لە ڕۆژانی ٥ و ٧ و ٨ی ژانویەی ٢٠٢٥ زاینیی وەفدێكی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەگەڵ “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”، “پارتی ئازادی کوردستان” و “سازمانی خەباتی کوردستان” و ” یەکێتی دێموکراتی کوردستان ” دیدارگەلێکی گرینگ سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها پێویستی کاری هاوبەش لەنێوان حیزبە سیاسیەکانی کوردستانی ئێرانی پێک هێنا. لەم دیدارانە بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و ئەگەری گۆڕانکاریەکان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات تاوتوێ کرا و هەموو لایەنەکان لەسەر پێویستی هاوکاریی و تەبایی، پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئامادەبوونیان بۆ ڕووبەڕوونەوە لەبەرانبەر هەڕەشەکان و دەرفەتەکان هاوڕا بوون.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە:
کۆمەڵە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، و باری خراپی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوخۆی وڵات و کۆی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی بە فاکتەرێکی گرینگ و هەنووکەیی دەزانێت کە لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە هەندی وەرگرن و کاری هاوبەش و پرۆژەی هاوبەشی تێدا گەڵاڵە بکەن. هەر بەو مەبەستەش بۆچوونەکانی خۆی لە کۆبوونەوانەدا بە ئاگاداری حیزبەکان گەیاند.
لەلای خۆشیانەوە باقی حیزبە سیاسیەکان لەو کۆبوونەوانەدا جەختیان لە سەر پێویستیی هاودەنگی و یەکڕیزیی زیاتری لایەنە کوردییەکان هەم بۆ داهاتوو و دەرفەتەکانی بەردەم و هەم لە بەرامبەر گوشارە سیاسی و نیزامییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردەوە.
ئایندەی هاوکاری: کۆمەڵە لەگەڵ ئەوەی هاوکاریی و تەبایی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە پێویستییەكی جیدی ئەزانێت، بەڵام پێشیوایە کە هاوکاریەکان جیدیتر لە جاران بن و مێکانیزمێکی کارامە بۆ درووست کردنی پێکهاتەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی بۆ بەدەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گرینگن، تاکو بتوانێت وڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی کورد بێت. هەروەها بەکارهێنانی ئەزموونەکانی ڕابردوو و کەڵک وەرگرتن لەو ئەزموونانەش بەشێکی دیکە لە ڕوانگەی ئێمە بوو کە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان باس و گفتگۆمان لەسەر کردن.
بۆ داهاتووی نزیک ئێمە، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دیاریکردنی چەند خاڵی سەرەتایی و گشتی بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان کە تێیدا هەم ڕوانگەکان بێننە بەر باس و هەم سیاسەتی دارشتنی تێدا بێت دەتوانێ هەنگاوێکی کردەوەیی گوونجا بێت.
لای خۆشیانەوە بەشداربووانیش باسیان لە چۆنیەتی هاوکاریی و پلاندانانی داهاتوو بۆ بەهێزکردنی کاری نێوان لایەنە کوردییەکان و دروستکردنی میکانیزمی کاریگەر بۆ پێشخستنی ئامانجە هاوبەشەکان کرد.
لایەنە بەشداربووەکان هیوایان دەربڕی کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ لە پتەوکردنی هاودەنگی و خەباتی هاوبەش بۆ گەیشتنی گەلی کورد بە مافە ڕەواکانی.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی
١٠ی ژانویەی ٢٠٢٥ زاینیی
21ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاویی