ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشان و خۆراگری زیندانیانی سیاسی کورد، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی وەکوو ڕۆژی زیندانیانی سیاسی کورد دیاری کرد. لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویی، ٥٩ لاوی تێکۆشەری کورد لە مهاباد، لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بە دڕندانەترین شێوە ئێعدام کران و گیانی ئازیزیان بەختکرد.
هەر بۆیە حیزبەکانی ناوەندی هاوکاریی بە تێکڕای دەنگ، ئەم ڕۆژەیان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی ئازیزی ئەم ٥٩ لاوە خەباتکار و تێکۆشەرە و هەروەها ڕێزگرتن لە خەبات و بەرەنگاریی هەموو زیندانیانی سیاسی کورد، وەکوو ڕۆژی زیندانیانی سیاسی کورد دیاریی کرد.
بێگومان زیندانیانی سیاسی کورد، لە لەقاودان وئاشکرا کردنی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی کارا و کاریگەریان بووە. زیندانیانی سیاسی، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمەوە تا ئێستا و لە قۆناخە جیاوازەکان، بەردەوام لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیدا بوون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم ئەشکەنجانە، توانیویانە، بە تێکۆشان و بەرەنگاریی خۆیان لە ناو زیندانەکاندا، گەورەترین حەماسە بخوڵقێنن و گەورەترین وانەی خۆراگری و تێکۆشانیان بە ئێمە داوە.
ئەم ڕۆژە بۆ زیندانیانی سیاسیی و بنەماڵەکانیان و هەروەها سەرجەم خەڵکی کوردستان ڕۆژێكی گرنگ و جێگای ڕێز و پێزانینە. هیوادارین کە هەموو زیندانیانی سیاسیی کورد کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیدان، بە ئازادی و سەربەستی بگەرێنەوە ناو ئاپۆرەی جەماوەر و هەموومان پێکەوە جەژنی سەرکەوتن بەڕێوە ببەین.
پێویستە لەم ڕؤژەدا، ڕێز بگرین لەو زیندانییە سیاسیانە و بنەماڵەکانیان کە سەربەرزانە لە پێناو مافە ڕەواکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد گیانی ئازیزیان بەخت کردووە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١/٦/٢٠٢٤ زایینی