كۆمەڵانی تێكۆشەری خەڵكی كوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردووان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كۆمەڵە
٤١ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٥٧ی هەتاوی هاوڕێ سەعید موعینی (كاك خانە) لە سەر بڕیارێكی حیزبی، لە گەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان، لە شەڕێكی قارەمانانە و نابەرابەردا لە دژی ھێزەكانی بەعسی عێراق لە گوندی “دڕێ” سەر بە شارۆچكەی “ماوەت” لە كوردستانی باشوور، لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە بەرزكانی و رووخانی قەڵای زۆرداری، گیانی ئازیزی بەخت كرد. هاوڕێ “خانە” یەكەم پێشمەرگەی شەهیدی كۆمەڵەیە و بەو بۆنەوە سەركردایەتی كۆمەڵە ٣١ی جۆزەردانی وەك ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە دیاریكردووە. لەو كاتەوە تا ئێستا، ھەموو ساڵێك تێكڕای تێكۆشەرانی كۆمەڵە لەو ڕۆژەدا وێڕای نوێكردنەوەی پەیمان لەگەڵ یەكێك لە ئازیزترین خەباتكارانی گیانبەختكردوی كۆمەڵە وكورستان، ڕێزیش دەگرن لە یادی ھەزاران گیانبەختكردووی كۆمەڵە كە لە پیناو خەباتی ڕەوای گەلی كورد بۆ نەهێشتنی بندەستەیی نەتەوەیی و دادپەروەری كۆمەلایەتی و نەھێشتنی چەوسانەوەدا، گیانیان بەخت كردووە.
ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بە زۆر قۆناغدا تێپەڕێوە، مێژوی دژوارترین بەرەنگاریەكانی بۆخۆی تۆمار كردووە و كۆمەلێك ھەوراز و نشێوی سیاسی و نیزامی تێپەر كردووە، دوژمن لە پیلانگێڕان و ھەوڵدان بۆ لە نێو بردنی ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە ھەوڵی كەمی نەداوە، بەڵام یەك ئەسل نەگۆڕ ماوە و دەمێنێ، پێشمەرگەی كۆمەڵە سەرەڕای ھەموو ھێرشەكان و لەمپەرەكان ماوە و بەردەوامە، شێلگیرە و بەرچاوی ڕوونە تا دەگات بە ئامانج، بەردەوامە تا نیشانی بدات خوێنی نزیك بە ٣ ھەزار خەباتكاری ڕیزەكانی خۆی بۆتە ھەوێنی نەسرەوتن و تێكۆشانی بەردەوام تا بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردووان وخەڵكی كوردستان دڵنیا بكاتەوە سەنگەری ڕۆلەكانیان چۆل نەكراوە، ئێستاكەش جامەدانەی هاوڕێیانی گیانبەخت كردوومانە كە ئارەقی ماندویی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە لە شاخ دەسڕێتەوە.
هەل و مەرجی ئەمساڵ بۆ هەموو لایەك جیاوازە، لە لایەكەوە كۆماری ئیسلامی لە ژێر سەختترین گووشارە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان دایە و ناكارەمەیی و گەندەڵی ناوخۆشی گەییشتووەتە ترووپك، لە لایەكی ترەوە باروو دۆخی لە ڕادەبەدەر خراپی ئابووری چینی مام ناوەند و كەم داهات هەموو سنوورەكانی هێڵی هەژاری تێپەراندووە، داڕمانی ئابووری كە لێكەوتەی كاریگەریشی لە بواری كۆمەڵایەتییەوە دەبێت هەر ئێستاش دەركەوتەكانی خۆیان نیشان دەدەن و ئامارەكانی ئیعتیاد و تاوانی كۆمەڵایەتییەكان لە هەڵكشانی بێ وێنە دان.
گیرۆدە بوونی بێ وئەژماری جەماوەری خەڵك بە وایرۆسی كۆرۆنا و ئامارە درۆیینەكانی دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانیش ئەوەندی دیكە دەسەڵات و كۆمەڵانی خەڵكی لەیەك دوور خستۆتەوە و كۆماری ئیسلامی نیشانی داوە كە هیچ بەرپرسایەتییەك لە بەرامبەر خەڵك ناگرێتە ئەستۆ مانەوەی خۆی وەك دەسەڵات تەنیا مەبەستییەتی.
پەتای كۆرۆنا بۆ ئێمەش بێ كاریگەری نەبووە، لە لایەكەوە میلەتەكەمانی تووشی كێشە كردووە، چالاكییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی گەیاندووەتە كەمترین ئاست و ڕۆژانه هەواڵی ناخۆشی گیرۆدە بوون و فەوتی خەڵكانێكی زۆر دەبینین و دەبیستن، لە لایەكیكەشەوە وەك حیزبیش پاراستنی ڕیزەكانمان و هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەی خستووەتە سەرووی هەموو ئەركەكان.
لە وەها بارودۆخێكدا كە بە گشتیی كۆمەڵگای نێو نێوتەوەیی، ناوچەیی، ئێرانی وكوردستانیش لە بارودۆخی تایبەتی بەرەنگاری لەگەڵ كۆرۆنادان، كۆماری ئیسلامی لە جیات چارەسەری كێشەكانی خەڵك، دەستی داوەتە تۆپ بارانی ناوچە سنوورییەكانیش، هەر بۆیە خۆ پاراستن لەبەرانبەر ئەو هێرشانەش ئەركێكی دیكەی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەیە لەو قۆناغەدا.
تێكۆشەرانی ڕێكخستنی نەهێنی
پێشمەرگانی سپی پۆش
چالاكانی كۆمەڵگای مەدەنی
ئێستاكە كە نەتەوەكەمان لە ژێر گوشاری زۆری ئابووری و وایرۆسی كۆرۆنادایە، ئەركی ئێوە لە هەموو كات زیاتر دەبێت، هەنووكە ئەركی پێشمەرگایەتی و خۆبەخشین زیاتر لەسەر شانی ئێوەیە، سەنگەرەكانی پێشەوەی بەرخۆدان لەسەر ماندوو بوون و بە هیمەتی ئێوە ئاوەدانە، چاوەڕوانیش هەر ئەوەیە. مێژوو نیشانی داوە ئەو میلەتانە سەركەوتوو بوون كە توانیویانە لە قۆناغی ڕزگاری دا خەباتی شار و شاخیان هاوتەریب بكەن و هەموو تاكێك جیا لە بەرپرسایەتی تاكەكەسی خۆی، لە ئەركە گشتیەكانیشدا بەشداری چالاكانە بكات.
بۆ نەتەوەی كورد، پێشمەرگە ڕەمز و هێمای خۆڕاگری و مانەوەمانە، چ شانازیەك لەوە گەورەتر كە هەموومان بەشداری چالاكەنە بكەین و لە هەیبەتی پێشمەرگەدا خزمەت بە نەتەوەكەمان بكەین.
٣١ ی جۆزەردان ڕۆژی ڕێزگرتنە لە خەبات و تێكۆشانی هەموو ئەو كەسانەی كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ڕیزەكانی كۆمەڵەدا خەباتیان كردووە. لەم ڕۆژەدا ڕێز لە یادی ئازیزی ھەموو گیان بەختكردووانی ڕیزەكانی كۆمەڵە دەگرین كە بە گیانبازی و فیداكاری بێ وێنەی خۆیان مەشغەڵی خۆڕاگری و ملكەچ نەبوون لە بەرانبەر كۆنەپەرەستی كۆماری ئیسلامیان ھەروا بە گوڕو تین ڕاگرتووە. ڕێز دەگرین لە پێشمەرگە كەم ئەندامەكانی كۆمەڵە كە بەشێك لە جەستەی خۆیان پێشكەشی ئامانجە بەرزەكانی كۆمەڵە و بزاوتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد كردووە. رێز دەگرین لە پێشمەرگە سپی پۆشەكان و ئەوانەی ئێستا لە سەنگەری پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی كوردستان لە نەخۆشخانەكان خزمەت بە نەتەوەكەمان دەكەن. لە ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵەدا لە گەڵ گیانبەختكردوانی كۆمەڵە و كوردستان پەیمان تازە دەكەینەوە كە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكان و ڕزگاری خەڵكی كوردستان لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی لە تێكۆشان نەوەستین.
كومیتەی ناوندیی كۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی