کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و زیندانیە سیاسیەکان
پێشمەرگە دێرینەکان، کادر و ئەندامانی کۆمەڵە
تێکۆشەرانی ماندوویینەناسی رێکخستنە نەهێنییەکانی کۆمەڵە
لاوان و تێکۆشەرانی خەمخۆری بزوتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان
٢٦ی رێبەندان رۆژی ئاشکرابوونی خەباتی نەهێنی کۆمەڵەتان لێ پیرۆز بێت.
٤٥ ساڵ بەسەر ئاشکرابوونی خەباتی نەهێنی کۆمەڵە و ساڵرۆژی گیانبەختکردنی کاک حەمە حسێن کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە تێپەردەبێ. رۆژی ٢٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دوابەدوای ڕووخانی رژیمی پاشایەتی لە ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بڕیاریدا دوای نزیک بە دە ساڵ خەباتی نەهێنیی بێوچان و شێلگیر، خەباتی سیاسی و حیزبی خۆی ئاشکرا بکات. حیزبێکی سیاسی و پێشکەوتوو کە دامەزرێنەری دەیان دیاردەی جوانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە تا ئێستاش لە شانازییەکانی بزوتنەوەی کوردستانن. کۆمەڵە ئەو هێزە مۆدێرن و درەوشاوەیەوە بوو کە بە هاتنە مەیدانی، سیمای بزوتنەوەی کوردستانی بۆ هەمیشە گۆڕی و بوو بە چرایەکی گەش لە ئاسۆی بزوتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان. دەستپێکی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە بە بەیەکەوە گرێدانی خەباتی سیاسی تا ئێستای گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە خەباتی مەدەنی و پیشەیی و جەماوەریی و ناساندنی شکۆ و ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانەی بە ئێران و جیهان، وەک خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی پێناسە دەکرێت. ئەمساڵیش خەڵکی کوردستان وەک سالانی پێشوو یادی ئەو رۆژە مێژووییە، بە سەردانی بنەماڵەی خۆشەویستی گیانبەختکردووانی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نیشتمان، سەردانی بنەماڵەی خۆڕاگری زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان بەرز ڕادەگرن و هەڵسوڕاوانی نەهێنی بە گوڕ و تینەوە پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی لە ناو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەو رۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگرین و بەرەوپیری ٢٦ی رێبەندان دەچین کە کەمتر لە مانگێک بەسەر شانۆی بێوێنەی یەکریزیی و پڕدەستکەوتی و سەرکەوتووانەی ١٠ی ڕێبەندانی خەڵکی کوردستان تێپەڕیوە. دوابەدوای لەسێدارەدانی چوار پێشمەرگە فیداکار و خۆنەویستەکەی کۆمەڵە و بزوتنەوە مافخوازانەکەی خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کە دواهەڵوێست و پەیامیان تەژی خۆڕاگریی و سەرفیرازیی و کۆڵنەدان بوو، رۆژی ١٠ی ڕیبەندان، خەڵکی کوردستان یەکگرتووانە و رێکخراو بە دەم بانگەوازی کۆمەڵە و حیزبە سیاسی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە هاتن و بە مانگرتنێکی سەرکەوتووانە ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە رژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی نیشاندا و بوون بە هێما و وانەیەکی ناوازەی خەبات و تێکۆشان بۆ سەرجەم گەلانی دیکەی ئێران. ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە فیداکارییەکانی ئەو چوار پێشمەرگەیەی کۆمەڵە بوون بە کانگای وزە و هیوابەخش وسەرچاوەی هەڵوێست و دروشمی خەبات و سەرکەوتن. بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تاجەگوڵینە و وێنەی قارەمانانی نەتەوەکەمان، بەورەیەکی پۆڵاییەنەوە، لەجێی شیوەن پیرۆزباییان لە یەکتری دەکرد و یادی ئەو تێکۆشەرانەیان بەرزو بەڕێز ڕادەگرت. ئەمانە و زۆر هەڵوێستی بوێرانەی دیکەی هاوچەشن نیشانیاندا کە فیداکاریی و خۆنەویستییەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە و کوردستان و تێکۆشانیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی نیشتمان لەناو دڵی خەڵکی کوردستاندا چەندە پڕبایەخ و گرینگە.
هێزی خەڵک، بە تایبەت باوکان، دایکان و خوشکانی شۆڕش، لاوانی خوێن گەرم و وشیاری کوردستان، توانا و بڕستیان لە کۆماری ئیسلامی بڕویوە و بە هەڵوێست و کرداری شۆڕشگێڕانەیان، سەرجەم پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ شکاندن ورە و تازییەبارکردنی کۆمەڵگایان پووچەڵ کردەوە و ژیلەمۆی هیوا بە خەبات و سەرکەوتنیان زیاتر لە هەمیشە، گەشاندەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا لە لاوازترین پێگەی خۆیدایەو ڕەوایی خۆی نەک هەر لە ناو خەڵکی کوردستان بەڵکوو لە ناو جەماوەری ئێرانیش لەدەست داوە. هێزی سەرکوتی لە هەیمەنە کەوتووە و لە ئاستی جیهانی و نێودەوڵەتیشدا دەستی چەپەڵی کە سەرچاوەی تێرۆر، بشێویی و ناسەقامگیریی هەموو ناوچەکەیە، دەرکەوتووە. ئێستا لەکەس شاراوە نییە کە ئەو ڕژیمە پاڵپشت و داڵدەدەری تێرۆریسم و گروپە چەکدارەکانە و هەرچەند جیهان تا ئێستا باجی سازان لە گەڵ ئەو ڕژیمەی داوە بەلام ئێستا هەمووان دەزانن کە ئەم ڕێکارە چیترناتوانێ بژاردەیەکی یەکلاییکەرەوە و زامنی سەقامگیری بێ. لە لایەکی دیکەوە خەبات و بزوتنەوەی ئەمڕۆ لە قۆناغ و ئاستێکی جیاوز لە پێشوودایە. لەم ساڵانەی دواییدا قۆناغێکی نوێی خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ئێران دەستی پێکردووە. قۆناغی ئاخێز و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشکرا لە دژی گەندەڵیی و ناکارامەیی و سەرکوتی بێبەزەییانەی ڕژیم لە گەشەو پەرەگرتن دایە. هاوئاهەنگیی و یەکڕیزیی بزوتنەوە پیشەیی و مەدەنیی و سیاسییەکان شەپۆلێکی زۆر بەهێزترو شوێندانەرتر لەجارانیان خوڵقاندووە بەچەشنێک کە کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەریدا دەستەوەستان و بێدەرەتانە.
ئێستاش کە لە دوازدەهەمین دەورەی هەڵبژاردنەکانی مەجلسی شورای ئیسلامی ئێران نزیک دەبینەوە، بە پێی ئەو ئامارانەی تا ئێستا بڵاوبوونەتەوە چاوەڕواندەکریت کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆگەریی هەڵبژاردنی ئەمجارەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ڕژیم بە نزمترین ئاستی خۆی لە مێژووی تەمەنی ئەم ڕژیمە بگات. هاوکات شێمانە دەکرێت کە بەسەرنجدان بە ڕووی هەڵماڵدراوی ڕژیم و بێمتمانەیی تەواوی خەڵک بەو سیستەمە، سەرجەم پیلان وهەوڵەکانی ڕژیم بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتیی و هێنانیان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، بێسەمەر بێت. سیاسەتی فریوو پڕوپاگاندای رێفۆرم و چاکسازیی درۆیینە ئێستا لەهەمووکات زیاتر سواو و لەقاودراوە. هەربۆیە کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی پاش ئەم هەڵبژاردنەشدا، لەناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش زیاتر لە پێشوو تەریک و تەنیا دەمێنێتەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی گەرمی ڕۆژی کۆمەڵە لە سەرجەم تێکۆشەران و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووانی رێگەی ئازادی و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان، سەرجەم پێشمەرگە، کادر و ئەندامانی کۆمەڵە و هەڵسوڕاوانی سەنگەری شار و تێکۆشەرانی ناوخۆ، لەم رۆژەدا پەیمان نوێدەکاتەوە کە تا بە سەرکەوتن گەیاندنی بزوتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان و لە پێناو خەبات بۆ رزگاری نەتەوەیی و هیوا و ئامانجە بەرزەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و تێکۆشەری کوردستان، پێشەنگ و پێشڕەوی ئەو خەباتە دەبێت و بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و پێشکەوتوو و داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی، نەسرەوتووانە و بێوچان کاردەکات.
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی
سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلی کورد
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٤ی فێبریەی ٢٠٢٤
٢٥ی رێبەندانی ١٤٠٢