وندکردنەوەی سنوورەکان و نیگەرانی کۆماری ئیسلامی
وتووێژی رۆژنامەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ڕفێق حسێن پەناهی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێر
پرسیار: وەکوو ئاگادارن هەموو ساڵێک کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی مانۆڤڕی نیزامی سنوورەکان تۆپباران دەکات ، جیاوازی ئەم ساڵ بە نیسبەت ساڵانی پێشووەوە چییە؟
وڵام: لەماوەی 37 ساڵی رابردوودا کە کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بووە هەموو کات بە چاوێکی ئەمنیەتیەوە ڕۆانیویەتە کوردستان و بەتایبەتی سنوورەکانی نێوان کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات. وەکوو دەزانن بە درێژایی پتر لە 50 کیلومتر سنووری نێوان کوردی باشوور و رۆژهەڵاتە و زۆربەی دانیشتووانی شار و دێ نیشینەکانی ئەم سنوورانە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە پەیوەندیکی دانەبڕاوەیان هەیە، راستە سنوورێک لەنێوان کوردی ئەم بەشە لەگەڵ ئەو بەشەی رۆژهەڵاتدا درووست کراوە بەڵام لەڕووی دەروونیەوە قەت ددان بەو سنوورانە نەنراوە و لەبەر پانتایی و زۆری و هەڵکەوتەی شاخەکانی، قەتیش هێزە داگیرکەرەکان نەیانتوانیوە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی سنوورەکان بکەن بەڵام کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەیی دوایدا زۆر هەوڵیداوە کە جگە لەچەندین خاڵی فەرمی لە سنوورەکان هەمووی دابخات و زاڵ بێت بەسەر ئەم سنوورانەدا. ئەم سنوورانە بێجگە لە هاتووچۆی خەڵکی سەر سنوور لە هەمانکاتیشدا پردی پەرینەوەی حیزبە رۆژهەڵاتیەکانە بۆ نێوخۆی وڵات بەمەبەستی چالاکی سیاسی، بۆیە کۆماری ئیسلامی هەموو ساڵێک بە بیانۆگەلێکی جۆراوجۆرەوە هەوڵدەدات کە شەڕێکی ڕەوانی لەرێگای تۆپبارانکردنی ئەو سنوورانە پێش بە هەر جموجۆڵێک بگرێ. جیاوازی ئەمساڵی ئەو مانۆڤڕە نیزامیانە و ئەو جموجۆڵانەی کە لەسەر سنوورەکان بەتایبەتی و بەگشتی لەکوردستانی رۆژهەڵاتدا هاتووەتە ئاراوە، بەبڕۆای من هەڵدەگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی نێوخۆیی ئێران؛ لە ئێراندا خەڵک وەزاڵە هاتوون، هەژاری و نەبوونی کار و هەزار و یەک نەخۆشینی کۆمەڵایەتی بەرۆکی بەخەڵکی ئێران گرتووە، ناڕەزایەتیەکان لە ئێران و کوردستان گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەتایبەتی تا ئەو جێگایەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، فیعل و ئینفعالاتی ناوچەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتە ئاراوە موقعیەتێکی باشی بۆ کورد لە بەشەکانی دیکەدا خۆڵقاندووە. ئەمە کاریگەری هەیە لەسەر مێشک و بیرکردنەوەی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێراندا بۆیە کۆمەڵگای کوردستان زیاتر لەهەموو کاتێک ئامادەگی بەگژداچوونی کۆماری ئیسلامیان هەیە، ئەمانە بەبڕۆای من هۆکارن بۆئەوەی کۆماری ئیسلامی لەرێگای سوپای پاسدارانەوە بە جموجۆڵکردن و توندۆتۆڵکردنی سنوورەکان و مانۆڤڕدان هەوڵبدەن ترس لەدڵی خەڵکدا جێبخەن و بەم شێوەیە لەرێگای میلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری کوردستان بیانەوەێت پێش بەجموجۆڵی هەر حەرەکەتێک بگرن .
پرسیار: بەدوای ئەو مانۆڤڕە نیزامیانە، کۆماری ئیسلامی لەسنوورەکان پایەگای تازەی درووستکردووە کە بەشێکی هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، ئایا ئەمە پێشێلکاری نییە؟
وڵام: کۆماری ئیسلامی قەد پابەندنەبووە بەو یاسا نێودەوڵەتیانە و دەیان جار سنووری بڕیوە و لەنێو خاکی وڵاتێکیتردا چالاکی کردووە بەڵام لەو جێگایەی هەڵدەگەڕێتەوە بۆسەر هەرێمی کوردستان و هاتنەناوەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی لە سنوورەکان و لە شاخی سورێن، هەرێمی کوردستان ئێستاکە لە بارودۆخێکی نالەباردایە؛ لەلایەک بەپانتایی هەزاران کیلۆمتر لە شەڕدایە لە دژی داعش و هەموو هێزی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی نەهێڵێ کوردستان بکەوێتە دەستی داعش، لەلایەکی دیکەوە هەندێک کێشەی نێوخۆیی وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی لەم هەلە کەڵکوەربگرێ و بەبێ ئەوەی پرس یان گوێ بداتە هەر سکاڵایەک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، سنوورەکان بەئاشکرا ببڕێ و بێتە نێو خاکی کوردستانی باشوورەوە. هەر لەم بارەیەوە ماوەیەک پێش ئێستا یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران باسی لەوە کرد کە ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوسنوور نین ئێمە لەگەڵ بەقەولی ئەو ( چدانقلاب)دا هاوسنوورین و ئەگەر ئەوان_ واتە هەرێمی کوردستان_ نەتوانن سنوورەکانیان بپارێزین ئێمە دەیپارێزین. کەوابوو ئێران زۆری بۆ گرنە سنوورەکانی بپارێزی. لەم ماوەیەشدا هەموو هەوڵیداوە لە داخستی سنوورەکان کە هەزاران کاسبکار بێکاربوون و لە ئاکامی مانگرتن و نارەزایەتی خەڵکدا ناچاربوون بازیبکەنەوە، لەلایەکی دیکەوە بە نوێژەنکردنەوەی پایەگاکان و دانانی مین و کەمیندانانی هێزەکانی سوپا و تەقەکردن لە کۆڵبەران گۆشارێکی هێناوە بەو مەبەستانە کە لە سەرەوە باسم کرد.
پرسیار: گرتنی سنوورەکان چ کاریگەرێکی لەسەر خەڵکی ئاسایی و حیزبە سیاسیەکان هەییە؟ بەتایبەتی کۆمەڵە؟
وڵام: داخستنی ئەو سنوورانە بێگۆمان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و بەشێکی زۆری بازارەکان لە کوردستان هەیە. ژیانی خەڵکی ئێران لە نەبوونی کار و داڕووخانی ئابووریدا تووشی کێشە و گرفت هاتووە، بەشێکی زۆری کرێکارانی کوردستان وەرزین و لە نەبوونی کارخانە و پێشەگەلێک لە کوردستاندا بەناچار کۆچ دەکەن و دەڕۆنە شارە گەورەکان لە ئێران لە وانە : تاران و ئیسفەهان و هتد. ئەو بارودۆخە نالەبارە ئابووریە کە سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە هەموو پرۆژە ساختمانیەکان و کۆمپانیاکانی لەو شارانەش کە نێوم بردن تووشی گرفت هاتن و وەستان لەم حاڵەدا بەشێکی زۆری کرێکاران کوردستان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد کە زۆربەیان بە هۆی گرفتی یاسایی و ئەو موشکلاتانەی کە یاسای ئێران ڕووبەرووی دەکردنەوە بەناچار بە قاچاخی دەهاتن بۆ کار لە هەرێمی کوردستان. ئەوەش بەداخستنی سنوورەکان بێشک ئەو بەشەش لە کرێکاران ناتوانن بێن، لەلایەکی دیکەوە خەڵکی شارە سنووریەکان کە ساڵگارێکە ژیانیان لەسەر ئەم سنوورانە دەگوزەرێت، بە داخستی سنوورەکان قەیرانێکی جددی درووست دەبێ کە کاریگەری دەبێ لە سەر بازاری شارەکانی دیکەی کوردستانیش. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بە هەمانشێوە کاریگەری هەیە. زۆربەی خەڵکی ئەو گوندانەی ئەم دیوی سنوور و ئەو دیوی سنوور پێکەوە هاتووچۆی کۆمەڵایەتیان هەیە و خزم و کەس و کاریان لەنێو یەکدایە کە رێگای هاتووچۆیان لەو سنوورانەوە بووە. بەگشتی داخستن و توندگرتن و کۆنترۆڵکردنی ئەو سنوورانە لەم کاتەدا زۆر بە زیانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بەتایبەتی خەڵکی شار و دێنیشینە سنووریەکانە، لەو جێگایەی کە هەڵدەگەڕێتەوە بۆسەر حیزبە رۆژهەڵاتیەکان و لەوانە کۆمەڵە جیاوازی هەیە ئێمە حیزبێکی سیاسین کە مێژویەکی دوور و درێژمان هەیە لە خەبات و پتر لە 25 ساڵە ئێمە بەو سنوورانەدا هاتووچۆ دەکەین کۆماری ئیسلامی قەد نەیتوانیوە رێگرێکی تەواو بێ لەبەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا، وەکوو لەسەرەوەدا باسمکرد کوردستان لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە شاخاوییە و ئەو شاخانەش هەموویی ئاسانکاری درووستدەکەن بۆ هاتووچۆی هێزی پێشمەرگە .
پرسیار: سوپای پاسداران جیاواز لەهێزی ئینتزامی لەساڵانی رابردوودا هاتوونەتە ئەو سنوورانەوە، هۆکاری دەستێوەردان و دەخالەتی زیاتری سوپا چییە؟
وڵام: سوپای پاسداران لەساڵانی رابردوودا زۆر هەۆڵیداوە کە دەسەڵاتی خۆی بەسەر هێزە چەکدارەکانی دیکەی ئێراندا زاڵ بکات، لەم بارەیەوە سەرجەمی ئابووری ئێرانی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لە بەڕێوەبردندا هەوڵیداوە کە زیاتر لەهەموو هێزێک دەخالەت بکات، بەگشتی لەم ساڵانەدا جم و جۆڵی زیاتر بووە، بەنیسبەت سنوورەکانەوە سوپای پاسداران تەنیا هێزێکی چەکدار نییە بەڵکوو هێزێکە کە لەمافیا دەچێ و زۆربەی کاری قاچاخ لەو وڵاتەدا سوپا دەیکات، بەتایبەتی بەدوای تەحریمەکان، سوپا لەرێگای نایاسایەوە هەۆڵیداوە دەوری تەحریمەکان بداتەوە. هەروەها بە مەبەستی دەخالەت لە وڵاتانی دراوسێدا و بەمەبەستی هاتووچۆی هێزە ئیتلاعاتیەکان و بردنی چەک و چۆڵی نیزامی بۆ گرووپە تروریستیەکان لەناوچەکەدا، پێویستی بەزاڵبوونی زیاتر هەیە بەسەر ئەو سنوورانەدا. لەبەر ئەم هۆیانە و دەیان هۆکاری دیکە، سوپا دەیەوێت بەبێ دەسەڵاتکردنی هێزەکانی دیکە لەوانە ئەرتەش و نیرویی ئینتزامی، بۆخۆی زیاتر زاڵ بێ بەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان .