ماوەیەکە هەڕێمی کوردستان لە لایەن میلیشیا و گروپە توندئاژۆکان کراوەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و کردەوەی تێکدەرانە و تیرۆریستی. هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێم، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تا بنکەکانی پێشمەرگە و ماڵ و حاڵی خەڵکی مەدەنی، کراونەتە ئامانجی هێرشی بێ پاساو و تیرۆریستی. زۆر روونە کە ئامانجی ئەو پەلامار و هێڕشانە بۆ ئەوەیە: لە لایەک بەو گوشارانە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم تێکبدەن و لە لایەکی ترەوە پێوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عیراق بشێوێنن و سەقامگیری لە عێڕاقدا بخەنە مەترسی. هەروەها دیتمان کە بۆ شێواندنی دۆخی کەرکوکیش دەستیان بە هەموو پیلانگێڕییەک کرد و بە هێزی چەکدار گوشاریان خستە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەو شارە. ئالۆزی سازکردن و تێکدانی نێوانی پێکهاتەکانی ئەو شارە، بەشێکی دیکەیە لە پیلانی دوژمنکارانە بۆ تێکدانی ئەو کیانەی کورد و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکان لە وڵاتی عیراق.
گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتەوەی هەموو ئەو کردەوە تێکدەرانەیەیە تا بتوانێ لەو ڕێگایەوە دژایەتی بزوتنەوەی کورد دڕیژە پێبدات و هەرێمی کوردستان بە چۆکدا بێنێ تا بتوانێ عێڕاق زۆرتر بکاتە مەیدانی تەراتێنی خۆی و هێزە گرێدراو و پێوەندیدارەکان بە خۆیەوە.
ئێمە وێڕای مەحکوم کردنی ئەو هێرشی دڕۆنی و دەستدرێژییانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی ناو عێڕاق دەکەین کە دژ بەو کردەوانە بوەستنەوە و هەروەها لەو هەلومەرجە هەستیارەی وا ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێ، پێویستە پێکهاتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی بەرانبەر بەو کردەوە دوژمنکارانە بوەستن و تەبایی و یەکدەنگی ناوخۆیی بە ئەرکی هەرە گرینگی خۆیان بزانن و بۆ پەرە پێبدانی تێبکۆشن. هەروەها ئەرکی حکومەتی عێڕاقە تا بۆ پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیری لەو وڵاتەدا و لە هەرێمی کوردستان دژکردەوەی جیددی بنوێنێ و بەرانبەر بەو گروپە میلیشیا تێکدەر و توندڕەوانە بوەستێتەوە با عێڕاق چی دیکە نەکەنە سوتەمەنی ئامانجی سیاسەتی تێکدەرانە و فرەخوازیی دەرەکی.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٦ بەفرانباری ١٤٠٢ کۆچی یان ٦ ژانویە ٢٠٢٤ زایینی