دووپاتبوونەوەی «نا»یەکی گرینگ و بەهێزی دیکە لە کوردستان بەرانبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی
جەماوەری بە هەڵوێست و سەربەرزی کوردستان،
چین و توێژە جیاوازەکان و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی،
ڕۆژی ٨ی پووشپەڕ، ڕۆژی بەڕێوەچوونی گاڵتەجاڕی بەناو هەڵبژاردن لە ئێران بوو. سەرەڕای هەموو فرت و فێڵ و هەوڵەکانی ڕژیم بە مەبەستی ڕاکێشانی خەڵک بۆ بنکەکانی دەنگدان، ڕێژەی بەشداریی کەمترین ئاستی لە مێژوودا تۆمار کرد. ئەم بایکۆتە بێ وێنە و مانادارە، لە کوردستان بە هەموو پارێزگاکانیەوە تەنانەت بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر کەمتر و بەرچاوتر بوو. کوردستانی ڕۆژهەڵات وەکوو یەکێک لە سەنگەرە پتەوەکانی بەرەنگاری و وەستانەوە دژ بە دەسەڵاتی سەپێندراوی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان، بۆ جارێکیتر یەکڕیز و یەکگرتوو دژ بە پیلانێکی تری ئەم ڕژیمە وەستایەوە و بە بایکۆتی بەرین و بەرفراوانی بەناوهەڵبژاردن، ئەم ڕاستیە حاشاهەڵنەگرەی وەبیر هەمووان هێنایەوە کە کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن هەڵوێست، مافخواز و پێشکەوتنخواز بە هیچ شێوەیەک لەبەرانبەر خواست و ویستەکانی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و ناکارامە ملکەچ نابێت و، کردەوە و دژەکردەوەی پێویست و سەرکەوتووانەی دەبێت.
لە ٨ی پووشپەڕدا دەنگی «نا»یەکی بەرز و سەدجارەی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندرا. ئەم سەرکەوتنە گرینگە، بەرهەم و دەستکەوتی زیاتر لە چوار دەیە چالاکی و خەبات و قوربانیدانی گەلی کورد و، وەفایەک بوو بۆ خوێنی شەهیدان و ڕەوتی چەندین ساڵەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە مەیدانی خەباتی سیاسی و مەدەنیدا. خەڵکی کورد جارێکی دیکە نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هیچ چەشنە پێگە و ڕەواییەکی نییە و، تەنانەت گەمەی ڕێفۆرمخواز و بناژۆخوازیش هیچ لەم ڕاستییە ناگۆڕێت.
جێگای خۆیەتی بە ناوی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە وێرای پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە هەموو خەڵکی دڵسۆزی کوردستان، سپاسی تایبەتی ئەم کردەوە و هەڵوێستە هوشیارانە و پێشکەوتنخوازانە بکەین و، داواکار بین تاکوو بە هاودەنگی و پپێکەوەبوونی هەرچی زیاتر، پێکەوە خولی دووهەمی ئەم شانۆگەرییەش هەروا سەرکەوتووانە و چالاک لە ئێران و کوردستان بایکۆت بکەین و بەم شێوەیەش دەنگی بەرز و دلێری هەمیشەیی کوردستان بۆ وەستانەوە دژ بە ڕژیمێکی تاوانبار و تاوانکار دووپات کەنەوە. خەبات و وەستانەوەی مەدەنی ئێمە هێمای ڕەوابوونی خەبات و بەرەنگاری ئێمەیە بەرانبەر بە ناوەڕۆک و فۆرمی ئەم دەسەڵاتە تۆتالیتێر و پاوانخوازە.
سەرکەوێت خەباتی بێوچانمان
ژن، ژیان، ئازادی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی
٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاویی
٢٩ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی