قەندیل پرێس: سڵاو و ڕێز بەڕێز عەلیار، سپاستان دەکەین ئەم وتووێژەتان لەگەڵ قەندیل پرێس قەبووڵ فەرموو، وەکوو پرسیاری یەکەم، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ و بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە چ پەیامێکیان بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە؟
کاکۆ عەلیار: چەند ساڵێکە شاهیدین کە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە گەرم و گوڕی زۆر لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەرێوەدەچن، دیارە هەر ساڵ پانتایی جوغرافیشیان بەرینتر بووە، ئەمساڵ دەتوانم بڵەم سەرەڕای ئەوەی نەورۆز کەوتە مانگی ڕەمەزانەوە بەڵام بۆنە نەورۆزییەکان لە هەموو کات گەرم و گوڕتر، لە پانتاییەکی بەرینتر و تەنانەت سیاسیتر بەڕێوەچوون.
کۆماری ئیسلامی هیچ کات بە شایی و خۆشی خەڵک، بە تایبەت ئەو کاتانەی بۆنی سیاسی بوونی لێهاتووە خۆشحاڵ نەبووە و لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی پێناسەی کردوون، بەڵام دەبێ بزانین کە دیکتاتۆریترین حکومەتەکانیش لە بەرانبەر یەکگرتوویی و ئەکتی سیاسی جەماوەر ناچارن ئیمتیاز بدەن، بۆیە لە ڕوانگەی منەوە لە ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵی نەورۆزدا چەشنێک پاشەکشە بە حکومەتەوە دیار بوو.
لە ڕاستیدا پەیامی جەماوەر یەکگرتوویی بوو، پێکەوەبوون و لەپشتی یەکتر وەستان بوو، باش ئەوەیە کە لایەنە سیاسییەکانیش ئەو پەیامەی جەماوەر وەرگرن و لەو ئاراستەیەدا کار بکەن.
قەندیل پرێس: بە گشتی چ هەڵسەنگاندنێکتان لە ساڵی پارەکە بۆ خەباتی مەدەنی ناو ڕۆژهەڵات هەیە؟
کاکۆ عەلیار: خەباتی مەدەنی، یا باشتر وایە بڵەین خەباتی جەماوەری ساڵانێکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وجوودی هەیە، وشیاری نەتەوەیی ڕوو لە هەڵکشان بووە و خۆی بۆنە نەورۆزییەکان نیشاندەری ئەو ڕاستیە بوون کە چۆن وەک ئاماژەم پێدا پانتاییەکەشی زیادی کردووە، کۆمەڵە خۆی بە ئاڵاهەڵگری ئەو شێوەیە لە خەبات دەزانێ و مێژووی ئێمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە تەنانەت لە گەرماوگەرمی خەباتی چەکدارانە و بەرەنگاری خەڵکی کوردستانیش بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی، ئێمە گرینگی زۆرمان بەو ڕەهەندەی خەباتیش داوە.
قەندیل پرێس: حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی، یەکگرتوویەکی کەم وێنەیان لە خۆیان نیشاندا بەڵام دواتر لە دوو بۆنەی ئێعدام کرانی چوار پێشمەرگەی کوردستان (نایەکگرتوویی لە مانگرتن) و هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیدا (نەبوونی بەیانیەی هاوبەشی بایکۆتی هەڵبژاردن)، ئەو یەکگرتوویە لاواز دیار بوو، شرۆڤەی بەڕێزتان لەم بارەوە چییە؟ هۆکاری بەردەوام نەبوونی ئەو یەکگرتووییە بە چی دەزانن؟
کاکۆ عەلیار: بەڵێ ڕاستە لە سەردەمی شەهیدبوونی ژینادا و ئەو ئاخێزە گەورە و جەماوەرییەی کە بەدوایدا هات حیزبەکانی کوردستان و بە تایبەت ناوەندی هاوکاری هەم یەکگرتوو بوو و هەم دەور و کاریگەری زۆری هەبوو، تەنانەت هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ حیزبەکانی دیکەش لە ئاستێکی زۆر باشدا بوو، جێگەی ئاماژەیە کە بە دوای هەموو سەرهەڵدانێکدا ئەگەر سەرکەوتوو نەبێ و بە ئامانج نەگا چەشنێک لە بێ ئومێدی و یەکتر تاوانبار کردن لایەنە بەشداربووەکان دەگرێتەوە، ئەم حاڵەتە هەر تایبەت بە کوردستانیش نیە و لە زۆر شوێنی دیکەی دونیاش هەر وابووە و واش دەبێ. دیارە کۆماری ئیسلامیش لە هەموو ئەو ماوەیەدا بێکار نەبووە و بە هەموو شێوەیەک تێکۆشاوە بۆ نانەوەی دووبەرەکی و کێشە. ئەم هۆکارانە وای کرد کە لە کوردستانیش بە داخەوە ئەو دۆخە بێتە ئاراوە و ئێمە نەمانتوانی بە ڕوحییەتی سەردەمی شۆرشی ژیناوە درێژە بە هاوکارییەکان بدەین، ڕەنگە هەر لایەنێکیش خوێندنەوەی خۆی بۆ هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە هەبێ، بەبێ ئەوە بچمە ناو وردەکاری دەتوانم بڵەم کە ئێمە وەک کۆمەڵە هاوکاری لایەنە سیاسییەکان بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر دەزانین، وە ئامادەییشمان تێدایە بۆ هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەکانی دیکە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
قەندیل پرێس: ساڵی پارەکە دوو حێزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی نیشانەکان لە یەک دوور کەوتنەوەو ناوەندی هاوکاری حێزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بە جۆرێک سڕ کراوە، لە لایەکی دیکە بە پێی نیشانەکان دوو حێزبی حدکا و پژاک لەیەک نزیک بوونەتەوە، شرۆڤەی بەڕێزتان لەمبارەوە چییە؟
کاکۆ عەلیار: بەڵێ وەک ئاماژەم پێدا ناوەندی هاوکاری ئێستاکە کارکردی وەک جاران نەماوە و ئەوەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر خەباتی ناوخۆ بووە. ئێمە وەک کۆمەڵە بەبێ ئەوەی کەس تاوانبار بکەین، خۆمان بە هۆکاری ئەم ساردییە نازانین
سەبارەت بە هاوکاری و نزیکی حیزب و لایەنەکانی دیکەش ئێمە هیچ سەرەنجێکی تایبەتمان نییە، ئەوە مافی هەر حیزبێکە کە دۆستایەتی و نزیکایەتی لەگەڵ حیزب و لایەنی دیکە بکا، ئەوە بۆ کۆمەڵەش ڕەوایە. سەرجەم ئێمە هیچ نزیکایەتی و دۆستایەتییەک لە بەین حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ئێران بە دژایەتی لەگەڵ خۆمان نابینین.
قەندیل پرێس: ئێستا لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ گۆتاری فێدراڵیزم خوازی، کۆنفێدڕاڵیزم خوازی و سەربەخۆیی خوازی، بوونیان هەیە، بەڕێزتان کام یەک لەم گۆتارانە بۆ دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵات بە باشتر دزانن؟
کاکۆ عەلیار: بەرنامەی سیاسی حیزبی ئێمە فێدڕالیزمە بۆ کوردستانی ئێران، ئەوەش بە گونجاوترین و واقیعیترین دروشم دەبینین. بەڵام ئەوەش ڕەت ناکەینەوە کە گوتار و بۆچوونی دیکەش لە کۆمەڵگای ئێمە وەک هەر کۆمەڵگایەکی زیندووی دیکە بوونی هەیە. کۆمەڵگا فرەچەشنە و حیزبە سیاسیەکانیش پێویستە ڕێز لەوە بگرن. بە گشتی ئێمە پێمان وایە تا ئەو جێگایەی دەگڕێتەوە سەر بەرنامەی سیاسی، حیزبەکان دەبێ بەرنامەکەیان لەگەڵ سەرجەمی بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژێئۆپۆلیتیک، هاوسەنگی هێز و هتد.. تەبایی و هاوئاراستەیی هەبێ، هەڵگرتنی گوتار و دروشمگەلێک کە قابیلییەتی ئەنجام دانی زۆر سەخت و دژوار بێ، ناتوانێ خەباتی نەتەوەکەمان بەرەوپێش بەرێ. بۆیە ئێمە لەگەڵ سیاسەتی قۆناغ بە قۆناغین و پێمانوایە هەر ئەندازە دەسکەوت ببێ وەلەو هەموو داواکارییەکانی ئێمەشی تێدا نەبێ، دەتوانێ خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان بکات.
قەندیل پرێس: بەڕای بەڕێزتان، هێڵی سووری حێزبەکانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای ئێرانی دەبێ چی بێت؟
کاکۆ عەلیار: ئەم دەستەواژەیە چەند ساڵێکە هاتۆتە ئەدەبییاتی سیاسی بەشێک لە چالاکانی سیاسییەوە کە پێموایە دەبێ بەڕێک وردتر و بە وشیاری زیاترەوە بە کار ببردرێ، لەهەر دانیشتن و دانوستان و گفتگۆیەکدا، زیاتر لەوەی کە چ خەتی سوور و شینێک دیاری دەکرێ، ئەو گرینگە کە لە دنیای واقعدا بارودۆخ چۆنە؟ باڵانسی هێز چۆنە؟ ڕێژەی نفووس و لایەنی کەممی چۆنە؟ دۆستان و هاوپەیمانان کامانەن؟ ئەوانە و زۆر بابەتی دیکەن کە رێژەی سەرکەوتن و پێشڕەوی لە گفتگۆدا دیاری دەکەن، نەک ئەوەی هەر لایەنێک هێڵە سوورەکانی لەکوێ دادەنێ. بۆ ئێمەی کوردیش لەگەڵ ناوەند هەر ئەوەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین یەکگرتوو بین، دۆستان و هاوپەیمانانی باشمان هەبێ، جەماوەر رێکبخەین لەسەر گوتارێکی هاوبەش، زۆر شتی دیکەی وەک مێدیای هاوبەش و بەهێز و، کەرستە و پێداویستی سەردەمیانەمان هەبێ، وەڵا بە دڵنیاییەوە دەتوانین لایەنی براوەی زۆر دانیشتن و گفتگۆ بین. جیاواز لەوە و تەنیا لە دوورە دانیشتن و خەت و نیشان کێشان پێموانییە هیچ خزمەتێک بە بزووتنەوەی کوردستان و گەلەکەمان بکات.
قەندیل پرێس: وەکوو پرسیاری کۆتایی، خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ساڵی 2724 چۆن دەبینن؟ و چ پێشنیارێکتان هەیە بۆ بەهێز بوونی خەبات لەم بەشەی کوردستان؟
کاکۆ عەلیار: کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم ئاڵوگۆڕی گەورەدایە، بارودۆخی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان لە کوردستانی باشوور وەک ساڵان نەماوە و گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، باسمان لەوە کرد کە ناوخۆی رۆژهەڵاتیش لە شۆرشی ژینا و بەدوای ئەودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەر بۆیە پێداویستییەکانی ساڵی داهاتوو و ساڵەکانی داهاتووتریش دەبێ گونجاو بێ لەگەڵ ئەو بارودۆخە بابەتییە، بە گشتی نوێگەری لە ڕوانگە، لە کەرەستەکان، لە دانی مەیدان بە جیلی تێگەییشتوو و پێگەییشتووی ئەو سەردەمە، پەیوەندی ئۆرگانیکی نوخبە و حیزبەکان، مۆبێلایزکردنی دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات، پەیوەندی باش و سەقامگیر لە ئاستی نێونەتەوەیی، دوورگرتن لە دروشمگەلی گەورە و نێوبەتاڵ وهتد.. بەشێک لە ئەرکەکانی ساڵ و ساڵانی داهاتوو دەبن. ئێمە ئەو ڕاستیانە دەبێ ببینین، ڕەچاویان بکەین و لە ئاستیاندا ئەکتی سیاسی خۆمان پێناسە بکەین.