وتووێژی ڕۆژنامەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە جەولەی سیاسی نزامی کۆمەڵە و کاری پێشمەرگانە بەبۆنەی 31ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەگەڵ هاوڕێیان: عەلی بەهمەنی(سێف)(جێگری کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە) و خەلیل فەتاحی(خەلیلە سوور) ئەندامی کومیسیۆنی نیزامی کۆمەڵە.
پرسیار: کاک عەلی سەرەتا سپاست دەکەم کە بەشداریتان کرد لەم وتوێژەدا بۆ قسەکردن و تاوتوێکردنی “کاری نیزامی” و “کاری پێشمەرگانە” لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە:
وڵام:زۆر سپاس بۆ ئێوە و ڕۆژنامەی ئاسۆی ڕۆژهەڵاتیش، هیوادارم ئێوەش ماندوو نەبن.
پرسیار: دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی کۆمەڵە ناچار بوو دەستبباتە چەک و هەڵوێستی نیزامی تایبەت بەو سەردەمە وەربگرێت، خەبات نزامی یان چالاکی پێشمەرگانەی ئەوکاتە چۆن بوو؟
وڵام:ئەگەر ئێمە باسێک لە خەبات و تێکۆشانی ساڵەکانی 60 و تەنانەت کۆنتریش بکەین، خەباتی چەکداری هاوشان لەگەڵ خەباتی سیاسی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد و لە شارەکانی ئێران و کوردستان ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵدا. هەمووومان ئەوە ئەزانین دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی سەرهەڵدانێکی سەراسەری و گشتگیر نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە سەرتاسەر ئێراندا دەستی پێکرد، هەر لە حیزبە چەپەکانەوە بگرە تاکوو حیزبە ناسیۆنالیستەکان. ئەوەیکە لە کوردستان دەستی پێکرد، ئەوە بوو کە حیزبێک لەژێر ناوی کۆمەڵە بە ڕێبەری “کاک فوئاد”ەوە سەریهەڵدا و توانی حیزبێک بێت کە جوابگووی زەروورەتەکانی ئەوکاتەی کۆمەڵگای کوردستان بێت، لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئەو کات یەک حیزب لە ئارادا بوو ئەویش حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، سیاسەتەکانی حیزبی دێمۆکرات دیار و ئاشکرا بوو بەڵام سیاسەتی ئەو کاتەی کۆمەڵە هەڵقوڵاوی بۆشاییەک بوو بۆ گردۆکۆکردنی هەموو پرسە سەردەمیەکانی وەک پرسی ژنان، کرێکاران، دەرەبەگەکان، چینی بەشمەینەت و چەوساوە لە کوردستاندا بەم پێیە سەرهەڵدان و بوونی زەروورەتێک بۆ کۆمەڵە خۆی بە جوابی ئەو زەروورەتە دەزانی. هەموومان بینیمان شۆڕش دەستی پێکرد و کۆمەڵە ئێعلامی موجوودیەتی کرد، کۆمەڵە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەزاران کەسی پێوە پەیوەست بوو، وەها هێزێکی پێکهێنا لە کوردستان کە لە تەسەوری هیچ کەسێکدا نەبوو. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەهەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بڵاوبووەوە و بەتەواو هێزیەوە لە بەرابەر کۆماری سەرکوتگەری ئیسلامیدا وەستایەوە و مقاومەتی سەرخەختانەی کرد. شەڕی قارەمانانەی 24 ڕۆژەی سنە دەستی پێکرد، لەو حاڵەتەدا کۆمەڵە لە بەرابەری کۆماری ئیسلامیە وەستاوە، دەشی توانی زیاتریش مقاومەت بکا و زیاتریش بمێنێتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەیکە کۆماری ئیسلامی ڕژێمێکی دیکتاتۆر بوو، بەڕاسی دەستی لە هێچ شتێک نەئەپاراست و هەرچی لە دەستی بهاتبا بۆ گرتنی کوردستان ئەیکرد. زۆر کەس شاهێدن کە چۆن خەڵکی کوردستانی قەتڵە عام کرد. خەڵکێکی زۆری لە شاری سنە کوشت و بەردەوام لە ناوچە جنووبیەکانی کوردستان، پەرەی بە کوشتن و بڕین دەدا و دەستی لە پیر و جەوان، نێر و مێ و مناڵان و خەڵکی مەدەنیش نەدەپاراست و لەهەر دەرفەتێکدا بە بیانوی بوونی پێشمەرگە یان هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەخەستی خەڵکی سەرکوت دەکرد. بەم دەلیلانە ئەوکاتە کۆمەڵە بڕیاریدا بەهۆی ئەوەیکە خەڵک زەربەی زیاتر نەخۆن و تووشی ماڵوێرانی نەبن لە شارەکان پاشەکشە بکەن و بکشێنەوە ناو گوندەکانی کوردستان. سال بە ساڵ هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئەزموونی کاری نیزامی و پێشمەرگانە، کۆمەڵە ڕووی لە گەشە ئەکرد، پەروەردەکانی پتەوتر و بەئەزموونتر دەبوون. لەو باروودۆخەی کە کۆمەڵە هەم لەباری ڕاگەیاندن هەم لەباری نیزامیەوە ئەزموونێکی ئەوتۆیان نەبوو، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە توانیان زۆر بەچڕوپڕی کۆمەڵە ڕابگرن. کۆمەڵە لە ژینگەی تازە خولقاوی ئەکاتدا توانی زۆر کارێ نوێ و پێشکەوتنخوازانە بکات لە کوردستاندا؛ بۆنموونە باسی دفاع لە مافی کرێکاران و زەحمەتکێشانی هێنایە ئاراوە، وەکوو یەکەمین حیزب ژنانی چەکدار کرد، لە کاتێکا ئەم کاری کرد کە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان بەگشتی فەزایەکی سونەتی بەسەریدا زاڵ بوو بەڵام کۆمەڵە توانی ئەم کار بەو پەڕی توانا و بوێریەوە کرد و زۆر نموونەی دیکە. بەڵام لە 28 گەلاوێژدا، خمەینی بڕیاری هێرشی بۆسەر کوردستاندا دەرکرد و سەرجەم فەرماندە نیزامیەکانی بۆ سەرکوت و بەرنگار بوونەوە لەگەڵ کورد ناردە کوردستان. لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا ستوون هایەکی عەزیمی جێگیر کرد و شەخسێک بەناوی خەڵخاڵی ناردە کوردستان. خەڵخاڵی دەستی لە هیچ نەپاراست بە سەدان کەسی بێتاوانی بێ ئەوەی بزانێ بە چی تۆمەتبارکراون و بەبێ دادگایی ئیعدام کرد و وەحشەتێکی نامۆی خستە دڵی خەڵکی کوردستانەوە.
دوای ساڵی 1367 کە ئاتەش بەسی ئێران و ئێراق ڕاگەێنرا و ئێران جامی زەهری نۆشی، ئێران سەری سووکتر بوو و سنوورەکانی پتەوتر کرد و لە بەرابەریشدا حکوومەتی بەعس هەر ئەو کاریە کرد و بووە هۆی کەم ڕەنگبوونی چالاکی هێزیپیشمەرگە.
پرسیار: بەرلەوەی کە باسەکەمان ببەینە قۆناغێکی دیکەوە واتە کشانەوە بۆ ئەو دیو سنوورەکان(سنووری کوردستانی باشوور)، ئێستراتێژی ئەو کاتەی کۆمەڵە هێرش بوو یا بەرگری؟
ئێمە زیاتر لە کوردستان مقاومەت مان کرد، ئێمە هێرشبەر نەبووین، ئێمە دفاعمان لە خاکی خۆمان ئەکرد. ئێمە داوای خاکی خۆمان ئەکرد، خۆ لە کوردستان بەو لاوە نەڕۆشتینە هیچکوێ و داوای هیچمان نەکرد، ئێمە چالاکیمان لە چوارچێوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بوو، کۆماری ئیسلامی لە خاکی خۆماندا هێرشی ئەکردە سەرمان و ئێمەش مقاومەتمان کرد و گەورەترین زەربەیشی خوارد لە کوردستان.
پرسیار:کاتێکە هاتنە ئەم دیو سنوورەوە، خەباتی کۆمەڵە ڕۆشتە نێو فازێکی دیکەوە؟ لەم فازە تازەدا کاری نیزامی و پێشمەرگانە چۆنە؟
وڵام:ڕاستە، وایە. کاتێک کە ئێمە هاتینە ئەم دیوی سنوورەکانی کوردستانی باشوور، کاری پێشمەرگانە و نزامی لە قۆناغی ڕۆشتە قۆناغێکی دیکەدا بوو و گۆڕا بۆ شێوازێکی دیکە کە درێژەدا بەپێی مەجال لەسەری دەدوێین. پێشووتر ئێمە کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بووین و شار و گوندەکان بەدەستمانەوە بوو زیاتر ئەمەنتوانی کار بکەین بەڵام کاتێکە هاتینە ئەم دیوی سنوورەکان وەک پێشتریش بەکورتی ئاماژەم پێدا قوناغەکە گۆڕا. بەباوەڕی من لەباری رێخستنەوە کۆی کۆمەڵە گوڕانکاریەکی گەورەی بەسەردا هات و ئەم گۆڕانە لەهەموو بەشەکانی ڕێخستندا دەستی پێکرد واتە هەم لە باری سیاسی و هەم لە باری ئەمنیەتی و هەم لەباری نیزامی و پێشمەرگانەدا؛ هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەگشتی ئاراستەی کارکردنی بەم شیوەیە داڕێژرایەوە_ هەڵبەت ئەمە بەم واتا نیە کە پێشووتر ڕێخستن لە ئارادا نەبووە_ بەڵکوو بەو مانایە کە دەورەیەکی دیکە لە کاری سازماندان و ڕێخستن لەناو کۆمەڵەدا دەستی پێکرد و سازماندانەکان و ڕێخستن ئەم سێ لایەنەی بەنسبەت کاری پێشمەرگانەوە تۆکمەتر کردەوە. کەواتە ئەمە بەو مانا نەبوو کە بڵێین خەبات وەستا، پاش ئەو ڕێخستنە نوێیە خەبات بڵێسەی زیاتریشی سەند. کۆمەڵە ڕێخستنەکانی لە ناوەوە زۆر پتەوتر کرد و کادر و ئەندامان و لایەنگرەکان و تەشکیلاتی نهێنی ڕاسپارد کە کرێکاران یەکگرتووتر کەن، ڕایسپاردن کە ڕیکخەریمانگرتن و ناڕەزایەتیەکان بن و وەکوو سەنەدیش هەموو ئەو چالاکیانە مەکتووب کراون و لە ئەرشیڤی کۆمەڵەدا بوونیان هەیە؛ لەباری نزامیشەوە هەروەها بە سەدان عەمەڵیات، چ فەردی و چ تیمی لە کوردستاندا بەدەستی پێشمەرگەی کۆمەڵە سەرکەوتوانە ئەنجام دراوە و ئەمەشیان وەکوو فیلم و وێنە سەبتکراوە لەئەرشیڤەکانی خۆماندایە. چالاکیەکانی ئێمە دوای ڕاپەڕینی باشوور و بەدوای ڕووخانی ڕژیمی کۆنەپەرەستی سەدام دژوارتر بووەوە. بۆیە ئەڵێم سەختتر بەو مانایە نیە ئێمە توانایی چالاکی نیزامی و پیشمەرگانەمان نەبوو، هەمان بوو و ئێستاکەشی لەسەر بێت هەمانە، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەبوو کە لەچوار پارچەی کوردستان، کوردستانی باشوور وەکوو پارچەیەکی تازە ڕزگار کرابوو، ئێمە بەهۆی ئەوەی کە کوردستانی باشوور بونیانەکەی بەهێزتر بێت تا ڕادەیەک کارە نیزامیەکانمان کەم کردەوە و فکووسمان خستەسەر کاری سیاسی و کاری ڕێخستنی ناوخۆ. ئەگەر ئێمە تیمێک یان واحێدێکی پێشمەرگەمان دەرۆشتنەوە بۆ ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ کاری سیاسی و مەئمووریەتی تایبەت دەچوونەوە، ئەگەریش هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەعەڕۆزی کردبێتە سەر ئەو تیمە یان واحیدێکی ئێمەلەبەرامبەردا وڵامی داوەتەوە و دفاعمان لە خۆمان کردووە.
پرسیار:کاک خەلیل دێمە لای جەنابت، نزیک بە 14 ساڵە تۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی، لەم ماوەیەشدا بەردەوام هاتووچووی سنوورەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتت کردووە و بەشداریتدرووە لەزۆربەی جەولە سیاسی نزامیەکاندا، کاتێک کە دەڕۆنەوە بۆ جەولە و لەگەڵ خەڵگ ڕووبەڕوو دەبنەوە هەڵسووکەوتی خەڵک چۆنە لەگەڵتان و بەچ شێوەیەک پێشوازیتان لێدەکەن؟
وڵام: لەو ماوەیدا کە من پێشمەرە بووم و جەولەی سیاسی نیزامیم کردووە و سنوورەکانمان بڕیوە و ڕۆشتینەتەوە ناو دڵی خەڵک، هەستم بە شتێکی زۆر بەرجەستە کردووە، خەڵک تامەزرۆی دیتنی هێزی پیشمەرگەی کۆمەڵەی بووە. لە دەورانێکدا پێشمەرگە هەمیشە ناو دڵی خەڵکدا بووە و حزووری فیزیکی لە شارە و گوندەکاندا بووە، ئێستا پێشمەرگە وەکوو هێزێکی شۆڕشگێڕ لەدەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، بەڵام خەڵکی کوردستان هەر سەر و دڵخۆشن بە دیتنی دووبارەی پێشمەرگە. ئەوە بۆ خەڵکی کورستان دەرککراوە و هەستی پێدەکەن کە بەڕاستی پاڵپشت و پشتیوانی چینی چەوساوەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان بووە و پاڵپشتی ئەو بزووتنەوەیە کە تا ئێستا لەحاڵی خەبات و موبارزەدایە؛ هەرچەند سەخت ودژوارە ئەو سنوورە دەستکردانەی کۆماری ئیسلامی ببەزێنیت، هەرچەند کاری پێشمەرگانە تا ئاستێک سەخت بووەتەوە و لەمپەرگەلێکی وەک پاراستنی بەرژەوەندی و سەقامگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشووریشی پێزیادبووە بەڵام ئێمە هەر هاتووچووەکانی خۆمان بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات نەوەستاندووە سەرەڕای دژواریەکانی درێژەمان بەکاری پێشمەرگانەی خۆمان داوە و بەڕاستی دەیبینین کە خەڵک پێیان خۆشە و ئێستقباڵی وەسفناپەزیرمان لێدەکەن.
پرسیار: مەبەستتان لە پاڵپشتی چیە؟
وڵام:کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر خەڵکی کوردستان هیچ ڕەحم و بەزەیەکی نیە، ڕۆژ نیە شارۆمەندانی کورد دەستگیر نەکات و حوکمیان نەدات، تا بۆی بکرێت مادە هۆشبەرەکان لە شار و گوندەکان بڵاودەکاتەوە و پەرەیان پێدەدات بەڵام لەلایەکی دیکەوە هێزی پێشمەرگە چۆن دەبینن؟ هێزی پێشمەرگە بەجگەرگۆشە و ڕۆڵەی خۆیان دەزانن، کچان و کوڕانی خۆیان هێزی پێشمەرگە پێک دێنن، خەڵکی وەکوو کەسانی بەرحەق دەڕواننە هێزی پێشمەرگە. بۆنموونە لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان ئاغا و دەرەبەگەکان بەسەر خەڵکدا زۆڵم و زۆریان کردووە و پێشمەرگەی کۆمەڵە ڕێگری قورس و قایمی ئاغا و دەرەبەگەکان بووە یا ئەوەیکە خەڵکی گوندێک بەدەس کەسێکەوە کە مادەی هۆشبەری لەو گوندە بڵاو کردووەتەوە و حکوومەتی هیچی پێنەوتووە بەرخوردمان لەگەڵدا کردووە و هۆشداریمان پێداون و کە دەس لەو کارانە هەڵبگرن و زۆرجارێش یارمەتی جۆراوجۆری خەڵکمان کردووە و بەهانایانەوە ڕۆشتووین.
پرسیار: تایبەتمەندیەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەڕوانگەی تۆوە چیە؟
وڵام:پێشمەرگەی کۆمەڵە خاوەنی تایبەتمەندیەکی یەکجار زۆرە. لە پشت کارتی پێشمەرگایەتی منەوە نووسراوە پێشمەرگەی کۆمەڵە دەست پاک و داوێن پاک و پاڵپشتی هەژاران و چەوساوەکانە؛ پێشمەرگەی کۆمەڵە لەڕووی هەڵسووکەوت و قسەکردنەوە کە ناشی لە بیرۆکەیەکی ئازاد و ڕزگاریخوازانەی بەرحەقە لە قوتابخانەی کۆمەڵەدا بەبێ ئەوەی کە بۆخۆی وتبێتی کە من پێشمەرگەی کۆمەڵەم خەڵک ناسیویانە. ئێمە تەنانەت ئەگەر برسی و توونیش بووبێتین هیچکات بەبێ ئیزنی ساحێب ماڵێک، ساحێب باخێک و… دەستمان نەبردووە بۆ سەر خواردەمەنیەکانیان. تا ساحێب باخەکە ڕەزایەتی نەبووبێت ئێمە لە میوەی باخێکەمان نەخواردووە. لەحاڵێکدا هەندێک لایەنی دیکە کە ڕەنگە ناوە ناوە حزوورێکیان بووبێت هەر بە زۆرە ملی خواردەمەنی و یارمەتییان لە خەڵکی سەندووە. لەناو کۆڕ و کۆمەڵی خەڵکی ئاسایی و لە قسە و باسەکانیان لە کوردستاندا، بەردەوام پێشمەرگەی کۆمەڵەیان بەخاوەنی تایبەتمەندی و چوارچێوەی ئەخلاقی،سیاسی،کۆمەڵایەتی و پێشمەرگانەی تایبەت زانیوە و خوێندنەوەی خۆیان هەبووە لەسەر ئێمە.