کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە وەک یەکێک لە بەرینترین کۆنگرەکانی ئەم حیزبە، هاوکات لەگەڵ بەرز ڕاگرتنی یادی سەرجەم شەهیدانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» و هاوڕێیانی گیانبەختکردوومان لە نێوان دوو کۆنگرە، لە کەشێکی دۆستانە و پڕدیالۆگدا بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا. لەم کۆنگرەیەداجارێکی دیکە بە جەختکردنەوە لە سەر پێویستیی سازکردنی یەكڕیزیی و یەکگرتویی لە کوردستانی رۆژهەڵات، پتەوترکردنی هەنگاوەکانی خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی گەیشتن بە دەسەڵاتێکی سیاسی دێمۆکراتیک و فرەچەشن،هەروەها وەدیهێنانی ئامانج و مافەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و سەرکەوتنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، چەندین پرس و تەوەری جیا خرایە بەر باس و دیالۆگی نوێنەران و چاودێرانی کۆنگرە و پاش تاوتوێ کردن دەنگی متمانەیان پێبەخشرا و پەسەند کران.
لەم کۆنگرەیەدا راپۆرتی سیاسی سکرتێر کە لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنە و وردی رووداوە سیاسیەکانی دەوری ڕابردوو و بەرچاو ڕوونییەک بەرەو داهاتوو بوو، لەلایەن هاوڕێ ”عەبدوڵڵا موهتەدی ”یەوە پێشکەش و پاشان لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند کرا. لەدرێژەدا راپۆرتی تەشکیلاتی کۆمەڵە وێرای ڕێز گرتن لە تێکۆشان و ماندوو بوونی رەهبەری، کادر، ئەندام و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە دەوری رابردوو، گرینگترین سەرخەتەکانی کاری ئەم حیزبەی لەوماوەیەدا خستە بەر دیدەی بەشداربووانی کۆنگرە و ئەو راپۆرتەش پەسەند کرا. پاشان سەندێک لە ژێر ناوی «روانگە و هەڵوێستەکان» کە بریتییە لە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر مێژووی کۆمەڵە و سەرخەتی روانگە و سیاسەتەکانی لەم قۆناغەدا، لە ١١ بەند پێشکەش بە کۆنگرە کرا و پاش تاوتوێی نوێنەران لە لایەن کۆنگرەوە پەسەند کرا.
بابەتێکی دیکە لە دەستوری کاری کۆنگرە پرسی ئەساسنامەی کۆمەڵە بوو کە بەشێکی دوای گۆڕانکاری لە لایەن کۆنگرەوە پەسەندو بەشێکی دیکەی بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی زۆرتر بە لێژنەیەک سپێردرا. ئەندامانی ئەم لێژنەیە لە داهاتوودا و لە لایەن کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە دیاری دەکرێت و، پێویستە ڕەشنووسی کۆتایی خۆی لە ماوەی لانی زۆر یەکساڵ ئامادە بکا و لە کۆتاییدابۆ پەسەند کردن بیخاتە بەردەم دەنگی ئەندامانی کۆمەڵە.
کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵە بە ئاوڕدانەوەیەک لە دەستکەوتەکان و گرینگیی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» و یادکردنەوە لە بەرکەتووان و شەهیدانی ئەو شۆڕشە، لە سەر زەرورەتی پاڵپشتی و بەهێزکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پێداگری کرد و، کۆمەڵە و رێبەریی داهاتووی کۆمەڵەی بۆ ئەو ئەرکە ڕاسپارد.
لەم کۆنگرەیەدا وەک ڕەواڵی کۆنگرەکانی پێشووی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەڵبژاردن بۆ سکرتێری داهاتووی حیزب کرا و هاوڕێ عەبدوڵڵا مۆهتەدی بە کۆی دەنگ و لە میانەی رێزلێنانی گەرمی ئامادەبووانی کۆنگرە، وەک سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا. هەروەها ئەندامانی کومیتەی ناوەندی، وێڕای زیاد بوونی رێژەی ژنان و بەشداربوونی زۆرینەیەكی لاو، دەنگی متمانەی کۆنگرەیان پێدرا و بۆ هەڵسووڕان و چالاکی لە دەوری داهاتوو هەڵبژێردران.
جێگەی ئاماژەیە لە رۆژانی داهاتوودا وردەکاریی زیاتر و دەقی پەسەندکراوی راپۆرتی سیاسی سکرتێر، پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی شازدەهەم و پەیامەکان بڵاو دەکرێنەوە و بە ئاگاداری ڕای گشتیی ڕادەگەیەندرێت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
١٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣