دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بەرانبەر بە ١ی مانگی جوونی ٢٠٢٤ی زایینی، بە بەشداری کۆمەڵێک لە میوانانی حیزبی و کەسایەتی سەربەخۆی کورد و ئێرانی و بیانی وهەروەها کادر و ئەندامانی کۆمەڵە، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لە شاری کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک بەڕێوەچوو. ئەم ڕێوڕەسمە پێکهاتبوو لە دوو پەنێلی سیاسی، بەشی پرسیار و وڵام و، چەند بەشێکی هونەری کە پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی بانگەواز و خولەکێک بێدەنگی بۆ بەرز راگرتنی یادی کاک خانە وهەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان وهەروەها دوایین شەهیدانی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی بە پێشکەشکردنی چەندین کۆپلە شیعر و پەخشان و بابەت دەستیپێکرد. بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی دوو پەنێلی سیاسی کە تیشکی خستە سەر خەباتی کۆمەڵە و خەباتی پێشمەرگانە و خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ ئەم بابەتانە. بەهۆی گرنگایەتی پرسەکە هەروەها بەو هۆیە کە تا ئێستا، پێگە و ڕەوایی و پێویستیی هەبوونی پێشمەرگە لە چوارچێوەی بازنەی کوردایەتیدا قەتیس مابوویەوە، وتار و باسەکان بە دوو زمانی کوردی و فارسی پێشکەشکرا. جێگای ئاماژەیە بۆ میوانانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و میوانە بیانییەکان بەشێوەی هاوکات و راستەوخۆ وەرگێڕان دەکرا.
پەنێلی یەکەم، لەژێر ناوی کۆمەڵە و ئاسۆی داهاتوو لە لایەن بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداربووان کرا. سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر بۆچییەتی و هۆکاری سەرهەڵدان و پێوەستییەکانی خەباتی پێشمەرگانە و هاوکات شیکردنەوەی بارودۆخ و هەلومەرجی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی کۆماری ئیسلامی و دەوری کورد لەم مەیدانەدا. پەنێلی دووهەم، لەژێر ناوی تێڕوانینێکی یاسایی بۆ پێگەی پێشمەرگە، لە لایەن بەڕێز د.فەراز فیرووزی، مافناس و لێکۆڵەر، پێشکەشکرا. لەم تەوەرەدا د.فیرووزی زۆربەی ڕەهەندەکانی رەوابوونی خەباتی پێشمەرگانەی خستە بەرباس و لە ڕوانگەی زانستی و یاساییەوە ڕوونی کردەوە. بەشی سێهەم تەرخان کرابوو بۆ بەشداری و پرسیار و وڵامی ڕاگەیاندن و بەشداربووان و، لەم بەشەشدا دیالۆگ و وتووێژێکی گەرم و گوڕ هاتە ئاراوە. کۆمەڵێک پرس و بابەتی سەرەنجڕاکێش و بەپێز لە لایەن پەنێلیست و بەشداربووان ورووژێندرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەشێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە پێشمەرگە دێرین و هەڵسووڕاوەکانی کۆمەڵە تەرخان کرابوو کە بە پێشکەشکردنی گوڵی سوور و جامانە و لە کەشێکی پڕ لە هەست و سۆزدا سەرەنجی بەشداربووانی ڕاکێشا و کەشوهەوایەکی تایبەتی خولقاند. لە کۆتایی رێوەڕەسمەکەدا چەند پارچە سروودی شۆڕشگێڕانە لە لایەن هونەرمەندی پێشمەرگە، بەڕێز بەکر لەگزی، پێشکەشکرا و دواتر ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێ هات.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دانمارک
٤ی جوونی ٢٠٢٤ی زایینی