوەكانی ئەو ڕژیمە بە گشت مەوجوودیەتیەوە كە ئەویش بە بوون و مانەوەی خامنەیی ناكرێت مەگەر بە لادان یان مەرگی خامنەیی و دانانی جێگرەوە یان جێگرەوەكانی و قبۆڵكردنی گێڕانی ڕۆڵی میخایل گۆرباچێڤ لە لایەن ئەوانەوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: پرسی گەندەڵی ئەگەر نەڵێین گەورەترین لانیكەم دەتوانین بڵێین بۆتە یەكێك لە گەورەترین و قووڵترین كێشەی ئابووری و بەتایبەت سیاسییەكانی ئەو وڵاتە. بەڕای ئێوە كۆماری ئیسلامی دەتوانێت ئەم دۆخە چارەسەر بكات؟
وڵام: گەندەڵی ئەمڕۆ بەشێكی جیا نەكراو لەو سیستمەیە و گشت دەسەڵاتی تەنیوەتەوە. كاتێك كۆماری ئیسلامی بە گشتی تێوەی گلاوە كێ دەتوانێت چارەسەری بكات؟ لە حاڵیكدا كە لە بانترین ئاستەوە تا خوارترین ئاست تێوەی گلاون، كێ دەتوانێت ئاڵاهەڵگری ئەو پرسە بێت؟ دەزگای داد و بەرپرسەكانی كە سەدان دۆسیەیان لە بوارەكانی ڕانت و بەشی بانكی و مڵكی و عەرزدا هەیە، هێزە سەربازیەكانی سەر بە سپای پاسداران و بازرگانیی بەندەر و بارخانەكانیان؟ ڕێبەری بە خۆی و بنەماڵەیەوە؟ پارلەمان و پارلەمانتاران؟ وەزیرەكانی كابینە و بەرپرسانی ئاستە جیاوازەكان؟ لایەنە مەزهەبیەكانی سەربە قوم و مەشهەد كە خۆیان بەشێكی سەرەكی لە گەندەڵین؟ ئەگەر یەكێك لە بەشەكان وا بووبا دووبەشەكەیتر ڕێگاچارەیەكیان بۆ دەدۆزیەوە بەڵام هەروەك دەبینین گەندەڵی ئەو سیستمەی بە تەواوەتی تەنیوەتەوە. بە واتایەكیتر، گەندەڵی بەشێكی جیانەكراوە لە پێكهاتەی ئەو دەسەڵاتەیە و هەر ئەو چەشنە حكومەتیە ئەوەتا دەسەڵاتدارنی بەغایشی تەنیوەتەوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات: خەڵك لە بزووتنەوەكەی بەفرانباری ساڵی پێشوودا بناژۆخوازان و ڕێفۆرمخوازانی بە دارێك ڕوانا و تەنانەت ئەمە بووبە دروشمێكی گرینگی ناو ئەو بزووتنەوەیە. دوای ئەو ڕووداوە ڕێفۆرمخوازن هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر دەدەن بە هەر جۆرێك هەیە بێنەوە ناو كەشی سیاسیی ئێران و وەك خۆیان دەڵێن دەورێكی تازەی خەباتی سیاسی دەسپێبكەنەوە. ئەمە چۆن دەبینن؟
وڵام: وایە، بەڵێ. خەڵكی ناڕازی لە كۆماری ئیسلامی لە هەر باڵ و لایەنێكیەوە تێپەڕیون و خوازیاری سڕینەوەی ئەو دەسەڵاتەن و ئەمە ڕێژەیەكی بەرچاو لە جەماوەر لە خۆدەگرێت، بەڵام بەداخەوە هەمووی جەماوەر نییە و ئەو چل ساڵەش بەشگەلێكی ناو ئەو ڕژیمە ئاویان خەست نەكردۆتەوە و لە زۆر بەش و شوێندا حوزووریان بووە و بڕێكیش لە گەڵیانان. ناتوانین نكۆڵی لەو ڕاستیە بكەین و پێویستە حەسابێكیان بۆ بكرێتەوە هەڵبەت نە لە ئاستی كوردستاندا بەڵكوو لە ئاستی ئێراندا چونكە ڕێفۆرمخوازی لە كوردستاندا نەبۆتە نەریت و ئەگەر كۆمەڵە خەڵكانێك ئەو باس و بابەتەیان هێناوەتە گۆڕێ دوو هۆكاری هەبووە. یەكەم، خۆیان بپارێزن و ڕێگایەك بۆ پارستنی خۆیان لە ژێر سێبەری چەتری یاسای ئەو دەسەڵاتەدا و ئەگەر مەجالێكیان بۆ ڕەخسا و هەلێكیان بۆ هەڵكەوت كارێكیان كردبێت و دەرەتانی ئەوەیان بێت. دووهەم، ئەوانە بوون كە خۆیان بە ڕێفۆرمخوازاندا هەڵواسیبوو كە هەم نانێكیان وەچنگ بكەوێ و هەم پلە و پایەیكیان پێ بدرێت و ژێستی سیاسی و خەباتكارانە بە خۆیانەوە بگرن. بۆیە ڕێفۆرمخوازی لە كوردستاندا هیچكات نەبووە ڕەوت و تەنیا دیاردەیەك بوو كە لە هەڵكەوتەكاندا خۆی دەردەخست.
ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئێران تا لە نوستالژیی “دوران گلایی امام” دا خۆی زیندانی بكات و نەتوانیت لە كۆماری ئیسلامی تێپەڕ بێت ناتوانیت متمانەی جەماوەر بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و ئەو هێزەی ئەمڕۆ لە دەروبەریەتی لە ئەگەری دەركەوتنی ئاڵترناتیڤێكی جێگای متمانە لێی دەتاكێتەوە و ئەو بڕەكەسەشی بە دەورەوە نامێنت چونكە باوەڕی بە ڕێفۆرم لە كۆماری ئیسلامیدا هەیە، جا بیر لەوە ناكاتەوە ئەگەر سیستمێك پوتانسەلی چاكسازیی هەبێت، چوار دەیە لانیكەم چوار سیكلی ڕێفۆرمە ئەی بۆ كۆماری ئیسلامی نە ئەوەی كە بەرەوە پێشەوە نەچووە بەڵكوو بۆ پاشەوە گەڕاوەتەوە. ڕێفۆرمخوازان تەنیا یەك بەش نین و لە غیابی ئاڵترناتیڤێكی جێگای متمانە لە ئێراندا كۆمەڵێك خەڵك بە متمانەكردن بە دروشمی قەبەی ڕێفۆرمخوازان هیوایان بە ئاڵوگۆڕ بوو. پاش چەند خول تاقیكردنەوە زۆرێكیان لێیان دابڕان و دروشمی تێپەڕبوون لە هەردوو باڵ و بە گشتی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕەنگدانەوەی ئەو بابەتەیە. لە ئەگەری هەبوونی ئاڵترناتیڤێكی جێگای متمانەدا بە دڵنیاییەوە نەك ئەو بەشەدابڕاوە لە ڕێفۆرمخوازان بەڵكوو خەڵكانێكی زۆرتر لەوان دادەبڕێن و پەیوستی ئاڵترناتیڤە جێی متمانەكە دەبن.
ئاسۆی ڕۆهەڵات: بەڕای ئێوە كورد بە زەرفیەت و پوتانسیەلەی كە هەیەتی دەتوانێت چی بكات و چۆن خۆی ڕێكبخات بۆ ئەوەی دەوری گاریگەری هەبێت لە گۆڕینی ئێرانی هەنووكەییەوە بۆ ئێرانی داهاتوو؟
وڵام: بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی كە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پێشڕەوترین و بە هەڵوێستترین و لە هەمان حاڵدا زیندووترن و ئاكتیڤترین لایەنی سیاسی لە پانتایی ئێران بوون و بزووتنەوەی كوردستان تا ئەمڕۆ بەبێ نۆچ و وەستان لە بەرانبەر دڕندەترین دەسەڵاتی دیكتاتۆرەوە وەستاوە، خەباتیان كردووە و قوربانیی داوە بەڵام لەم دۆخەدا كە ناوچەكە بەرەوڕووی ئاڵوگۆڕی خێرا بۆتەوە و لایەنە كوردیەكان نەیانتوانیوە ماڵی خۆیان ڕێك بخەن. لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕیكدا ئەوە پێشینە نییە قسەیەكی هەیە بۆ گوتن بەڵكوو ئەوە توانایی و هێزە مەیدانیەكەیە ڕۆڵ دەگێڕێت و لە سەری حیساب دەكرێت. هەروەك لە كوردستانی باشوور و لە عێراقیشدا ئەوەمان بینی كە لایەنێكی وەك حیزبی شیوعی چیی لێهات. بۆیە، حیزب و لایەنە كوردیەكان سەرەڕای هەر جیاوازیەك كە هەیانە و زۆر سرووشتیە، چەند خاڵی هاوبەشیان هەیە كە پێویستە وەكە هێڵی سوور چاوی لێبكرێت. هەروەك لایەنە ئێرانیەكان سەرەڕای هەموو جیاوازی و تەنانەت دوژمنایەتیەك كە بە یەكەوە هەیانە، لەسەر “ئێرانیبوون” كۆك و كۆدەنگن هێڵی سووریانە بە چەپ و ڕاست و لیبراڵ و میللی و پانئیرانیست و ئیسلامی و چی و چییەوە. جا باشە ئێمەی كورد بۆ نابی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی هێڵی سوورمان بێت و كەس بۆی نەبێت بیبەزێنێت؟ نەك پێویست بەڵكوو حەیاتیە كە لایەنە كوردیەكان لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی گەڵی كوردستان لە داهاتووی ئێراندا كۆدەنگ و هاوڕا بن و شەڕ و دانوستانیان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران وەك كورد بێت. ئەو خاڵە بەهێزەی كە دەتوانێت لەسەر ئاڵوگۆڕەكانی ئێران كاریگەریی هەبێت كۆدەنگی و بە قورسایی و هێزی تایبەت بەخۆیەوە بچێتە مەیدان و ئەو قورساییەی بە سەر ئۆپۆزیسیوونی ئێرانیدا بسەپێنێت جیا لەوە نە ئەوەی كە ڕۆڵێكی پێ نادرێت بەڵكوو ناچارمان دەكەن ملكەچی بڕیارەكان و ئەجێندای ئەوان بین. بۆیە، لە هەناسە هەڵمژین پێویستترە كە كورد بەهێزەوە لە هەر كوێەك دەربكەوێت جا ئەوە تارانە ئۆرووپا یان ئامریكایە یان هەر كۆڕوكۆمەڵیك. لە كوردستانیش پێوەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی جەماوەر بێت. پێویستە لایەنە كوردیەكان دوو ڕاستی لەبەرچاو بگرن یەكەم، تاران و نوێنەران و دەسەڵاتدارانی، ئەم لایەن یان ئەو لایەنی كۆمەڵە یان دێمۆكرات ناناسن و هەروەك خەبات و یەكێتیی دێمۆكرات یان لایەنیتر ناناسن تەنیا وەك كورد پێناسە دەكرێن جا سەیرە ئێمە كە دوژمنان و داگیركەران ئاوا چاومان لێدەكەن، ئێمە خۆمان ئاوا ناناسین دووهەم، ئەوەیە كە كەس جێگای كەس لێژناكات و هێچكام لەو لایەنانە بە تەنیایی نوێنەری جەماوەریی خەڵكی كوردستان نین و هەركامە نوێنەرایەتی بەشێك لە كۆمەڵگای كوردی دەكەن جا با پێوەرمان سندووقەكانی دەنگ و دەنگی جەماوەر بێت و لە باتی هەوڵی بێهۆدە بۆ نكوڵیلێكردن و كەتمان، هەوڵ و تەقالامان بە كرداری و دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە بۆ كۆكردنەوە دەنگە خۆڵەمێشیەكان بێت. تا ئەمڕۆ كورد لایەنێكی هەمیشە غایب و لە هەمان حاڵدا كارتێكی یاری بووە. لە نانی شەو واجبترە كە كورد چیتر كارتی یاریی ئەم و ئەو نەبێت و كارتەكانی بەدەستی خۆیەوە بن و كارتی تریش بگرێتە خزمەتی خۆی و لێزانانە یارییان پێبكات.