ڕاگەیاندنی سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ۲۷ی رەشەممە، “رۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە”
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
,بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان،
٢٧ی ڕەشەممە ڕۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵەیە. کۆمەڵە زیاتر لە ٥٠ ساڵە کە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات خەبات دەکات و بە هەزاران ڕۆڵەی بەوەجی خۆی فیدای ئازادیی و بەرابەریی گەل و نیشتمان کردوە.
٣٥ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ و لەدرێژەی شەڕی ناڕەوا و کۆنەپرستانەی دوو دەسهەڵاتی نگریسی ڕژیمی بەعس و کۆماری ئیسلامی، شاری هەڵەبجەی کوردستانی باشوور کەوتە بە هێرشی بۆمبارانی شیمیایی کە لەئاکامدا زیاتر لە ٥٠٠٠ مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی. هاوکات پۆلێک لە هێزو پێشمەرگەئازا و سەربزێوەکانی کۆمەڵە کە بەمەبەستی جێبەجێکردنی پێئەسپێردراوە حیزبییەکانیان لەو ناوچەیە مابوونەوەو لە ئاکامی شیمیایی بارانەکەی شاروناوچەکەدا تووشی زیانی گەورە ببوون، کەوتنە نێو گەمارۆی شەڕی دوو هێزی زەبەلاحی ئەو دوو ڕژیمە و لە داستانێکی هەرگیزلەبیرنەکراودا، گیانی ئازیزوخۆشەویستیان بەختکرد. شەڕێکی نابەرابەر و خۆڕاگرییەکی بێوێنە کەلاپەڕەیەکی دیکەی مێژوی خەباتی خەڵکی کوردستانی بەخوێنی ٦٠ پێشمەرگەی هێزی دوژمنتۆقێنی گوردانی شوان سوورکرد و لە گەمارۆیەکی بێدەرەتاندا ١١ پێشمەرگەی دیکەش بە برینداریی بەدیل گیران. بۆ ڕێزگرتن لە گیانبازیی هاوڕێیانی گوردانی شوان و یادکردنەوەی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادیی و بەرابەریی و هەموو ئەومرۆڤانەی لە شەڕی داسەپاوی داگیرکەراندا بوونە قورابانیی، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممە، وەک ڕۆژی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە ناوزەدکرا.
ئەمڕۆ هاوکات ڕۆژی ڕێزگرتن لە هەموو تێکۆشەرانی خۆڕاگر و کۆڵنەدەری ئەو ڕێبازەیە کە سەرەڕای هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەیەک چەشنی قەلای لەگیراننەهاتوو تا دواهەناسەیان لەبڕی تەسلیم بوون و خۆبەدەستەوەدان، گیانفیدایی و سێدارەیان هەڵبژارد.
ئەمڕۆ ڕۆژی ئەمەکناسیی و پێزانینمانە لەهەمبەر هەموو ئەو کەسانەی لەڕۆژە خوێناویی و سەختەکانی خەباتدا، بریندار بوون و بەشێک لە جەستەی خۆیان فیداکرد و سەرڕای ژیانی سەختی کەمئەندامیی، دیسانیش وەک وەفاداری ئەوڕێبازە مانەوە.
ئەمڕۆ ڕۆژی وەفاداریی و سپاس و پێزانینمان بۆ دایکان و باوکان و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوانی شاخ و شار کە خەم و ئازاری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان لەکۆڵناوە و شانازیی بەو باج و قوربانیە گەورەوگرانە دەکەن کە لەپێناو ئازادیی و بەرابەرییدا پێشکەشی خەڵک و نیشتمانی خۆیانکردوە.
ئەمڕۆ دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم گیانبەختکردوانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و فەلسەفەی ژن ژیان ئازادیی و شۆڕشی ژینا کە درێژەپێدەری کاروانی دوورودرێژی گیانبەختکردوانی گوردانی شوان و کۆمەڵە و خەون و خواستەکانیانن و بەخوێنی سووریان سەلماندیان کە ڕێگاکەیان لەهەمووکات پڕڕێبوارترە.
لێرە و لەسەنگەری کۆمەڵەوە، سڵاو دەنێرین بۆ گیانبازیی و کۆڵنەدانیان و تا گەیشتن بە ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانیان لێبڕاو و بێوچان تێدەکۆشین و سوورین لەسەر پەیمانی مێژوییمان.
درودی ئێمە بۆ درێژەپێدەرانی ڕێگایان و سەرجەم ئازادیخوازنی کوردستان.
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
۲٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ی کۆچی هەتاوی