کوردستانیش، وەکوو هەموو جیهانی پێشکەوتووی گیرۆدەی ڤیروسی کۆرۆنا ، رێز لە پێشەنگانی بەرەنگار بوونەوەی ئەو پەتایە، واتا پزیشکان و پەرستاران و هەموو کادری دەرمان و تەندروستی، دەگرێت و قەدریان دەزانێ. ئەو ڕێز و پێزانینە لە هەر ولاتەو بەگوێرەی فەرهەنگی خۆی ڕەنگ و شێوازی تایبەت بەخۆیەوە دەگرێت.
دروشمی پێشمەرگانی سپی پۆش، قەت ناتانکەین فەرامۆش، ئەو کەسانە بە پێشمەرگە دەشوبهێنێ، واتا کەسانێک کە گیانیان بۆ خزمەت بە نیشتمان و گەل لەسەر دەست دادەنێن و لە ریزی پێشەوەی خەباتی خەڵکن. پێشمەرگە یەکێک لە رێزدارترین و خۆشەویستترین وشەکانە لە کوردستاندا و خەڵک بە دانی ئەو دروشمە دەیانەوێ بە کارمەندانی پزیشکی بڵێن کە چەندە رێزدار و خۆشەویستن. لەسەرێکی دیکەشەوە، ئەم دروشمە ئەو ڕاستیەش دەردەخا کە سەرەڕای هەموو قەدەغە و قۆرغی رژیمی کۆماری ئیسلامی، ناوی پێشمەرگە لە کاتی قەیران و تەنگانەدا وەکوو هیوابەخش لەگەرووی لاو و پیری کوردستاندا دەنگ دەداتەوە. بەکورتی، دروشمێکی پڕ بەپێست کە بە تیرێک چەند نیشانە دەشکێنێ.