مێژووی رێزلێنان لە رۆژی جیهانی کرێکار واتە یەکی مانگی مەی لە هەوڵ بۆ بەروەپێشچوون و بەرگری لە مافی کرێکاران بۆ وڵاتانی پیشەسازی ئەوروپا و ئامریکا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕێتەوە. هەوڵی ئابووری ناسراو بە شۆڕشی پیشەسازی لە کۆتاییەکانی سەدەی 18 لە ئوروپا خۆی دەرخست و لە دەیەکانی دیکە زۆر بە خێرایی لە بەشێک لە کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت ئوروپا و ئامریکا گەشەی کرد.
لە ئێران بۆ یەکەمین جار بەرێوەبردنی رۆژی جیهانی کرێکار لە ساڵی 1921 یان 1300ی هەتاوی و بە دەستپێشخەری رێکخراوێکی چەپ بە ناوی شۆڕای ناوەندی فێدارسیۆنی سەندیکای کرێکاری بەڕێوە چوو. لە مێژووی هاوچەرخی ئێران تەنیا لە دو قۆناغە کە رێکخراوە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتیە کرێکارییەکان توانیان کاریگەری پۆزەتیفیان هەبێت لە سەر چارەنووسی سیاسی وڵاتی ئێران کە یەکەمیان لە نێوەڕاستی دەیەی 20ی هەتاوی و قۆناغی دووهەم لە ساڵەکانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانە.
دەیەی بیستی هەتاوی و لە نێوەڕاستی ئەم قۆناغە، کرێکارانی کارگاکان و بازاریانی ئێران کە لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی چەپی جیهانی بوون توانیان خۆیان رێکبخەن و لە سەر داخوازییەکانیان مسۆگەر بن.
لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران رێکخراوە کرێکارییەکان بۆ نمونە کرێکارانی سەنعەتی نەوت سەرەڕای داخوازییە سێنفیەکانیان لە رووداوە سیاسیەکانش رۆڵێکی گەورەیان نواند. ماڵی کرێکار دوای شۆڕشی ئێران لە دەست هێزە چەپەکان بوو بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کە تازە بە دەسەڵات گەیشتبوو، شۆڕا کرێکارییەکانی زۆر زووتر لە حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان سەرکوت کرد.
کرێکاران کە چەوساوەترین بەشی کۆمەڵگای سەردەمن، هەمیشە خواستەکایان لە کۆمەڵگایەکدا بەدی دێت کە زۆرترین ڕێز بۆ ئینسان دابنێت نەک کۆمەڵگایەک کە ستەمو بێ مافی یەخسیری کردبێت، ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی لە هەل و مەرجێک دا گرفتار بووە کە تەنانەت لە سێبەری خۆیشی دەترسێت هەر بۆیە دەستبەسەرکردنی کوێرکوێرانە و بێ حیساب وەرێ دەخات تا بەڵکوو لەم رێگایەوە بتوانێت بەر بە پەرەسەندنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت بزووتنەوەی کرێکاری بگرێت.
زیادبوون و چوونەسەرەوەی قەیرانی ژیان و گوزەران لە ئێران، بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری کرێکارانیش رۆژ لە دوای رۆژ روو لە خراپی و تێکدان دەچێت. بێکاری سنووری بڕیوە، هەڵاوسان بە بەرزترین ئاست لە چاو ساڵانی رابردوو گەیشتووە و تەنانەت بردنە سەرەوەی حەقدەستیش وڵامدەرەوەی ئەم قەیرانە نییە.
بە هاتنی شەپۆلی وایرۆسی کڕۆنا لە ئێران و داخرانی زۆربەی شوێنەکانی کەسابەت و کار لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، لە ئامارەکانی ناوەند ئاماری ئێران هاتووە کە چالاکی ئابووری لە چاو ساڵی رابردوو(زستانی 1399)ی هەتاوی 1/5 دابەزیووە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، هەگبەی ژیانی بنەماڵەیەکی کرێکاری لە یەک مانگدا 10 ملیۆن تمەنە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە حەقدەستی کرێکاران تا ئاستی 3 ملیۆن تمەن دەڕوات.
بە پێی دەرئەنجامەکانی (تەرحی) ئامارگیری هێزی کار لە وەرزی زستانی ساڵی رابردوو واتە 1399ی هەتاوی کە لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێران بڵاو ببوەوە، نرخی بێکاری باڵای پانزدە ساڵ و زۆرتر نیشان ئەدات کە 9.7ی رێژەی حەشیمەتی خاوەن کار(شاغل) بێکار بوون. نرخی بێکاری لاوانی پانزدە هەتا 24 ساڵانیش دەرخەری ئەو راستیەیە کە 23.6ی چالاکانی ئەم گرووپە تەمەنیە لە وەرزی زستاتی 1399ی هەتاوی بێکار بوونە.
هاتنی وایرۆسی کڕۆنا و گشتگیر بوونی لە وڵاتی ئێران زۆربەی کاروباری بیناسازی راوەستاوە و بە هەزاران کرێکاری وەرزی ئەم پیشەیە تووشی کێشەو گرفتی ژیان و بێکاری بوون. تەندروستی خۆیان و بنەماڵەکانیان لە مەترسی دایە. کرێکاران لە بەرامبەر ئیداراتی دابین کردنی کۆمەڵایەتی شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەستیان دایە خۆپیشاندان و لە بەرامبەریشدا بەرپرسانی حکومی سەبارەت بە داخوازییەکانی ئەوان بۆ دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کەمتەر خەمن.
سەرەڕای چەنگ و چەڵەمەکانی ژیان و تەندروستی کرێکاران، کێشەی بیمەی کرێکاران بە گشتی و کرێکارانی بیناسازی بە تایبەتی هەروەها بێ چارەنووسە. بە پێی مادەی 10 یاسای بیمەی کۆمەڵایەتی کرێکارانی بیناسازی دەبێت ماوەی 35 ساڵ ئەزموونی بیمەی هەبێت کە بتوانێ خانەنشین بکرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکات لە گەڵ وتووێژەکانی لە ئاست نێونەتەوەیی لە ناخۆی وڵات گوشار بۆ سەر چالاکی مەدەنی، کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکان، کرێکاران، خوێندکاران و ژنانی زۆرتر کردووە. تەنیا لە دومانگی ئاخری ساڵی 1399ی هەتاوی زۆرتر لە پەنجا کەس لە چالاکی مەدەنی لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتی دەستبەسەر کرد. لە شاری بەلوچێستان لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ نزیک بە 20 کەسی لە سێدار دا. حوکمە قەزاییەکانی خوێندکاران و چالاکی مەدەنی و سینفی جێبەجێ کران.
بارودۆخی ژیان و مەعیشەتی کۆمەڵگا رۆژ لە دوای رۆژ روو بە خراببوون دەڕوات. هەرچەند دەوڵەت و کاربەدەستان دەڵێن نرخی بێکاری دابەزیوە بەڵام ئەم دابەزینە لە ئاکامی نەمانی بەشوێن گەڕاوانی کار لە بازارەکانە ئەویش هۆکارەکەی بێ هیوا بوون و هاتنەخوارەوەی نرخی شەراکەتی ئابوورییە. بە پێی راپۆرتی ناوەندی ئامار لە مەودای وەرزی پاییزی 1398 تاکوو پاییزی ساڵی 1399ی هەتاوی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لە (شاغلین) خاوەن کارەکان کەم بووەتەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن ژن لە بازارەکانی کار دورخراونەتەوە.
نزیک بە یەک ملیۆن و 40 هەزار نەفەر لە حەشیمەتی ژنانی چالاکی ئابووری کەم بووەتەوە. هەر لە هەمان وەرز 777 هەزار کەس بە ژمارەی ژنانی بێکار زیادی کردووە. بە ژمارەی بێکاران لە ماوەی یەک ساڵ یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس زێدە بووە. پێویستە ئەمە بوەترێ کە ئەم ئامارە تەنیا فەرمانبەران(شاغلین) کە شمولی یاسای کار و دابین کردنی کۆمەڵایەتین لە خۆ دەگرێت.
نیشانەکانی بوونی ئەمنیەتی کاری بریتین لە: ئەگەری کەمتر ئاڵو گۆڕ کردن لە شوێنی کار، سەنترالیزە بوون یان جێگرتن لە شوێن کاری، هەڵبژاردنی کاری کونجاو، رازی بوون لە شوێنی کار، رازی بوونی ئابووری، ئارام بوونی شوێنی کار و بەستراو بوون بە سازمان کە بە داخەوە لە وڵاتی ئێران هیچ کام لەم خاڵانە رەچاو ناکرێن. نەگونجاوبوونی هێزی کار لە گەڵ هەلەکانی کاری لە نێو بازار بوەتە هۆی ئەوەیکە کرێکاران مل بە هەر کارێک بنێن و تەنانەت ئەو کارانەی وا هیچ گرێبەستێکی کاری تێدا نییەو بە هیچ جۆرێکیش ئەمنیەتی کاری و گیانیان پارێزراو نییە. کێشە و گرفتی چینی کرێکار لە ئێران یەکجار زۆرن کە بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە چەند نمونەی وەک دەرکردن، کەمی حەقدەست، کێشە و ناکۆکی لەگەڵ خاوەنکاران، نەبوونی بیمە و ئەمنیەتی کاری، ئیزن نەدان بە رێکخستنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خستنە رووی داخوازییەکان و زۆر جار گیران و زیندانی کردن، بەشێکن لە گرفتەکانیان.
بەم پێیە لە ساڵی نوێ ئێمە شاهیدی لە ناوچوونی بنەماڵەکان، زۆربوونی تاوان لە کۆمەڵگا، ئەو کوشتنانەی کە بە هۆی هەژارى و نەداری روو ئەدەن و هەروەها وازهێنانی منداڵان لە دەرس خوێندن و رووکردنیان لەکار دەبین. کرێکاران ئەمرۆکە لە ژێر سەخترین گوشارەکانن .لە لایەکەوە قورسایی گرانی سەرسووڕهێنەر و هەڵاوسان و لە لایەکی دیکەشەوە بێکاری و دەرکردن و دواکەوتنی حەقدەستەکان دەنگی ناڕەزایەتی کرێکارانی بەرز کردوەتەوە.