“بەرنامەی كۆمەڵە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فێدڕاڵ و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتیی خەڵك لە كوردستان”
پەسەندكراوی كۆنگرەی نۆهەمی كومەڵە
پووشپەڕ، گەلاوێژی 1380
پێشەكی
لە روانگەی ئێمەوە، دەستەبەربوونی ماف و داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان بە شێوەیەكی شایستە و پایەدار، لە رێگەی دامەزرانی سیستمێكی دێمۆكراتیكی پەیگیرەوە لە ئێران كە بێ ئەملا و ئەولا و بە تەواوی مافی نەتەوەكان لە دیاریكردنی چارەنووسیاندا بە رەسمی دەناسێ و لە دەستوور (قانوونی ئەساسی)ی خۆیدا رایدەگەیەنێ، ئیمكانی هەیە.
ئێمە خوازیاری پێكهاتنی ئێرانێكی فێدراتیڤ و دێمۆكراتیكین كە لە كۆمەڵێك “حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی هاوماف پێك دێ و حكوومەتی فێدڕاڵی ناوەندی تێیدا نوێنەری هاوبەش و هەڵبژاردەی هەموو ئەم گەل و ناوچە فێدڕاڵانەیە.
ئێمە لێرەدا بەرنامەی كۆمەڵە بۆ پێكهاتنی كوردستانێكی فێدڕاڵ رادەگەیەنین؛ بەرنامەیەك كە پەیوەندی لەگەڵ ئامانجەكان و ستراتێژیی گشتی كۆمەڵە هەیە و بەدیهاتنی لە خزمەت دێمۆكراتیزە كردنی ساختاری سیاسیی ئێران، پەرەپێدانی مەیدانی بەشداریی جەماوەر لە بەڕێوەبردنی كاروباری خۆیاندا و هەروەها لە خزمەت لاچوونی ستەمی نەتەوەیی لە سەر نەتەوەی كورد و دامەزرانی دێمۆكراسی لە كوردستان دایە.
ئێمە بۆ بە دست هێنانی مافی دیاریكردنی چارەنووس و بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەم بەرنامەیەدا راگەیەندراون، لە رێگەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كۆمەڵانی گەلی كوردەوە خەبات دەكەین و، جەماوەری بەرینی خەڵكی كوردستان بۆ بەسەركەوتن گەیاندنی ئەم بزووتنەوەیە و بەدیهێنانی ئەم داخوازانە كۆدەكەینەوە و رێكیان دەخەین. لە هەمان كاتدا ئێمە ئەم داخوازانە بە پشت بەستن بە خەباتی جەماوەر لە هەموو حكوومەتێكی ناوەندیش داوا دەكەین.
فەسڵی یەكەم
سنووری دەسەڵاتی حكوومەتی فێدڕاڵی كوردستان
یەك: هەرێمی فێدڕاڵی كوردستان، لە یەكگرتنەوەی ئازادانە و دڵخوازنەی ناوچە كوردنشینەكانی رۆژئاوای ئێران، كە كەوتوونەتە ناو چەند پارێزگا، لە یەكەیەكی سیاسی و ئیداریدا پێك دێ.
دوو: هەموو كاروباری پەیوەندیدار بە یاسادانان، دادوەری، پۆلیس، ماڵیات، ئیداری و فەرهەنگیی كوردستان لە ئەستۆی “حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی كوردستانە. خەڵكی كوردستان، وەك هەموو ناوچە فێدڕاڵەكانی ئێران، لە هەمان كاتدا بەشێك لە دەزگاكانی یاسادانان و بەڕێوەبەرێـتی حكوومەتی فێدراتیڤی ئێران پێك دێنن.
سێ: كاری پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، پارێزگاری بەرانبەر بە هێرشی دەرەكی، بەرنامە و سیاسەت داڕشتنی درێژ ماوەی ئابووریی، سەراسەری و سیستمی دراوی وڵات و تۆڕی پەیوەندیەكانی وڵات، لە دەسەڵاتی حكوومەتی فێدراتیڤی سەراسەری دایە. بەڵام لە هەر كام لەم بوارانەدا بڕیارێك كە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەرژەوەندەكانی گەلی كوردەوە هەبێ، بە راوێژ كردن لە گەڵ “حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی كوردستان دەبڕێتەوە.
چوار: پۆلیس (ئینتزامات)ی ناوخۆی كوردستان لە دەسەڵاتی”حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی كوردستان دایە و هەرچەشنە راگواستنێكی چەكدارانەی هێزی چەكداری حكوومەتی فێدڕاڵی سەراسەری لە هەرێمی فێدڕاڵی كوردستاندا، بە رەزامەندی و چاوەدێریی بەرزترین دەزگای حكوومەتی فێدڕاڵی كوردستان دەكرێ.
پێنج: حكوومەتی فێدڕاتیڤی سەراسەری هەموو ساڵێ بە پێی رێژەی دانیشتووانی كوردستان، لە چاو هەموو دانیشتووانی ئێران و بە لە بەرچاوگرتنی پێویستی قەرەبوو كردنەوەی دواكەوتووییە ئابوورییەكان و بردنە سەری ئاستی گوزەران و ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان، بەشێك لە بوودجەی وڵات بۆ كوردستان تەرخان دەكا. چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو بوودجەیە، لە دەسەڵاتی “حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی كوردستان دایە.
شەش: لە دەزگا دەوڵەتیەكاندا، لە خوێندنگەكان و زانكۆكانی كوردستان و دەزگا رۆشنبیری و هونەرییەكاندا و لە دەزگاكانی راگەیاندندا، زمانی كوردی وەك زمانی رەسمی بەكار دەبرێ. زمانی فارسیش لە كوردستان زمانێكی رەسمییە و لە خوێندنگەكان دەخوێندرێ. زمانی رەسمیی نامە گۆڕینەوە و پەیوەندی گرتن لە گەڵ حكوومەتی فێدڕاڵی سەراسەری، زمانی فارسییە.
فەسڵی دووهەم ــ سەرخەتەكانی بەرنامەی حكوومەتی فێدڕاڵی
سەرخەتەكانی سیاسەت و بەرنامەی كاری “حكوومەتی هەرێمی” فێدڕاڵی كوردستان بریتین لە:
یەكەم: جیایی دین لە دەوڵەت، دین بە مەسەلەی خوسووسیی كەسەكان دادەندرێ و هەركەس ئازادە هەر دینێكی هەبێ یان هیچ دینێكی نەبێ، ئازادیی هەموو دینەكان و ئازادیی پەیڕەوانی دینە جۆراوجۆرەكان لە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمە دیینیەكانی خۆیان دا.
دووهەم: یەكسانیی مافی ژن وپیاو لە هەموو بوارێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسیدا و دانانی یاسا و رێسای وا كە هەموو ئەو نابەرابەرییانەی هەن هەڵوەشێنێتەوە و لە ژیان و فەرهەنگی كۆمەڵیان بسڕێتەوە.
سێهەم: هەڵبژاردەبوونی دەزگاكانی بەڕێوەبەری و كاربەدەستان.
چوارەم: زەمانەت كردنی ئازادیی تەواوی بیروباوەڕ، دەربڕین و چاپەمەنی و هەڵسووڕانی سیاسی، ئازادیی تەواوی رێكخراوەكان و حیزبەكان و كۆڕ و كۆمەڵە ئەدەبی و هونەری و پیشەییەكان، ئازادی تەواوی سەندیكاكان و شوورا كرێكارییەكان، هەڵسووڕانی پیشەیی و سیاسییان.
پێنجەم: هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی و كەم كردنەوەی مەینەت و بێ بەشیەكانی جەماوەری كرێكار و زەحمەتكێش و دابینكردنەوەی پێویستییە سەرەكییەكانی لەش ساغی و خوێندن و تەئمینی كۆمەڵایەتی.
شەشەم: بەڕێوەبردنی گرینگترین و سەرەتاییترین داخوازە كرێكارییەكان، وەك دیاریكردنی لانی كەمی حەقدەستی كرێكاران بە پێی ئاستی گرانی و پێویستییەكانی بژێوی بنەماڵە كرێكارییەكان، دامەزراندنی سیستمێكی تەئمینی كۆمەڵایەتی و بیمەی بێكاری.
حەوتەم: پێكهێنانی سیستەمێكی ماڵیاتی هەتا كۆتایی تەمەنی 16 ساڵی.
هەشتەم: دامەزراندنی سیستەمێكی خوێندن و پەروەردەی زانستی و پێشكەوتوو كە بە بێ هەڵاواردن لە دەستڕەسی هەموواندا بێ. بنەبڕكردنی نەخوێندەواری لەرێگەی بەڕێوەبردنی پەیگیرانە و خێرای پڕۆژەی خوێندەوار كردنی گەورە ساڵانەوە.
نۆیەم: پاراستن و باشكردنی ژینگە، لە پاراستنی دارستانەكان و ئاو و سەرچاوە سروشتیەكان و دروست كەڵك لێ وەرگرتنیان لە پێناو ئاوەدانی و ئاسوودەیی گشتیدا.
دەیەم: پەرەپێدان و گەشەپێدانی فەرهەنگ و هونەر، رۆژنامەكان، كتێبخانە گشتییەكان و دانانی رێگا و شوێنێك كە دەسكەوتەكانی تەكنۆلۆژی و زانست و پەیوەندییەكان لە دەستڕەسی لاوان و كۆمەڵانی خەڵك دابن.
یازدەهەم: خەبات لە دژی هۆكارەكانی گیرۆدەیی بە مادە سڕكەرەكان، پێكهێنانی دەرفەت و پێویستییەكانی و هاندان، وەرزش كار فێر بوون و پەروەردە بوون بۆ تازە لاوان و لاوانی كوردستان.
دوازدەهەم: پەرەپێدانی رۆحی برایەتی و پێكەوە ژیان لەگەڵ گەلانی دیكەی ئێران، دابینكردنی مافەكانی هەموو كەمایەتیە نەتەوەیی و فەرهەنگیەكان لە كوردستان.