جارێکی دیکە، لە ٢۵ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی ژینا (مەهسا) ئەمینی و هاوکات ساڵوەگەڕی دەستپێکی شۆڕشی پێشکەوتوخوازانەی ژن، ژیان ئازادی، بە مانگرتنی سەرکەوتووانەی سەرانسەری جارێکی دیکە، ئیرادەی جەماوەری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، بە سەر هێزی ڕەشی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی سەرکەوت.
ئەم سەرکەوتنەی خەڵکی کوردستان لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی چەند مانگە بە میلیتاریزە کردنی کوردستان و لەشکەرکێشی و هێنانی تۆپ و تانک بۆ سەرجەم شارەکانی کوردستان، بانگ کردن و دەستبەسەرکردن و ڕەشبگیری خەڵک و چالاکانی مەدەنی، ئەزیەت و ئازار و دەستبەسەرکردنی کەسانێک لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان، داخستنی پەیج و ماڵپەرەکانی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشە لە کاسبکاران و دوکانداران، دانانی بەربڵاوی کامێرای چاودێری، هەڕەشە و دروستکردنی جەوێکی تەواو ئەمنیەتی و وەگەر خستنی هەموو هێز وتوانای بۆ سەرکوتی خەڵک،لە هەوڵی پێشگرتن و کۆنترۆڵی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی شەپۆلی نارەزایەتییەکان و شۆڕشی خەڵکدا بوو. لەم ململانێیەی نیشاندانی هێز، لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە تایبەتی لە کوردستان کە سەرچاوەی هەڵگیرسان و دەستپێکی شۆڕشەکە بوو، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە سەرکەوتنیان تۆمار کرد و مەشخەڵی شۆڕشەکەیان بە گڕ و تین هێشتەوە.
لە شارەکانی کوردستان مانگرتنی گشتی سەرکەوتووانە بەڕێچووە و سەرجەم دوکان و بازارەکان داخراون. ئەم رۆژە جارێکی دیکە بوو بە هێمای یەکریزی و یەکێتی و دەربڕینی “نایەکی” دیکە بە کۆماری ئیسلامی و بەردەوام بوونی خەڵک لە سەر داوا نەوتەویی و سیاسیەکانیان.
ئەم هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە خەڵک سەرەڕای هەموو گوشارەکان لە هەوڵی خۆ گەیاندنن بە شاری سەقز و بەرز راگرتنی یادی ژینای نیشتمان.
جێی خۆیەتی پیرۆزبایی لە هەموو خەڵک و چالاکوانانی مەدەنی بکەین کە بە یەکگرتویی جارێکی دیکە کوردستانیان کردەوە پێشەنگی شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی و سەرەڕای هەموو گوشارە ئەمنیەتییەکان، سوورن لەسەر، خواستە نەتەوەیی و سیاسەکانیان و بە هەرشێوەیەک بێت ناڕەزایەتی خۆیان دەرئەبڕن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٣ی زاینیی
٢۵ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاویی