لەم گەرمەی باسەی ئەم ڕۆژانە و هاوتەریب لەگەڵ پرسی ڤیرووسی کۆرۆنا، بێ کیفایەتی، نەزانکاری و گەندەڵی و ناکارامەیی حاکمییەت، هەژاری حەشیمەتی چەند دە میلیۆنی خەڵکی ئێران و قەیرانی ئابووری، سەرکوت و زیندان و ئیعدامەکان، نەمانی مەشرووعییەتی کۆماری ئیسلامی، یەک کاسە بوونەوەی دەسەڵات و بە دەستەوە گرتنی لە لایەن ژێنێڕاڵە ئیسلامییەکان لە تاران، پرسی پێگە و مەوقعییەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و بە گشتی شکانی شکۆی ئیقتدار کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە هەموو کات زیاتر بەرچاوە.
بە دوای هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا و جیابوونەوەی لە بەرجام، کۆمەڵێک گەمارۆی توندوتۆڵی ئابووری و سەربازی دژی ئێران لە جۆزەردانی دووساڵ لەمەوبەرەوە دژی کۆماری ئیسلامی و پێگەی ئەم ڕژیمە لە ئێران و ناوچەکە خرانە بوواری جێ بەجێ کردنەوە.
لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو جیا لە باقی فاکتەرە کاریگەرەکانی دیکە لە بواری دەسەڵات و حوکمڕانی، دوو ئامرازی بۆ سەپاندنی هێز هەبووە کە بریتی بوون لە؛ مەشرووعییەت و ئیقتدار.
لانی کەم لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوییەوە پرسی مەشرووعییەتی گشتی ئەم ڕژیمە لە تاران داڕما و کەس گومانی لە نامەشرووع بوون و ناڕەوایی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی نەماوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی بە زەبری سەرکوت و کوشتن، داپڵۆسین و ئاژاوەگێڕی لە ناوخۆ و ناوچەکە درێژەی بە دەسەڵاتی خۆی داوە.
بە دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی لە بەغدا، شکۆی ئیقتدار و لەشکان نەهاتووی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران داڕما و بەرەو فەنابوون دەچێت.
بەچاوخشاندنێکی خێرا بە سەر دۆخی ناوخۆی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بەڕوونی دەردەکەوێت کە پێگەکەی لاواز و بێ هێز بووە. بۆردمان کردنی بنکەکانی و جێ پێ لێژ کردن و دەرپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی لە سووریە، جێ پێ لەق کردنی لە عێراق لە لایەک، پێ چۆڵ کردنی یەمەن، کورت کردنەوەی دەستی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانەی لە ئەفغانستان نموونەی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستییەن.
پلانی نێودەوڵەتی بۆ بەچۆک داهێنانی دەسەڵاتی شەڕەنگێزی کۆماری ئیسلامی سەرەتا بە دەرپەڕاندنی لە ناوچەکە و کورتکردنەوەی دەستە ئاژاوەگێڕییەکانی دەستی پێکرد، پاشان کەوتە بەرگری و دیفاع و ئەمڕۆکەش شاهیدی شکست و داڕمانین لە ناخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەی.
کۆماری ئیسلامی لە سەراولێژی داڕمان و ڕووخاندایە، هەموو ئاماژەکان وامان پێ دەڵێن و تا دێت ئەم سقووت و دارووخانە خێراتر دەبێتەوە، مانگەکانی داهاتوو خێراتریش دەبێتەوە.