رۆژی هەینی ریکەوتی ۲ی مانگی فێبریواری ۲۰۲٤ی زایینی، بە بەشداری کۆمەڵێک لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی، کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی کۆمەڵە رێوڕەسمێکی پڕ شکۆ بۆ رێزلێنان لە گیانبەختکردنی چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە بەڕێوە چوو کە بە داخەوە لە رێکەوتی ۹ی رێبەندانی ۱٤۰۲ی هەتاوی بەدەست رژیمی تێرۆریستی و سێدارەی کۆماری ئیسلامی لەسێدارە دران.
سەرەتا بە سرودی ئەی شەهیدان رێوڕەسمەکە دەستی پێکرد و دواتر بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی هاوڕێیانی نوێی کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلی کورد و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی چەند ساتێک بێ دەنگی راگەیەندرا.
دواتر هاوڕێ عەبدوڵڵا ئازەربار ئەندامی کومیتەی بەڕێوبەری کۆمەڵە بەم بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە بەشێکی دیکەی رێوەرەسمەکە، هاوڕێ جوانا تەیمسی هاوسەری هاوڕێی گیانبەختکردوو مۆحسێن مەزڵوم بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی چوار هاوڕێی گیانبەختکردووی کۆمەڵە، پەیامی بنەماڵەکانی خوێندەوە.
پاشان لە لایەن هاوڕێ گیسو یاری کورتەیەک لە ژیاننامەی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو پێشکەش بە بەشدار بووانی ڕێوەڕەسمەکە کرا.
رێوڕەسمەکە بە سرودی شۆڕشگێڕانە و خوێندنەوەی شێعر و پەخشان درێژەی پێدرا، لە کۆتاییدا
بۆ جارێکی تر پەیمان لەگەڵ رێبازی پیرۆزی گیانبەختکردووان نوێ کرایەوە و بەڵێن و وەفاداری بۆ بنەماڵەی سەربەرزیان دووپات کرایەوە.