رۆژی ٣١ جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی كاك سەعید موعینی ناسراو بە خانە، شۆڕشگێڕێكی ماندونەناس بۆ ئەزموون وەرگرتنی زیاتر بۆ بەهێزتر كردنی هەوێنی خەباتی كوردستانی رۆژهەڵات لە لایەن سەركردایەتی ئەو كاتی كۆمەڵە دێتە نێو گوڕپانی خەباتی كوردستانی باشوور لە ناوچەی ماوت و گەیشتن بە سەركردایەتی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان. بەڵام سەد مەخاب خولیا گەورەكەی كاك خانە زۆری نەبرد و وێڕای چەند پێشمەرگەی یەكیەتی لە شەڕێكی قارەمانانەدا لە گەڵ رژیمی بەعسی عێراق گیانی ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەكانی بەخت كرد و بوو بە ئیلهام بەخشی رێگەی پێشمەرگەی كۆمەڵە.
بەرزراگرتنی رۆژی ٣١ی جۆزەردان وەبیرھێنانەوەی چەند دەیە لە چالاكی و فیداكاری ھێزێكە كە بە ھاتنی بۆ ناوگۆڕەپانی سیاسی، كوردستانی خستە ناو قۆناغێكی نوێ لە خەبات و تێكۆشان. لە بیر و ھزری خەڵكی كوردستان پێشمەرگەی كۆمەڵە وەكوو ھێزێكی وشیاری سیاسی، لە خۆبردوو، خۆنەویست، خەڵكی و جەسوور دەناسرێت. لێبڕاوانە لە خەبات دژی سیاسەتە نگریسەكانی كۆماری ئیسلامی، بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی كرێكاران و زەحمەتكێَشان، خەبات بۆ بونیادنانی عیداڵەتی كۆمەڵایەتی، ئاڵاھەڵگری بەرابەری ژن و پیاو، بەرگری لە مافی منداڵان لە پێناسە سەرەتاییەكانی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەن.
ھاتنە گۆڕی ئەم بیرۆكانە مژارێكی نوێ بوو لەو سەردەمە و پێشمەرگەی كۆمەڵە پێشمەرگە، هێمای رزگاری نوێنەرایەتی ئەم بیرۆكانەی دەكرد، لە مەڕ پرسی كورد و لابردنی ستەمی نەتەوایەتی بیرۆكەی پێشمەرگەی كۆمەڵە زۆر مرۆڤانە و ئەمرۆیی تر بوو. لە مێژووی خەباتی سیاسی رۆژھەڵاتی كوردستان، بۆ یەكەمین جار ژنان لە ناو ھێزی پێشمەرگایەتی «كۆمەڵە» چەكدار و خاوەنی رێكخراوی سەربەخۆی خۆیان بوون، ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوو بە بەستێنێك و سپەرێك بۆ بە دەستھێنانی بەرژەوەندی و مافە رەواكانی ژنان و بەرگری لێدەكردن. پێشمەرگەی كۆمەڵە بانگەوازی ژنانی كرد بۆ خەبات لە پێناو مسۆگەر كردنی مافەكانیان لە دژی پیاوسالاری و ھەموو ئەو داب و نەریتە كۆنانەی كە ببوونە ھۆی دواكەوتووی كۆمەڵگای كوردستان و لەم پێناوەدا ژنانیان ھاندا و زۆربەی ژنانی ئازادیخواز و بەرابەری خوازی ئەو سەردەمەی كۆمەڵگای كوردستان ھاتنە نێو ریزەكانی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە ئەمە خۆی (سونەت) شكاندنێكی سیاسی و مێژوویی بوو كە تەنیا بە پشتیوانی و پێشوازی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە كوردستان سەری گرت.
بەم پێیە ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بوو بە یەكێك لە ستوونە بەھێزەكانی خۆڕاگری فراوانی كۆمەڵایەتی، خۆڕاگرییەك كە دەرەنجامەكەی بووە ھۆی ئەوەی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی سەریان نەوی نەكرد و پێشمەرگەی كۆمەڵە بە ھۆی بەردەوام بوون لە سەنگەری خەبات لە گۆڕەپانی سیاسی لە نێو دڵی خەڵكی كوردستان زۆر زوو جێگەی خۆی كردەوە و راستی خەباتی خۆی سەلماند. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان رۆڵێكی گرینگ و ئەساسی لە خەبات دژی رژیمی كۆماری ئیسلامی گێڕاوە، ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای ھاتنە سەركاری حاكمیەتی داپڵۆسێنەری كۆماری ئیسلامی خەباتێكی بێ وچانی دژ بە داگیركەرانی كوردستان لە لایەن ھێزەكانی پاسدار و ئەرتەش و خوێنمژانی ئەو رژیمە بردوەتە سەر، بۆیە ئێستاشی لە گەڵ بێت كۆماری ئیسلامی ھیچ كات نەیتوانیوە لە كوردستان پێگەیەك مسۆگەر بكات و ئەمەش بە ھۆی خەباتی رەوا و بەرەحەقی لایەنە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتە و بە تایبەتی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە.
ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە تەنیا ھێزێكی بە رواڵەت چەكدار نییە و ناشبێت، بەڵكوو ئاڵاھەڵگرو بانگخوازی سیاسی، ھاوڕێی و پشتیوانی چینە بن دەستەكانی كۆمەڵگا، خوازیاری مافی ژن و ئازادی سیاسی و كۆمەڵایەتی ژنان، خاوەن بیرورای مرۆڤانە بۆ گەیشتن بە دونیایەكی ئازاد و بونیادنانی عیداڵەتی كۆمەڵایەتی و ..ھتدە، ھەر ئەم تایبەتمەندییانەیە كە بوەتە رەمزی سەركەوتن و خۆشەویستی ھێزی پێشمەرگی كۆمەڵە.
هاتنە مەیدانی هێزی پێشمەرگە بە مێتۆدێكی نوێ، بیر و عەقڵیەتیكی نۆێخواز و مۆدێرن هەر زوو لە گۆڕەپانی خەباتی كوردستان داهێنان و كلتۆرێكی نوێی هێنایە ئاراوە. هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە فاكتەرێكی بەهێزە لە هاوكێشە سیاسیەكان رووداوەكانی ئەم قۆناغە لە خەبات حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان و خۆی سەلماندووە. دەتوانین ئەم راستەی بڵێین كە هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بەرەگریی رەواو چەكدارانەی كرد لە گوتار و شوناس كۆمەڵە خواستێكی دێمۆكراتێك و عادڵانە كە حكومەتی ئیسلامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، بە ناحەق خڵتانی خوێنی كرد و هەزاران هەزار رۆڵەی بێتاوانی خەڵكی كرد بە قوربانی پیلانگێڕیی و كۆنەپەرەستی دەسەڵاتەكەیان.
لە قۆناغی ئێستا ئەركی هێزی پێشمەرگە خۆتەیار كردن بە بیرو باوەڕی تازەو ئامادەیی نیزامیە كە لە كاتی پێویست دا بەو پەڕی لە خۆ بردویەوە بتوانی ئیرادەی خەڵك بەسەر كۆنەپەرەستی و داگیركەری كۆماری ئیسلامی دا زاڵ بكات و پارێزگاری لە دەسكەوتە كانی شۆرشی خەڵكی كوردستان و كرێكاران و زەحمەتكێشان بكات. پێشمەرگە باسكی پۆڵاینی بزوتنەوەی كوردستانە كە لە هیچ كەند و كۆسپێك سڵی نەكردووەو هیچ لەمپەرێك نەیتوانیوە ورەی پۆڵاینی ئەو هێزە تێكۆشەرە لاواز بكات.
ئێستاكە ٤٢ساڵ بە سەر گیانبازی ھاوڕێ خانەی موعینی تێپەڕدەبێت، لە ماوەی چووار دەیەی رابردوو ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە باڵی چەكداری كرێكاران و زەحمەتكێشان و لایەنگرو پشتیوانی بۆ دیفاع لە ئازادی و مافی زەوت كراوی خەڵكی كوردستان و بەرابەری ژن وپیاو و لە كوردستان بووە. لە رێزی پێشمەرگایەتی ئەم ھێزە بە ھەزاران مرۆڤی ئازادیخواز و تێكۆشەر چالاكی و لە خۆبردووییان كردووەو گەلێك شانازی و حەماسەیان لە سەنگەرەكانی خەبات خوڵقاندووەو لە مێژووی كۆمەڵە تۆماریان كردووەوە. لەم نێوەدا سیماگەلێكی ناسراو و خۆشەویستی دڵی زەحمەتكێشانی كوردستان و بە دەیان سەدانی دیكە بوون بە سمبۆلی حەماسە و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان. مێژووی خەباتی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە، مێژووی خۆڕاگری و سەرەفەرازیی خەڵكی كوردستانە. ھەرچەند لە ماوی ئەم ٤دەیە ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە بواری سیاسی و خەباتگێڕیدا كۆمەڵێك ھەوراز و نشێوی بڕیوە و كۆمەڵێك كارەساتیشی بەسەر ھاتووە و زۆر جاریش خەسارگەلێكی قورسی لێكەوتووە، بەڵام بە ھۆی بەردەوام بوون لە خەبات و بڕەوی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە نێو كۆمەڵگای كوردستان و باوەڕ بە ئەو ریشەیەی كە دایكوتیوە توانیویەتی خۆڕاگرانەتر و شێلگیرانە تر لە جاران درێژە بە خەباتی سیاسی خۆی بدات.
بە كورتی خەبات بۆ دەستهێنانی ئازادی، سڕینەوەی ستەمی نەتەوایەتی، وەدەستهێنانی مافی كرێكاران و زەحمەتكێشان، خەبات بۆ مسۆگەركردنی مافی یەكسانی ژنان وپیاوان، عیداڵەتی كۆمەڵایەتی و خەبات دژ بە هەر دیاردە و نەریتێكی دواكەووتوانەی كۆمەڵگا. ئەمانە كۆمەڵێك دەستەواژەن كە چووار دەیەیە لە گوێی هەر مرۆفێكی ئازادایخواز دەزرینگێننەوە. بەڵێ ئەمانە پێناسە سەرەكییەكانی خەباتی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە دژ بە تەمەن نگریسی كۆماری ئیسلامی ئێران.
لە رۆژی پێشمەرگەی دا رێز دەگرین لە گیان فیدایی سەرجەم ئەو كەسانەی شانازی ئەوەیان پێبڕاوە لە ریزی پێشمەرگایەتی دا خەبات بكەن و یان لە كاتی پێشمەرگایەتی دا بە پێشكەش كردنی ئەندامەكانی لەشیان پارێزگاریان لە بوونی شۆرشی كوردستان كردوە. رێز دەگرین لە گیانبەختكردوانی كۆمەڵە و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردوان و هەموو ئەو خەباتكارانەی چ لە رابردوو چ ئێستا لە ریزی هێزی پێشمەگایەتی دا خەباتیان كردووەو خەبات دەكەن.