لە ڕۆژانی ڕابردوو یەکەمین پلێنۆمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ بە بەشداریی کۆی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی بەڕێوەچوو و سەركەوتوانە کۆتایی بە ڕاسپاردە و ئەرکەکانی خۆی هێنا.
پلێنۆم بە خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستی بەکار کرد. لەدوای ڕاگەیاندنی ئەجێندا و ڕیزی بەرنامەی کارەکانی پلێنۆم، سکرتێری گشتیی وێڕای پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی سەرکردایەتی و شیکارییەک سەبارەت بە چاوەڕوانی و شێوەکاری کۆمیتەی ناوەندیی، لێکدانەوەیەکی پوختی بۆ پرس و بابەتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و ئێران کرد. دوایین گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکان تاوتوێ کرا و لەسەر ئەولەوییەت و پێویستییەکانی کار و ئەرک لە دەوری داهاتوو جەخت کرایەوە.
لە بەشێکی دیکە لە دەستوور جەلەسەی پلێنۆمدا، بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٦ خرانەوە بەر باس و وروژێندران. لەم پێوەندییەدا چەندین لێژنەی تایبەت بە مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێ کردنی ڕاسپاردە و پەسەندکراوەکانی کۆنگرە دیاریی کران تا لە مەودایەکی دیاریکراو ئەرکەکانی خۆیان ڕاپەڕێنن.
لە درێژەی بەرنامەی کاری پلێنۆم، دەفتەری سیاسی کۆمەڵە پێکهاتوو لە حەوت کەس, بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردران. هەروەها هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لە لایەن سکرتێری گشتییەوە وەک جێگری سکرتێر ناسێندرا و دەنگی متمانەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی وەرگرت.
لە بەشی کۆتاییدا دەقی هەموارکراوی چەند بڕیارنامەیەکی کۆنگرە خرایەوە بەر دەنگدان و پەسەند کران. هەروەها ئاییننامەی ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی و هەندێک پرس و بابەتی تایبەت بە مێکانیزم و چۆنیەتی کۆی چالاکییەکان بە مەبەستی هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان سەرکردایەتی، لە لایەن هاوڕێیانی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندییەوە بە ئاگاداری پلێنۆم گەیەندرا.
یەکەمین پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە، لەدوای ئاڵوگۆڕی بیروڕا و قسەوباسێکی تێر و تەسەل، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی
٥ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی
١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاویی