🔴خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
هۆگرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان!
هاوڕێیان، دۆستان و دلسۆزانی کۆمەڵە!
هەمووتان دەزانن کە ڕاگەیاندنی فەرمی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی ئەو کاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە رێکەوتی ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١ هەتاوی بەرامبەر بە ٢٧ی نوامبری ٢٠٢٢ی زایینی لە ژێر ناوی مێژوویی “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران” بڵاو کرایەوە و تەئکیدی ڕۆشنی لەسەر بە سەرئەنجام گەیشتنی پڕۆسەی یەکگرتنەوەشی تێدایە.
ئەو هەنگاوە پیرۆزە شەپۆلێکی بەرین لە پشتیوانی و ئومێدی لەگەڵدا بوو و کۆمەڵەی بەرزتر و بەهێزتر کرد هەروەها خەڵکی کوردستان، دڵسۆزان و دۆستانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستانی دڵخۆش کرد، لە هەمان کاتدا دوژمنان و نەیارانی بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستانی ناهومێد و تووڕە کرد. پێشەنگایەتی و بەرچاوبوونی کۆمەڵە لە لووتکەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا قین و نەفرەتی کۆماری ئیسلامی و نەیارانی شۆڕشی کوردستان لێکەوتەوە.
بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢١ی مانگی جوونی ٢٠٢٣ واتە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٢ی هەتاوی ژمارەیەک کادر و ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی یەکگرتوو، سەعات و نیوێک دوای سەرنەکەوتنی کودەتا سەربازییەکەیان، بەپەلە و بە بێ هیچ بنەمایەکی حیزبی و ڕاگەیەندراوی پێشوو، بۆ پاساو کردنی ئەو تاوانە پیلان بۆ داڕێژراوە: بە ناوی «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان» ڕاگەیاندنیان دەرکرد و خورپەیان خستە دڵی خەڵکی کوردستان و هەموو هۆگرانی کۆمەڵە.
بەمجۆرە ئەو هەوڵە چەواشەکارانەیە و ئەو کارە بێ بنەما حیزبی و دور لە هەموو پڕەنسیپ و پێڕەوی ناوخۆیە ڕەتدەکەینەوە و هەمووان ئاگادار دەکەینەوە کە بڕیاری یەکگرتنەوە و پتر لە ٧ مانگ کاری هاوبەش لە کۆمەڵەی یەکگرتوودا و ڕێککەوتننامەی هاوبەش لە لایەن زۆربەی هەرە زۆری سەرکردایەتی کۆمەڵەی یەکگرتووی پێکهاتوو لە دوو ڕێبەریی پێشوو و زۆرینەی باڵای کادر، ئەندامان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئەوکات کە لە پڕۆسەی یەکگرتنەوەدا بەشدار بوون و هەروەها زۆرینەی نزیک بە تەواوی کادر و ئەندامانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی پێشوو، پشتیوانی لێدەکرێ و تەئکیدی لەسەر دەکرێتەوە. یەکریزی و یەکگرتوویی کۆمەڵە لە جێی خۆیەتی و وەک گلێنەی چاو دەپارێزرێت.
تێکەڵبوون و یەکگرتنەوە لە هەموو بوارێکی یاسایی و حیزبی، گومانی ناخرێتە سەر و خەوشی لەسەر نییە. هەموو بەڵگە و هەنگاوە کردەییەکان لە ئۆرگان و ڕێکخستنەکان لە دەرەوەی وڵات، هەتا ناوخۆی وڵات و نوێنەرایەتی نێونەتەوەیی و لە هەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن و دەرخەری ناڕەوا بوونی ئیدیعای چەند کەسی چەواشەکارن. هەموو ڕاستییەکان بە دۆکۆمێنت دیار و قابیلی سەلماندنن.
ئێمە لە ڕۆژانی داهاتوو لەو بوارەدا و لەسەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووش ڕوونکردنەوەی زۆرترمان بۆ ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان دەبێ و دڵنیاین خەونی نەیارانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان شکست دەهێنێت، و کۆمەڵەی خاراو و گەشەسەندوو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەگوڕ و تین و تەوژمێکی نوێوە خۆی بۆ دەورەی داهاتووی شۆڕش لە کوردستان و ئێران ئامادە و ساز دەکات.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٨ی جوونی ٢٠٢٣ زایینی