بەمەبەستی کاراترکردن و تاوتوێکردنی ئەرک و چالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 21/06/2020 (1ی پووشپەڕی 1399) کۆبوونەوەی نوێنەرایەتی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوە چوو.
دوای گفتوگۆ و دیالۆگێکی بەرپرسانە، بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون لەسەر کاراترکردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات و بۆ ئەم مەبەستەش بەباش زانرا لەژێر چاودێری نوێنەرایەتی ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات، لقەکانی ناوەند لە وڵاتگەلی ئورووپایی، ئەمریکا، کەنەدا و ئۆسترالیا لە داهاتوودا، بە رێکخراوەییتر بکرێن.
لەتەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە ئاماژە بە پێویستی رێکخستنی پۆتانسیل و تواناکانی کوردی دیاسپۆرا لە وڵاتە جۆربەجۆرەکان، جەخت لەسەر مۆبیلیزە کردنی وزە و توانا جۆربەجۆرەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە. هەروەها بەشدارانی کۆبوونەوەکە هاوڕابوون کە هەوڵبدرێ ئەم ناوەندە لە دەرەوەی وڵات بکرێتە ناونێشانێک بۆ دیپلۆماسی و مامەڵە کردنی دونیای دەرەوە لەگەڵ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، و هەوڵبدرێ لە ژێر چەتری ئەم ناوەندەدا لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری و نەتەوەکانی دیکەی ئێران مامەڵە بکرێ.
لەکۆتاییدا، جەخت لەسەر بەردەوامی و هاوئاهەنگی هەرچی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بواری جۆراوجۆر لە وڵاتانی دەرەوە کرایەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
نوێنەرایەتی دەرەوەی وڵات
21/06/2020
1ی پووشپەڕی 1399