ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ ڕۆژی هەینی ١٤ی فێبریواری بەرابەر بە ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاویی، ڕێوڕەسمێکی شکۆدار لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵە، بە بەشداری ژمارەیەک لە نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکان و چالاکانی سیاسی چوارپارچەی کوردستان و هەر وەها لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی سەرکردایەتی و لایانگرانی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان ساڵیادی ئاشکرابوونی خەباتی نهێنی کۆمەڵە و رێز گرتن لە یادی ٥٠ سالەی ئەم حیزبە لە بارەگای ناوەندی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی شیعری «سوورە سوار» لە لایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە «هاوڕێ سۆران ئازەربار» و سروودی «بانگەواز»، سروودی ڕەسمی کۆمەڵە دەستی پێکرد.
پاشان بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئازیزی هاوڕێی ڕابەر و دامەزرێنەر کاک «حەمەحسێن کەریمی» و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگیرا.
دواتر پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٦ی رێبەندان لە لایەن هاورێ «کاکۆ عەلیار» ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا، لە بەشێک لە پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە کە لە لایەن هاوڕێ کاکۆعەلیار خوێندرایەوە ئاماژە بە ڕۆڵ و گرنگیکۆمەڵە لە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەرک و بەرنامەکانی ئەم حیزبە لە سەردەمی ئیستا بۆ داڕشتنی پلان و سیاسەتی دروست بۆ داهاوتوو و لە ئەگەری ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەکی لە داهاتودا ئاماژە پێکرا کە دەقی تەواوی ئەم پەیامە وەک سەروتاری ئەم ژمارەیەی ئاسۆی ڕۆژهەڵات بڵاو کراوەتەوە.
بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان لە لایەن هەندێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی چوارپارچەی کوردستانەوە کۆمەڵەیك پەیام و برووسکە هاتبوو کە بەهۆی نەبوونی کات ئاماژە بە نێوەکانیان کرا و بۆ برووسکە و چەپکە گۆلەکانیان سپاسیان کرا کە بریتی بوون لە:
_حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
_حیزبی دیموکراتی کوردستان
_پارتی دێموکراتی کوردستان_لێژنەی ناحیەی قەرەداغ
_پارتی دێموکراتی گەلان (HDP پەیوەندییەکانی هەولێر)
_مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان (هەولێر)
_مەکتەبی سیاسی پارتی کۆماری کوردستان (باشوور)
_پارتی سۆسیالیستی کوردستان «psk»(باکوور پەیوەندییەکانی هەولێر)
_بزووتنەوەی کۆماری خوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
_مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاری دیموکراتی کوردستان
_مەکتەبی رەوتی ئازادی کوردستان_ڕۆژئاوا
_مەکتەبی پارتی دێموکراتی کورد لە سوریە (الپارتی)
_پارتی یەکیەتی کوردستان_ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی هەولێر
_مەکتەبی سیاسی حیزبی زەحمەتکێشانی کورستان
_یەکێتی دیموکراتی کوردستان
_سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
_پارتی یەکیەتی دیموکرات (پەیەدە)
_مەکتەبی سیاسی پارتی سەوزی کوردستان
_بەڕێز عەلی پێشەوا قازی مەحەممەد
_بەڕێز سکرتێڕی دەستەی سەرۆکایەتی حیزبی ڕزگاری کوردستان
_بەڕێز نەرمین عوسمان
_بەڕێز ئەمەل جەلال ژنە تێکۆشەری هەرێنی کوردستان
_بەڕێز عیدۆ باباشێخ، ڕاوێژکاری پێشووێ سەرۆ کۆماری عێراق بۆ کاروباری ئیزەدییان.
_بەڕێز مستەفا ئوزچلیک، سکرتێری گشتیی پارتی ئازادی (باکوور)
_بەڕێز کاک سوڵتان خوسرەوی، فەرماندە و کادری دێرینی کۆمەڵە
_بەڕێز سەرۆ قادر، سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی گەشەپێدان
_بەڕێز فادی مەرائی سکرتێری ڕەوتی پاشەڕۆژی کورد لە سوریە
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا دیکۆمێنتارییایەک دەربارەی مێژووی نیو سەدە خەباتی بێ وچان و گیانبازی، قۆناغە هەستیارەکان و ڕۆڵ و کاریگەرییەکان و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵە کە لە لایەن هاوڕێیان دڵنیا ڕەحیم زادە ئامادە کرابوو، پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
لە کۆتایی بەشی یەکەمی ڕێورەسمەکە گۆرانییەکی شۆڕشگێرانە لە لایەن هونەرمەند «لوقمان سەلیم» پێشکەش بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرا.
هاوکات لەم ڕێوڕەسمەدا پەلێکی دیکە لە کچان و کوڕانی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێر ناوی پەلی «گیانبەختکردووانی ٢٥ی ڕەشەمەی شاری «کامیاران» بە شێوەی ڕەسمی بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون.
لە بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە ژیان نامەی شەهیدانی ٢٥ی ڕەشەمەی کامیاران خوێندرایەوە و پاشان هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، کارت و چەکی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەیان لە دەستیهاوڕێ «مەولوود یوسفی» یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە وەرگرت.
پاشان ڕێوڕەسمەکە بە پیرۆزبایی لە هاوڕێیانی تازە پەیوەست بوو بە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و خۆشی وشادیی بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.