هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ دەبێت ناوەند بەڕاستی ببێت بە ناوەندێک کە ئادەرس بێت و بتوانێت خزمەتی بزووتنەوەکەمان بکات.
ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی هاوڕێ «ئەبووبەکری مودەڕیسی» جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵە وێڕای بەڕێز کاک عومەر باڵەکی بە نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و هەروەها بەڕێز کاک عەبدوڵڵا حیجاب وەک چاودێری سیاسی لە بەرنامەی ڕادیۆی «بەکاتی مهاباد» بە میوانداری هاوڕێ «فوئاد عەباسی» لە ڕادیۆ ڕووداو بەشدار بوون. تەوەرەی وت و وێژەکە بریتی بوو لە پێک هێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
ئەوە لە لەم ژمارەیەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات دا دەیخوێننەوە دەقی وتەکانی هاوڕێ «ئەبووبەکر مودەڕیسی»ـیە.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ کاک ئەبووبەکر وێڕای سڵاو و بەخێرهێنان، سەرەتا دەمەوێت بۆچوونی بەڕێزیشتان وەربگرم لەسەر تێپەڕ بوونی زیاتر لە ٢ ساڵ بە سەر کارەکانی ناوەند تا کوو چەند کار و چالاکییەکانی ناوەند لەم ماوەیەدا سەرکەوتوو بووە و توانیوێتی ئامانجەکانی خۆی بەدی بێنێت؟
_ هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ بەڵێ، زۆر سپاس و بەر لە هەر شتێک منیش بەش بەحاڵی خۆم سڵاوم هەیە بۆ ستافی بەرنامەکەتان بۆ زەحمەتەکانیان، بۆ هەموو گوێگران کە گوێیان لەم بەرنامەیە دەبێت و زۆرم سڵاو و ڕێز هەیە بۆ هەر دووک میوانی بەرنامەکە، کاک عومەری باڵەکی و کاک عەبدوڵڵا حیجاب.
سەبارەت بە پرسیارەکەی جەنابت، من سەرجەم وەک کۆبەندێک بەر لەوەی بچمە ناو وردەکارییەکان لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەمە لە ناوەندی هاوکاری ئامانجەکانی مەبەست لە پێکهێنانی خۆی پێکاوە و کاری زۆر زۆر باشی کردووە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەتوانم بڵێم فەسڵێکی نوێ و قۆناغێکی نوێی لە ڕەوابت و پێوەندی نێوان حیزبەکانی کوردستاندا کردووەتەوە و لە هەمان کاتدا دەتوانم بڵێم کە ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە ئەو شتەی کە تا ئێستا کراوە، ئەوە ئامانجی کۆتایی ناوەندە و ئیتر ناوەندی هاوکاری، کاری دیکەی لە پێش نییە و بەرنامەی دیکەی لە پێش نییە، نەخێر! زۆر کاری دیکە هەیە کە لە بەرنامەشماندا هەیە. ناوەند لە سەرەتای دەستبەکار بوونیەوە توانیوێتی تا ڕادەیەکی زۆر هاوهەڵوێستی دروست کات نەتەنیا لە نێو حیزبەکاندا کە لەوانەیە چون زۆرتر دەبیندرێ و زۆرتر سرنجی خەڵک ڕابکێشێ، بەڵام هاوهەڵوێستی لە نێو جەماوەری خەڵکی کوردستانیش پێکهێناوە و ئەوە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە. لە هەمان کاتیشدا لە زۆر دەرفەت و قۆناغە هەستییارەکان وەک موشەکبارانی بنکە و مەقەڕەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ئێعدامی ڕامین و هاوڕێیانی، ناوەند توانیوێتی بانگەواز بدات کە دەنگدانەوەیەکی باش و پێشوازی بەرفراوانی وەرگرتەوە لە جەماوەری خەڵکی کوردستان، لە ئێعترازەکانی خەزەڵوەری خەڵک ناڕازی ئێران لە پرسی گرانی نرخی بێنزین، بانگەوازەکانی ناوەند و هەڵوێستەکانی دیسانیش دەنگ دانەوەی زۆر باشی بووە. لە نەورۆز و بۆنە نەتەوەییەکان کە ناوەند توانیوێتی گوتارێکی هاوبەش و هەستێکی گەورە و جوان و فەراحیزبی دروست بکات لە نێو جەماوەری خەڵک، دیارە ئەوانە هەموو زەمینەی بووە و مەبەستم ئەوە نییە کە خەڵکی دیکە، کەسی دیکە بە تایبەتی چالاکانی مەیدانی دەوریان لە بەر چاو نەگرین بەڵام، ناوەندیش بەش بە حاڵی خۆی توانیوێتی زۆر کاری باش لەو بوارانەوە ئەنجام بدات و سرنجی خەڵک و تەنانەت وڵاتانی دەرەوەی بەرەو پرسی کورد ڕابکێشێت. سرنجی وڵاتانی دەرەوەی زۆرتر بەرامبەر بە دۆخی نالەباری کۆڵبەرانی کوردستان ڕاکێشاوە، لە چەندین دەرفەتدا باسی کردووە و پێم خۆشە ئاماژە بەوەش بدەم ناوەند دەستکەوتێکی گەورەی بووە لە دروست کردنی کلتۆرێکی گوێ بۆ یەکدی ڕاگرتن. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی کە جەنابت باست کرد تا ئێستا چ لە ئاستی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە ئاستی جەماوەری ئەم حیزبانەش ئێمە بە بەراورد بە پێشوو کەمترین تەشەنوج و کێشەمان بووە بە پێچەوانە هەر وەک عەرزم کردن کلتۆری گوێ بۆ یەک گرتنمان توانیوە تا ڕادەیەکی زۆر جێگیر بکەین. لە ئاستی گشتی بزووتنەوەی خەڵکی کورد کاریگەری بەرچاوی بووە و بۆ نموونە ئێمە لە دەرەوەی وڵات کومیتەی هاوبەشمان پێکهێناوە کە هاوکاری دەکەن لە بەڕێوبردنی ئاکسیوۆن و ئەو کەمپێینانە کە دێنە پێشێ. ئێمە یەک، دوو ژێر مەجمووعە و کومیتەی زۆر زۆر بەنرخمان لە ناوەندی هاوکاری پێک هێناوە و یەک لەوان کومیتەی زمانی دایکییە. هاوڕێیانی هەر چوار لایەنەکە تێیدا بەشدارن و کۆبوونەوە دەکەن و بە تایبەتی ئەو کۆبوونەوە ناوبەناوانەی بەرپرسانی ئەو کومیتانە، دیارە زۆر شتی دیکەش هەیە کە نامەوێ لێرەدا زۆر کاتی بەرنامەکەی پێ بگرم.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ کاک ئەبووبەکر ئایا هەر چوار لایەنی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری لەگەڵ پێک هێنانی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوودان یا خود لە سەر ئەم پرسە ناکۆکی هەیە؟
_ هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ من بەش بە حاڵی خۆم دەتوانم بڵێم نەزەر و قسە و باسێک کە نیشاندەری ئەوە بێت هێزێک لە هێزەکانی پێک هێنەری ناوەند لەگەڵ بیرۆکەی پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی هاوبەش «موخالف» بن،م نەمبیستووە و بۆیەش پێم وایە هەر چوار لایەن لەگەڵ ئەسڵی مەسەلەکە هاوڕان و ئێمە بۆخۆمان وەک لایەنێکی پێکهێنەری ئەو ناوەندە پشتیوانیمان کردووە و پشتیوانی دەکەین و لە ڕاگەیاندنی ڕۆژانەی خۆمانشمان ڕەنگی داوەتەوە.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ کە وایە بۆچی تا ئێستا نەتوانراوە ئەو هێزە پێک بهێنرێت کاک ئەبووبەکر؟
_ هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ زۆر پرسیارێکی بە جێگایە، وابزانم لە قسەکانی کاک عومەریش بوو، دروست بوو و من لەگەڵ موافقم، ئەوە زۆر شتێکی تازەیە بۆ ئێمە. زۆر زۆر و ئێمە لێرەدا لەگەڵ پێشینەیەک لەگەڵ سونەتێک، نەریتێک لەو ئاستە لە هاوکاری، واتە پێک هێنانی سپایێکی نەتەوەیی، ئەرتەشێکی میللی بۆ کورد وەک بازووی چەکدار و هێزی بزووتنەوەی کوردستان ڕووبەڕوو نەبووین. لە ڕاستیدا ئێمە وەک ناوەند داهێنەری ئەو نەریتەین، کلتۆر و فەرهەنگی بە یکەوە کار کردن، ئێئتلاف کردن لە نێو ئێمەدا زۆر بەهێز نییە بە داخەوە و لە هەمان کاتدا ئێمە کلتۆرێکی بەهێزمان هەیە بۆ ئەوەی خەڵکی کورد ئامادەن فداکاری بکەن و گیانبازی بکەن لە ڕێگای دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆیان ئەوە یەکیان مومکینە وا لە ئێمە بکات بۆخۆمان داهێنەر بین و لە سەرەتاوە دەست پێ بکەین، بەڵام ئەوەی دیکە یارمەتی دەدا و پرسێکی گرینگیشە ئەوەیە کە؛ نە تەنیا ناوەند و لە ناوخۆی ناوەند بەڵکوو لە نێو جەماوەری خەڵکدا ئەو بیرۆکەیە لایەنگر و تەرەفدار و سۆزێکی گەورەی بۆ هەیە کە هیچ کەس ناتوانێ پشت گوێی بخات، بەڵام هەر ئەو جورەی کە عەرزم کردن کە واردی وردە کاری دەبی قسە کردنی زۆری دەوێ لەو کاتەوە بە جیددی دەست پێکراوە لە نێو ئێمەدا بۆئەوەی کاری بۆ بکەین ئێستاکانە تەسەووری من ئەوە نییە کە شایەد زۆری پێچووە، بەڵام پێم وایە کە دەبێ بەپەلە بین لەوەدا، بۆچی؟ لەبەر ئەوە ئێمە لەبەردەم گۆڕانکاری زۆر گەورە داین.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ باشە کاک ئەبووبەکر ئەگەر پۆلێن بەندیێکی بکەین دەتوانن بڵێن ١٠٠ تا چەند توانیوتانە بگەن ئەم ئامانجە؟
_هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ زەحمەتە بە زمانی ڕیازی بڵێی، بەڵام دەمویست ئەوەت عەرز بکەم، بڵێم کە ئێمە دەبێ لەو مەسەلەیەدا پەلە بکەین چون لەبەردەم گۆڕانکاریێکی زۆر گەورەداین کە هەمووی ئێران و هەموو کەس لەسەر ئەوە ساغە کە ئەو نیزامە سیاسییە ئەو وەزعەی کە هەیە لە ئێران، ناتوانێ درێژەی هەبێ. ئیتر بە چ جور و بە چ سیناریۆیەک، هیچ کەس ناتوانێ پێش بینی بکات چەندە هاتووینە پێش، هەر ئەو جورەی عەرزم کردن زۆر زەحمەتە بە زمانی ڕیازی بڵێین، بەڵام زۆر زۆرمان ڕێگا ماوە لەو بارەوە. دەبێ کۆبوونەوەکان چڕ و پڕتر بکەینەوە. من لەسەر ئەو باوەڕەم دیارە ئەوە کاک عومەریش لێرە هەیە، حزووری هەیە بەدڵنیاییەوە نەزەری خۆی دەڵێت، بەڵام لەو بڕوایەدام کە ئێمە لە سەرەتای سەرەتا دا نین، چوونکا بە گشتی بیرۆکەکەمان قبووڵە، بەڵام هەنگاوە کردارییەکان زۆریان ماوە. پێویستە کۆبوونەوەکان چڕتر بکرێنەوە و پرۆسەکە بە خێرایی ببەینە پێشەوە.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ هەر لەسەر ئەو دانوستانانەی کە دەستی پێکردبوو، ئەنجامەکەی بە کوێ گەیشتووە؟ ئێستاش ناوەند و لایەنەکانی بەشدار لە ناوەندی هاوکاری ئامادەن بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، یا خود ئەم گفتگۆ و دانوستانە بە تەواوی شکەستی خواردووە؟
__هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ پێموابێ لە چەند دەرفەتێکی دیکە لەسەر ئەو مەسەلەیە باس کراوە، لە ڕاستیدا ئەگەر لە بواری فەنییەوە دەقیق قسە بکەین دانوستانێک لە ئارادا نەبووە تا ئێستا، ئێمە وەک ناوەند داوامان کردووە، مەرجێکمان داناوە بۆ ئەوەی کە دانوستان ئەگەر بە شێوەی جیددی دەست پێ بکات ئەو مەرزانە دەبێ بەشی زۆریشی دیارە لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە بەڕێوە بچێت.
_ڕادیۆ ڕووداو؛ وڵامی ئەو داواکارییانە دراوەتەوە تا ئێستا؟_هاوڕێ ئەبووبەکر مودەڕیسی؛ جا دەمەوێ ئەوە بڵێم، «نەخێر»! کەماکان چاوەڕێین و وڵامی ئەوە نەدراوەتەوە و بۆیەش ئێمە ئامادە نین بە بێ ئەوەی کە ئەو مەرجانە بێ ئەو گارانتییانە دانوستان دەست پێبکەین. ئیجازەم پێ بدە کاک فواد کە هەم لەسەر پرسیارەکانی پێشووتر شتێک بڵێم کە برادەران ئیشارەیان پێ کردبوو زۆر دروست بوو قسەکانت بەڵام پێم خۆش بوو ئەوەش زیاد بکەم کە حەقیقەتی ناوەند دەبێ لە مەرکەزێک هەر ئەو جورەی لە نێوەکەیەوە دیارە، دەبێت ناوەندێک بێت بۆ هەماهەنگی بۆ هاوهەڵوێستی هەنگاو بنێت و بەرەوە بە دامەزراوەیی بەردەوام بڕوات. خەڵک بتوانێت موراجعەی پێ بکات و بتوانێ خێراتر وڵام داتەوە و کاردانەوەی بێت لە هەمبەر ئەو ڕووداوانەی کە دێنە پێشێ. بۆیەش لە پاڵ هەموو ئەو شتانەی کە دێنە پێشێ کە باسی کرا و برادەران باسیان کرد کاک عومەر بە تایبەتی، من پێم خۆشە ئاماژەی پێ بکەم ئەوە کە باسی ئەوەش کراوە کە ناوەند بتوانێ لە شوێنێکی گونجاو ئۆفیسێک دابمەزرێنیت و خەڵکانێک لەو ئۆفیسە کار بکەن. خەڵکانێکن کە تێیدا بە شێوەیەکی حێرفەیی کار دەکەن و کار دەکەن بۆ بزووتنەوەی خەڵک. ڕاستە ستافەکەی لە لایەن حیزبەکانەوە تەئمین دەبێ بەڵام بە بودجەیەکی هاوبەش ئیدارە دەکرێ و ئەوان وەک وتەبێژ و کارمەند و بەڕێوبەری خودی لە ناوەندەکە کار دەکەن، ئەوە ئیمکان دەدات بە ئێمە کە هەم دیپلۆماسیێکی هاوبەشی بە قەولی جەنابت لۆبییەک دروست کەین لە دەرەوەی وڵات و هەم خێراییەکمان هەبێ لە کاردانەوە بە ڕووداوەکان.