حکومەتی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستاش وەک یەکێک لە دژە کرێکاریترین دەوڵەتانی ناوچەکە دەناسرێت، ئەم رژیمە زیاتر لە هەرکاتێک لە بواری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، تەنگی بە چینی کرێکار لە کۆمەڵگای ئێران هەڵچنیوەوە رۆژ بە رۆژ زیاتر ئەم چینە هەژارەی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر زەختی ژیانێکی تاقەت پڕوکینەوە. ئەم واقعییەتە تاڵە ، هاوکاتە لەگەڵ پڕژوبڵاوی بەرهەڵستکارییە کرێکارییەکان، نەبوونی ئیمەنی شوێنی کار وبیمەی کۆمەڵایەتی، نەبوونی سەندیکاءورێکخراوی یەکگرتوو و سەربەخۆی کرێکارانی بەشە جیاوازەکان.
ئەمساڵ شۆڕای باڵای کار لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی 5 ملیۆن و679 هەزارتمەن راگەیاند، ئەگەر هەگبەی گوزەراندنی ژیانی بنەماڵەیەکی چووار کەسی لە بەرچاو بگرین دو ملیۆن جیاوازی هەیە و دەبێت ئەو بری حەقدەستە بە شێوەیەکی نیزک لە ستانداردەکانی ژیان 11 میلۆن بێت. هەر چەند بە پێی وتەکانی بەرپرسانی حکومەەتی نزیک بە 57% لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی زیاد کراوە بەڵام بە پێی هەڵاوسان و خرابی بوواری ئابووری و گوزەران ئەمساڵ کرێکاران زیاتر بەرەو هێڵی هەژاری دەڕۆن.
لە حەشیمەتی ٨٤ میلیۆنی ئێران بە پێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی، رێژەی تەمەنی کاری سەرو پانزدە ساڵ 62ملیۆن کەسە، رێژەی ئەو کەسانی کاریان هەیە 23 ملیۆن کەس، رێژەی بێکاران نزیک بە 3 ملیۆن کەس، رێژەی بێکاری سەرو 11%، رێژەی بێکاری لاوەکان 26%.
بە شێوەی مامناوەند لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٠ تا ١٣٩٨ی هەتاوی نزیک بە 33% لە حەشیمەتی وڵاتی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون و هێڵی هەژاری لە 950 هەزار تمەن لە ساڵی ١٣٩٠ بۆ 10 ملیۆن تمەن گەیشت لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی.
شەپۆلی نوێ و بەردەوامی داخرانی ناوەندەکانی کار و بەرهەمهێنان لە ئێران خۆی دەرخەری ئەو پەیامەیە کە توێژی کەم داهات بە تایبەت چینی کرێکار روبەرووی چڕتر بوونەوەی کێشەو گرفتێکی زۆرتر دەبنەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا. کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەموو هەوڵی ئەوەیە کە بە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی چالاکانی ناسراوی کرێکاری، بزووتنەوەی کرێکاری و چینی کرێکاری ئێران چاوترسێن بکات. رژیمی ئیسلامی لە مەر مەترسی هەبوونی رێبەرانی کرێکاری لە ناو کرێکاران بەردەوام تێدەکۆشێت کە هەندێک لە وانە بە بارمەتە بگرێت. گوشار بۆ سەر رێبەرانی کرێکاری و گوێ نەدان بە گوشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان بۆ ئازادی چالاکانی کرێکاری، سیاسەتی ئاگاهانەی خودی رژیمە کە لە لایەن کەسانی باڵادەستی نێو حاکمیەت پەسەند دەکرێت. گوشارخستنە سەر چالاکانی کرێکاری، پەیامی دەوڵەت و خاوەن کارانی حاکمە بۆ هەموو چینی کرێکار و سەرجەم بزووتنەوەی کرێکارای لە ئێران. بەڵام ئەزموونی سەرکەوتووی خەباتی کرێکاری بە تایبەت ئەزموونی کرێکارانی پێترۆشیمی تەورێز و ماهشەهر سەلماندی کە دەوڵەت سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و گوشارانە بۆ سەر کرێکاران ناتوانێت زۆر خۆڕاگر بێت و لە بەرامبەر داخوازییە رەواکانی کرێکاران مل کەج دەبێت.
کرێکاران و زەحمەتکێشان، خەڵکی کەم داهات و دەرئامەد، چینی بندەست و نەدار، قوربانیانی نەبوونی یاساییەکی شیاوی کار و قوربانیانی نەبوونی بیمە جۆراوجۆرەکان و بە گشتی هەژارانی کۆمەڵگا، لە سەروبەندی هەڵمەتەکانی پروپاگاندای هەڵبژاردنەکان و لەوانە سەرکۆماریدا، دەکرێنە ئامانجی تەبلیغاتی و بەڵێنی جۆراوجۆریان پێدەدرێت. پاشان کە کوڵ و کفی هەڵبژاردن دامرکایەوە، ئەوە یەکەم کەسەکان دەبن کە لە بیر دەچنەوە و ئەمە راستییەکی مێژووییە.
ئاشکرایە کە ئابووری ئێران لە پاوانی کێدایە! ناوەندەکانی کاریگەر لە سەر لایەنی کەڵانی ئابووری ئێران و بازرگانی و دەرئامەدە بەرینەکانی بەشی پیشەسازی و کانگاکان و هەتا دووایی، بە موڵکی کەسانی نزیک لە بازنەی حاکمییەت کراوە کە ئەمە لەوانەیە یەکەم هۆکارەکان بێت بۆ ئەوەی بیسەلمێت کە هیوایەک بە ئاڵ و گۆڕ لەو بەشەدا و باشتر بوونی دۆخەکە ئەستەمە. ئەگەر کەس یان کەسانێک بە هەر بیانویەک و بۆ هەر مەبەستێکی وەک هەڵبژاردنەکان بێنە مەیدان و بەڵێنی باشتر کردنی بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک و کرێکاران بدەن، ئەوە دەبێ ئاوا بەرنامەیەک لە سەر بنەمایەکی شەفاف و واقیعی دارژابێت، بەڵام ئایا ئەو بنەما واقعییانە لەو رژیمە و لەو دۆخە چاوەڕوان دەکرێـت کە ئەوان بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە؟
لە دەوڵەتەکانی رابردوودا و بە گشتی لە تەواوی ئەم ساڵانەدا هیچ کات سیاسەتە ئابوورییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەوری بازنەی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران نەبووە. بەڵکوو بەردەوام هەوڵیان داوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی بەشەکانی دیکە لە بەرژەوەندی کرێکاران دابڕن. بۆ وێنە هەر لەم ساڵدا دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاران بە شێوەیەک کە ئەوەندە کەم بێت کە وەڵامدەرەوەی لانی کەمی خواستەکانی ئەو چینە نەبوو، هەوڵێک بوو بۆ کەم کردنەوەی گوشاری گەمارۆکان لە سەر خۆیان و لە بەرژەوەندیی راگرتنی هێڵەکانی بەرهەم هێ،ان بوو نەک کرێکاران، واتە ویستیان گوشار لە سەر لایەنێک کەم کەنەوە بە مەبەستی زیاد کردنی گوشار بۆ سەر کرێکاران و بۆ ئەوەی باڵانسی دڵخوازی خۆیان راگرن.
هەل و مەرجی ئێستای ئێرانی ژێر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی و بەرنامە ناوکی و سیاسەتە دەرەکییەکەی، بێ بەرنامە بوونی لە ئابووری ناوخۆدا و کۆتلە ئابوورییەکانی وەک نزیکانی دەسەڵات و پاوانخوازی سپا لە ئابوری ئێراندا، خەرجە میلیاردییەکانی کە بۆ سەرەرۆییەکانی خۆیان لە جیهان و ناوچەکەدا دیارییان کردووە و گەندەڵی بە ئەژماری دەست و پێوەنەکانی ویلایەتی فەقیە و ئاغازادەکان و دەیان بەڵگە و هۆکاری دیکە سەلماندنی بێ رێزی ئاشکرایە بەو چینە، بەڵام بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان و لە ئێران گەلێک وشیارترە لەو شێوازە خامەی کە کاربەدەستانی ئەو رژیمە بیری لێدەکەنەوە.
لە ئێران و لە کوردستاندا بە تایبەت لە گەڵ هاتنی کۆمەڵە وەک هێزێکی سیاسی بەرچاو کە خواستەکانی چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگا یەکێک لە بنەما و بنچینە و کۆڵەکە سەرەکییەکانی بیر و هزری کارکردی لە سەر مەیدانی کردەوە دەبێت، چ هۆشیاری و ئاگاداری لە مافەکان و چ بیر و مێتۆدی رێکخراو بوون و جوڵەی بەکۆمەڵ و چ رێکارەکانی وەک سازدانی رێکخراو و سەندیکا و باقی پێویستییەکانی ئەو چینە، پا دەنێتە قۆناغێکی نوێ و دەورانێکی گەشەوە. بۆیە هەرکات بۆ شرۆڤەی ئەو باسە، پێویستە سەرەتا خوێندنەوەی ئەو مێژووە لە رەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە بکرێت.
هەلومەرج و بارودۆخی نالەبار و پڕ لە قەیرانی ئابووری ئێران، بارودۆخی ژیانی رۆژانەی کرێکاران و چینە بن دەستەکانی کۆمەڵگای زیاتر لە هەرکاتێک تووشی کێشە و مەترسی گەورە کردووە. شکست هێنانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بە هۆی سیاسەتی هەڵە و نازانستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئاست پێویستی پەرەپێدان و گەشەی ئابووری لە ئێران، شەپۆلی لەسەر کار دەرکردن و وەدواکەوتنی حەقدەستی چەند مانگەی کرێکاران و لەشکری گەورەی بێکارانی بەشوێن خۆیدا هێناوە. ئەمە رەوتێکی روو لە هەڵکشانە کە ئێستاکەش درێژەی هەیە و ژیانی دەیان و سەدان هەزار کرێکاری لەگەڵ ئاسۆی مەترسیداری خەساردیتن و بێکاری و هەژاری زیاتر رووبەڕوو کردۆتەوە.
لە سەروبەندی هاتنی یەکی مانگی مەی، رۆژی جیهانی هاپشتی چینی کرێکاران دەبێت بە بایەخێکی زۆرترەوە، خەسارەکانی ئەم سەرەدەمەی بزووتنەوە و خەباتی کرێکاران لە پێناو پاشەکشە کردن بە دەوڵەتی دژە کرێکاری کۆماری ئیسلامی، قەرەبوو بکرێتەوە. شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانەی کرێکارانی ئێران و باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران، بە روونی پیشانی دا کە لەدژوارترین هەلومەرجی پڕ لەخەفەقانی کۆمەڵگایشدا، پەرچەکرداری بەهێزی کرێکاران و مانگرتنەکانیان، هەوێنی زیندوو بوونی خەباتی ئەوان و راوەستانیان بۆ وەدیهێنانی خواستە رەواکانیانە