بنەماڵەی سەربەزری گیانبەختکردووانی
کۆمەڵە!
زیندانیانی خۆراگری سیاسی!
هەڵسوڕاوان و چالاکانی ناوخۆ!
کەمئەندامانی سەنگەر و تێکۆشەران و هاورێیانی دێرینی کۆمەڵە!
سڵاوی گەرمی ئێمەتان پێشکەش.
کۆمەڵە وەک حیزبی پێشەنگی بزووتنەوە جەماوەرییەکان،سەنگەری خۆراگری و بەرگری و خەباتی پێشمەرگانە لە کوردستان،هێزی پێشکەوتنخواز و داهێنەری شێوازی نوێ و سەردەمییانەی خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات،وەک گەرووی هەر دەنگێکی ئازادیخواز،بوێر و بە جوربزە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا،سەرەرای هەموو ئاستەنگ و گرفت و مەترسییەکان بە گیانی لەخۆبردوویی و خەباتکارانە و بە پەیامی یەکریزی و یەکگرتوویی کۆنگرەی شازدەهەمی خۆی لە کەشێکی ئەستەم و دژوار،بەڵام ئاسۆروون و بەرچاو رۆشن سەرکەوتووانە بەرێوە برد.
کۆنگرەی شازدەی کۆمەڵە لە لایەن هەموو پێشمەرگە و ئەندام و کادرەکانی کۆمەڵەوە سڵاوی گەرمی خۆی پێشکەشی ئێوە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان،زیندانیانی سیاسی، چالاکانی ناوخۆ و هاورێیانی دێرین و کەمئەندامانی سەنگەری بزووتنەوەی رزگاریخوازانە و پێشکەوتنخوازی کوردستان دەکات.
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان!
کۆمەڵە سەری رێز و نەوازش دادەنوێنێ بەرامبەر گڵکۆی ئازیزی هاورێیانی گیانبەختکردووی خۆی و رۆڵە ئازیزەکانی ئێوە.رۆڵەکانی ئێوە بە هێزی لەشکاننەهاتوو و لە پێناو هەڵاتنی خۆری ئازادی نیشتمان چوونە شەڕی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئینسانی و ئەمرۆیی بۆهەموو کۆمەڵگا. لەو پێناوەدا گیانیان بەختکرد وبۆ هەمیشە بوونە سێمبولی ئازاد ژیان،بێگوومان بۆ هەمیشە ناوی هەرگیزنەمریان لە لاپەرە زێڕینەکانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە وێرای دانەواندنی سەری رێز و نەوازش لە حاند گیانی پاکی ئەو شەهیدانە،بەڵێن دەدا هەتا وەدیهێنانی ئامانجی بەرزیان لە خەبات بەردەوام بێت و ئێوەی بنەماڵەی ئازیزی ئەو گیانبەختکردوانە لە ئامێزی وەفا و خۆشەویستی دەگرێ.
زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی
تێکۆشان و بەرەنگاری ئێوە لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئیلهامبەخشی هەموو ئەو کەسانەیە کە ڕێبواری ڕێگەی ئازادی و مافە ئینسانییەکانن. ئێوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا ئیرادەی وەستانەوە بۆ ماف و ئازادی هەرگیز زنجیر ناکرێ و بە چۆک دانایە. خۆڕاگری ئێوە ئەو هێزەیە کە خەباتی بەردەواممان لە دژی ستەم بۆ ئازادی و دادپەروەری بەهێزتر دەکات. کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە رێز دەگرێت لە قارەمانیتان و بەڵێن دەدات کە لەسەر ڕێبازەکانی سورتر لە هەمیشە بەردەوامە و تا گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری و ئاوەدانی خۆڕاگریتان بکاتە ئاسۆی خەبات و وەستانەوە بە دژی زوڵم و ستەمی تاریکپەرەستان.
هەڵسوڕاوان و چالاکانی نهێنی ریزەکانی کۆمەڵە!
بە بێ گومان گرینگی رۆڵ و پێگەی ئێوە، یەکێکی دیکە لەو خاڵانە بوو کە لە کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵەدا تیشکی خرایە سەر، لە خۆبردوویی ئێوە چالاکان و هەڵسوڕاوانی دێرین، داهێنان و ئیبتکاری نەسلی نوێی خەباتکارانی کۆمەڵە ئەو سەرمایە مرۆییەن کە پاڵنەر و هاندەر بوون و هەن. ئێوە ئەو قەڵا پتەو و خۆڕاگرە بوون کە وەستانەوە و ئازایەتیتان کردە بەرگێکی دیکە بە بەر شانازییەکانی کۆمەڵە و خەباتی ڕەوای گەلەکەمانەوە. کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی رێز و پێزانین بۆ تێکۆشانی ماندوونەناسانەتان، دڵنیاتان دەکاتەوە سەرەرای هەموو ئاستەنگەکانی رێگامان، ئاسۆی خەباتمان گەش و رۆژی سەرکەوتنمان نزیکە.
هاورێیانی دێرین و کەمئەندامانی سەنگەر!
کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە وێرای رێز و پێزانین بەرامبەر مێژووی خەباتتان وەک هەمیشە بە چاوی رێزەوە لە رابردووی پڕ لە شانازی ئێوە دەڕوانێ. ئێوەی هاورێیانی دێرین،خەباتکاران و تێکۆشەرانی رێبازی کۆمەڵە مامۆستا و دانەری بەرد بە بەردی بناغەی کۆمەڵە بوون و هەن. لەم قۆناغەشدا کۆمەڵە چاوەروانی هەیە شان بدەنە بەر سەنگ و قورسایی یەکریزی و یەکگرتووی و لە پێناو کۆمەڵەیەکی بەهێزو تۆکمە،یەکریز و جەماوەری وبۆ دا هاتوویەکی گەش تێبکۆشن. لەو قۆناغە چارەنووساز و گرینگ و هەستیارەدا کاکڵەی ئەزموونی تاڵ و شیرینی ئێوە دەتوانێ هێزی رێکخەر و ڕێنیشاندەر بێ بۆ وەدیهێنانی خەونەکانی کۆمەڵە بۆ داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتوو.
پێکەوە بۆ کۆمەڵە لە پێناو کۆمەلگایەکی بەختەوەر
كۆنگرەی ١٦ی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی
ڕێكەوتی ١٧ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی