بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو شاری ورمێ شاهیدی کۆبوونەوەیەکی دەمارگرژانە بوو کە دەتوانێ ببێتە هەڕەشە ومەترسی بۆسەر ئەمنییەت و سەقامگیری و ئاسوودەیی خەڵک و دۆستایەتی و پێکەوەژیانی کورد و تورکەکان. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە بەرزکردنەوە و ڕاوەشاندنی دار وتێڵا و کووتەک و بە جووڵاندنی هەست وسۆزی ئایینی و وتنەوەی دروشمگەلی پەڕگیرو تووندڕەوانە ونەفرەت پژێن لەدژی کوردەکان، کە بێگوومان بە دنەدان و هەڵخڕاندنی کەسانی سەر بە ڕژیم سازدرابوو، بە پێچەوانەوەی هەموو پێوەرەکانی کۆبوونەوەیەکی بێگەرد ومەدەنی وجەماوەری یە و ناتەبایە لەگەڵ بەرژەوەندی وداخوازییەکانی هەرتک نەتەوەی کورد وتورک.
ئەم کۆبوونەوەیە لە ڕواڵەتدا و بە نێوی بەرانبەرکێ لەگەڵ ئاهەنگی نەورۆزانەی چەند ڕۆژلەمەوبەری کوردەکانی ورمێ ڕێکخرابوو. شایانی باسە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ٢٨ی مانگی ڕەشەمە، کوردەکانی ورمێ بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و وەرزی بەهار کۆبوونەوەیەکی بەرینی جەماوەری و پڕشکۆیان بە شێوەیەکی هێمنانە و ئاشتیخوازانە بە بەشداری دەیان هەزار کەس بەڕێوە برد کە بە خۆشییەوە ژمارەیەک لە هاوڵاتییە تورکەکانیش تێیدا بەشدار بوون و کەشێکی ئاشتیخوازانە و لێوڕێژ لە شادی ودۆستایەتی و هاودڵی و دوور لەهەرچەشنە ڕق و قین و یەکتر بوغزاندن و تووند وتیژییەک باڵی بەسەر ئەم کەرنەواڵە جەمارییە کێشابوو. بەمجۆرەش هیچ هۆکارێک بۆ نیگەرانی و دڵەراوکێ و هێچ پاساوێک بۆ ئەم چەشنە لە کاردانەوەی توونداژۆیانە ودووژمنکارانە بوونی نەبووە.
ئێمە جارێکیترلەسەر پێوەندییە مێژوویەکان و دۆستایەتی دوو گەلی کورد وئازەری و لەسەر گرینگایەتی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن، جەخت دەکەینەوە و لەسەر ئەو بڕوایەن کە سازدان وهەڵخڕاندنی دوژمنایەتی لە نێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا تەنیا لە بەرژەوەندی ڕژیمە و ئاکامە خراپەکانی لەزیانی هەرتک نەتەوەیەک تەواو دەبێ. هیوادارین بە ژیری و وشیاری و هەستی بەرپرسیارەتی کەسایەتی و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناکبیرانی پێکهاتەی تورکەکانی ئازەربایجان ئیتر ڕووداوی نەفرەتپژاندن و تووندئاژوویی و دەمارگیرانەی لەم جۆرە دووپات نەبنەوە. هەروەها داوا لە خەڵکی کورد و بە تایبەت لاوەکانی کوردستان دەکەین کە بەوپەڕی ڕێزەوە دان بە خۆیاندا بگرن و هێمنیی خۆیان بپارێزن و بە زانینی ئەو ڕاستییە کە تێوەگلان لەوەها ململانێیەکدا گونجاو و شیاوی پێگەی کوردەکان نییە، نەکەونە داوی ئەم چەشنە دژەکردەوە تووندڕەوانەیەوە.
بانگەوازی ئێمە ڕوو لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و لاوانی کورد و تورک ئەوەیە کە لە پێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دێموکرات، فرەچەشن وسەقامگیر لە ئێرانی داهاتوودا و لە خەباتی بەرامبەر دووژمنی هاوبەشماندا دەست بەدەستی یەکترەوە بگرن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٣ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دۆخی ورمێ
