لە ڕۆژانی رابردوودا هەواڵی بێرێزی کردن بە چەند کۆڵبەری کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات لەلایەن پاسەوانانی سەر سنوری عێراق بڵاو بویەوە. هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق (حرس الحدود) لە سنووری بیارە کە دەکەوێتە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان، ئەو کۆڵبەرانە دەدەنە بەر ئەشکەنجە و بێرێزی کردن. بڵاو بوونەوی ئەو هەواڵە کاردانەوەی زۆری بە دواوە بوو و بووە هۆی ناڕەزایەتی و دڵگرانی خەڵک.
لە کاتێکدا چاوەروانی ئەوە دەکرا، لێپرسینەوە لەو هێزە و کردەوە قیزەوەنەکەیان بکرێت کە سووکایەتیان بە کۆڵبەرەکان کردووە بەڵام نەتەنیا لێپرسینەوە نەکراوە بەڵکوو بە داخەوە رۆژی ڕابردوو لە دوای تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنور”حرس حدود” کۆڵبەرێک بە ناوی هوشیار مەحموودی خەڵکی گوندی شەمشێری پاوە دەکوژرێ و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی رزگار فەرەجی بریندار دەکرێت.
کۆڵبەری پیشەیەکە کە لە کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆی هەژاری و نەبوونی هەلی کار، ماوەی ساڵانێکە زۆربەی دانیشتوانی ناوچە سنوریەکان و دەورووبەری روویان تێ کردووە لە کاتێکدا کە رۆژانە ڕووبەڕووی مەترسی گیانی دەبنەوە بەڵام بە هۆی ناچاری و بۆ دەرهێنانی بژێوی ژیانیان ناچارن لە گەڵ ئەو مەترسییانە ڕووبەڕوو ببنەوە، لە لایەکەوە رێگەی پڕ مەترسی و سەرما و شاخە بەرزەکان لە بەردەمیانن لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی کۆماری ئیسلامین کە بێ بەزەییانە کۆڵبەران دەدەنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانیان لێ دەستێنن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی کوشتنی و بێرێزی کردنی کۆڵبەران لە لایەن پاسەوانانی سنوری عێراق، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هوشیار مەحمودی دەکات و هیوای چاک بوونەوە بۆ هەموو برینداران دەخوازێت. هەروەها خوازیاری ئەوەیە تاوانباران ڕادەستی یاسا و لێپرسینەوەیان لێ بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دووبارە بوونەەوەی هەر جۆرە تاوانێکی لەم چەشنە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣ی رێبەندانی ی ١٤٠٢
٢٣ی ژانویەی ٢٠٢٤