سازدانی: هێرش ڕەهنەوەرد
لە سەروبەندی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ ٥٠ ساڵ خەباتی بێ وچان و تێکۆسانی بەردەوامی ئەم حیزبە لە سەر شانۆی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاسۆی ڕۆژهەڵات زنجیرە وت و ویژێکی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم حیزبە ئەنجام دا. تەوەرەی وت و وێژ لەگەڵ هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی، بزووتنەوە مەدەنی و جەماوەرییەکان و کاریگەرییەکانی ئەم بزووتنەوانە لە سەر کۆمەڵە و بە پێچەوانە کاریگەری کۆمەڵە لە سەر ئەم بزووتنەوانەیە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە دەقی وت و وێژێکە کە لەگەڵ هاوڕێ ئەردەڵان ئەنجام دراوە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ کۆمەڵە لە ماوەی ٥٠ساڵی ڕابردوو، خەباتی جەماوەری بە بەشێکی نەپساوە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان زانیوە و لەم پێناوەدا بەردەوام بۆ ڕێبەری کردن و لە پێوەندی دابوون لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان و کاریگەری دانان و لە هەمان کات دا کاریگەری وەرگرتن لێیان، بەردەوام تێکۆشاوە. هۆکاری گرینگی پێدانی کۆمەڵە بە خەباتی جەماوەری هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، چی بووە و بۆ چی کۆمەڵە لەلایەن کۆمەڵگای کوردستان بە حیزبی بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەناسرێت؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی: بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێت ئاوڕدانەوەیەکی خێرامان بێت بە مێژوو و شێوەی کاری حیزبی کۆمەڵە کە لە ٥ی خەزەڵوەری ١٣٤٨ دەستی پێکردووە. لەو سەردەم و لە دۆخێکی تایبەتی جیهانی و ئێرانی و کوردستانی لە بوارەکانی ئابووریی، سیاسی، کولتووری و…بە خوێندنەوەیەکی واقیعبینانەی خوێندکاران و ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات و تێگەیشتن لە گەشەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و تا ڕادەیەکیش ئێرانی و کوردستانی، خەباتی جەماوەری و ڕێکخستن لە ناو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە دروست ترین و گونجاو ترین ڕێگە بۆ یەکخستنی هێزی جەماوەر و کەڵک وەرگرتن لە هەموو پتانسی بزووتنەوە جەماوەرییەکان، ئەم کارە ئەنجام درا. دیارە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆمەڵەدا ڕیباز و جۆرە بیرکردنەوەیەک باو بوو کە پێی دەوترا مەشی چریکی و ئەنجامی کاری سەربازی بەرامبەر بە ڕژیمی پاشایەتی، کە هەر ئەمەش خۆی جۆرێک کاریگەری وەرگرتن بوو لە بزووتنەوە چەکدارییەکانی چەپ لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین.
ئەم بیرۆکەیە تیئۆری و بیردۆزییەکی بوو کە دەیوت ماتۆڕێکی بچووک ماتۆڕێکی گەورە وەگەڕ دەخات و تەبلیغی بۆ دەکرا و مەشی چریکی لای بەشێک لە چەپەکانی ئەو سەردەمی ئێران پێڕەو دەکرا، ئەگەرچی کۆمەڵە پێی وابوو کە بزووتنەوەی جەماوەری پێویستی بە پێشەنگ و ڕێبەر هەیە، بەڵام هەر ئەو کات کۆمەڵە لەو بڕوایەدا بوو کە کێشەی کورد و کێشەی مافەکانی خەڵکی کوردستان تەنیا لە ڕێگەی چەک و مەشی چریکییەوە بەدی نایات. کۆمەڵە بە باوەڕمەندی بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەر بۆ گۆڕان و تەغییر، کەوتە کاری ڕێکخستن و سازمان دانی هێزی جەماوەری.بۆیە هەر لە یەکەم سلوولەکانی ئەندێشەی کۆمەڵەدا مەسەلەی خەڵک، خەڵک و گۆڕان لە لایەن خەڵکەوە وەک حیزبێکی جەماوەری لە جەماوەرەوە هەڵقووڵاوە و بۆ هەر بۆ خەڵک و جەماوەریش تێدەکۆشێت، هەموو هەوڵی بۆ هەڵبژاردنی ڕێگەی دروست و ڕێبەری کردنی شایستە و ژیرانە بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی خەڵک بە گشتی، ژنان و چینی هەژار و زەحمەتکێشی کوردستان تەرخان کرد. باوەڕمەندی بە هێزی جەماوەر بە تەغیر گۆرانکاری کورد وای کردووە کە کۆمەڵە خۆی لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان تەداعی کاتەوە و بە حیزبی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بناسرێتەوە بەم پێناسیە کە بزووتنەوە جەماوەرییەکان بزووتنەوەی خەباتی مەدنەی، خەباتی ژنان، خەباتی کرێکاران و بزووتنەوەی خوێندکاران و تەنانەت بەشی ڕێکخستنی بزووتنەوەی چەکداری و خەبات و بزووتنەوەی بەرەنگاری و مقاومەت بەشێک لەو پەیکەرە گەورەیەن کە بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێک دێنن کە کۆمەڵە لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا سەر مەشق بووە لە هەموویاندا و بۆیە کۆمەڵە بە حیزبی بزووتنەوە جەماوەرییەکان دەناسێت کە بەردەوام لە پەیوەندی و لە تەعامول لەگەڵ ئەوان بووە و خۆی هاوتەریب و هاوشانی ئەوان بینووە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛بەم پێناسەیەی بەڕێزتان ڕۆڵ و کاریگەری کۆمەڵە لەسەر خەباتی جەماوەری لە کوردستان لە ماوەی ئەم ٥٠ ساڵەدا چی و چۆن بووە؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی: ڕۆڵێکی ڕێنمایی کار و ڕەهنموون بەخشی حاشا هەڵنەگری بووە بەرامبەر بە بزووتنەوە جەماوەرییەکان. پێشکەوتنی هەر کۆمەلگایەک بەندە بە هەندێک داتا، پێناسە و شووناوە کە یەکێک لەوانە بوونی ئەو پێشەنگایتەییەیە کە کۆمەلە بۆخوی قائل بووە.
ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافە زەوتکراوەکانی لە ئێران و لە باقی پارچەکانی دیکە، بزووتنەوەیەکی بووە کە مێژووەکەی بۆ لانی کەم سەد ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. کۆمەڵە ڕۆڵی ڕابەری و پێشەنگایەتی ئەو بزووتنەوەیەی بە ئاراستەیەکی پێشکەوتنخوازانە بۆ خۆی وەئەستۆ گرتووە.
ڕێکخستنی هێزی ژنان کاتێک کە کۆمەڵە دەستی بۆ ئەم پرسە برد کە کۆمەڵگای کورستانی ئێران نوقمی کولتووری پیاوسالارانەی ئایینی بوو، بەڵام کۆمەڵە بوێرانە و بە باوەڕمەندی بە هێزی ژنان بە دروست ئەوانی ڕێکخست. نەک هەر لە ناو ڕیزەکانی خۆییدا، بەڵکوو بە جۆرێک لە جۆرەکانی پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشی کرد.
یەکەم فێرگە و ئەکادیمیای هێزی پێشمەرگەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دا دامەزراند. پێشووتر پێشمەرگایەتی وەک پیشەیەک و لە پێوەندی شاگرد و ئوستادی تاق دا بوو، بەڵام یەکەم فێرگە و ئەکادیمیای هێزی پێشمەرگەی بە شێوە و مۆدێلی ئەمڕۆی لە کوردستان دا ڕێکخست.
ئەم پێوەندییەی لەگەڵ باقی بوارەکانی خەباتی جەماوەری، هەر لە پێوەند لەگەڵ مامۆستایان، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئایینی و کرێکاران، لاوان، ژینگەپارێزی و… ڕەچاو کرد.
داهێنان لە شێوەی خەبات و موبارزەی مەدنی، ئێوە سەیری کۆچی مێژووی شاری مەریوان بکەن بە سەرپەرشتی کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی. کۆچی مێژووی شاری مەریوان و چۆڵ کردنی شار لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە سەرکوتی هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئەمڕۆکە سیمبولی خەباتی جەماوەرییە و بەر لە خۆی بێ وێنە بوو، کۆمەڵە کردی.
لە هەر بوارێکی دیکەی کاری جەماوەری، لە خۆپیشاندان، لە مانگرتن و نافەرمانی مەدەنی تەنانەت لە بواری چالاکی پێشمەرگانە و ڕێکخستنی هێزی خەڵک لە بەرگری و مقاومە ت کە بەشێکن لە خەباتی جەماوەری، کۆمەڵە هەمیشە پێشەنگ بووە. ئەمانە پێناسەی مێژووی کۆمەڵەن.
من پێم خۆشە کە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێک بدەم لە پێوەند لەگەڵ ئەو خەسڵەت و تایبەتمەندییانەی بزووتنەوەی کورد بە گشتیی کە لە کوێوە هاتوون بۆ نموونە ئەگەر بزووتنەوەی کورد بزووتنەوەیەکی سکۆلارە بە دڵنیاییەوە ئەوە کۆمەلە پێی بەخشیوە. ئەگەر ئەمڕۆکە بزووتنەوەیەکی پێشکەوتوخوازە ناڵێم هەمووی، بەڵام بە دڵنیایەوە لە سەدا هەشتا بۆ نەودی لە کۆمەڵەی بە وەرگرتووە و لەگەڵ باقی بوارەکانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان کۆمەڵە تایبەتمەندی پێشکەوتنخوازانە و موتەرەقی پێ بەخشیوە و کۆمەڵەپشکی شێری لە بەخشینی ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانە و پرسی ڕێبەری کردنی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛ باروودۆخی بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە چ ئاستێک دایە و ڕوانین و سیاسەتی کۆمەڵە سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستا چییە؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی: بۆ وڵامی بەشی یەکی پرسیارەکەی جەنابت دەبێت بڵیم کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەوانە کوردستان و ئێران ڕیتمێکی یەک نەواختیان نییە، فەراز و فروودییان هەیە. بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە کاریگەری وەرگرتن لە گۆڕانکارییە سیاسی، کولتووری و ئابووری و ڕووناکبیری و …ـیەکان لە کۆمەڵگادا پاش و پێش دەکەون. من سرنجی جەنابت و باقی خوێنەران بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە لە دەیەی یەکەمی تەسبیتی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی لە کوردستان خەباتی جەماوەری و مەدنی تێیدا زۆر بەهێز بوون، بەڵام لە دەورەی قەهقرا و تەسبیتی نیزامی کۆماری ئیسلامی و شەڕی ئێران و عێراق هەموو شتێک کە لە ڕوانگەی ئاگر و ئاسن پێانسە دەکرا، بزووتنەوە جەماوەرییەکان داکشانیکیشان بە خۆوە بینی، بەڵام دواترەکان کە کڕ و کفی شەڕ و ئینقیلاب نیشتەوە و بەرە بەرە خەڵک داوای ماف و جێ بە جێ کردنی ئەو بەڵێنانەیان دەکرد کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێیان دابوون، بە پێچەوانەی خواستی دەسەڵات و تەنانەت سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، بزووتنەوە جەماوەرییەکان سەریان هەڵدایەوە و گەشانەوە. ناڵێم ئەمرۆکە لە ئێران لە بەرابەر وڵاتانی پێشكەوتووی ئەمریکا، نوروێژ، ئاڵمان و… بەراورد بکڕێت بەڵام، ناوەڕۆکی پێشکەوتووخوازنە و داواکارانەی خۆیان پاراستووە و لەگەڵ ئەوەشدا خێراییەکی زۆرتریان بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی مەسەلەی گەردش و گواستنەوەی ئازادانەی مەعلوومات و زانیاری بەدوای پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی، بزووتنەوە جەماوەرییەکان داهاتوویەکی گەشیان دەبێت و من لە بەراورد لەگەڵ دوو دەیەی ڕابردوووی بزووتنە جەماوەرییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان لە کوردستان و ئێران نەقشیان کاریگەرتر دەبینم ئەمە لە ڕووانگەی منەوە بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان، بەڵام لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە هەر وەک لە پێشووتریش و ڕابردوویش ڕۆڵی پێشەنگایەتی و ڕابەرایەتی کردن و تەعماول کردنی دروست و لە هەمان کاتدا شان بە شانی حەرەکت کردنی کۆمەڵە لە باوەری دا بووە ئێمە بە دوای جیا بوونەوەمان لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە جۆرێک تێیدا کار کردن لەگەل بزووتنەوە جەماوەرییەکان تێیدا تەعتێڵ کرابوو بەرەو ئاراستییەکی دیکە دەڕۆیشت، بە پێداچوونەوەیەک بەو شێوە ڕەفتار و هەڵسووکەوتە، لە کۆنگرەی ٩ دا لەسەر شێوە تەعامل و هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ دامەزراوە مەدەنی و جەماوەرییەکان کۆمەلێک پەسند کراوەمان هەیە و خستوومانەتە بەرنامەی کاری خۆمانەوە و شەو و ڕۆژمان بۆ داناوە. پێوەندی و تەعامول و ڕاوێژ و ڕاسپاردە لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان، بزووتنەی ڕۆشنبیری، ژنان، کرێکاران و خوێندکارن و… و جاڕیکی دیکە دەرکەی کۆمەڵە بۆ گفتگۆ تەعامول کردن و کاریگەری دانان و کاریگەری وەرگرتن لەگەڵ ئەو بزووتنەوە و شێوازەکانی خەباتی جەماوەری و مەدەنیمان کردەوە و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا کۆمەڵە لە ڕاستا و ئاراستەی ئە سیاسەتە بۆ گەشە پێدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان هەنگاوی ناوە و دەتوانم بە جورئەتەوە بڵێم هیچکام لەو ڕێکخراو و بزووتنەوانەی کە لە کوردستاندا هەیە، بوونی نییە کە ئادرەسێکی لە کۆمەڵە پێوە نەبێت، ڕەنگە بە ڕێکخستن و لە ناو چارت و سازمانی لە ژێر چاورچێوەی کاری حیزبی کۆمەڵەدا نەبن، بەڵام بێ گومان هەموو ئەوانە جۆرێک لە جۆرەکان سەر مەشقەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵەی شۆڕشگێر کە ئەمەش حاسڵی بازبینی و باز ئەندیشی تێگەیشتنێکی واقع بینانەی کۆمەڵەیە بە سەر دۆخی سیاسی و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە کوردستانی ئێران.
ئاسۆی ڕۆژهەڵات؛هاوڕێ ئەردەڵان، بە بۆنەی ٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی کۆمەڵە و ٥٠مین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم حیزبە سیاسییە، پەیامی ئێوە ڕوو لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات چییە؟
هاوڕێ ئەردەڵان فەرەجی: وێڕای سپاس بۆ ئێوە و لەم دەرفەتە کەڵک وەر دەگرم و ئەم ڕۆژە (٢٦ی ڕێبەندان) ڕۆژی کۆمەڵە و ٥٠ ساڵەی خەباتی بەردەوام و نیو سەدە تێکۆشانی بێ وچانی کۆمەڵە لە هەموو خەڵکی کوردستان لە بنەماڵەی شەهیدانی کۆمەڵە، لە پێشمەرگە دێرینەکان، لە پێشمەرگەکانی نەسلی نوێی خەباتکار، لە زیندانیانی سیاسی ڕوو سوور، لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، لە ژینگەپارێزانی خۆشەویست و لە هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان پیرۆزبایی دەڵێم.
ئەمڕۆ ٥٠ سال بەسە ئەو ڕۆژەدا تێپەڕ دەبێت، ئەم حیزبە و ئەم جەریانە ئەگەرچی لە هەستەیەکی بچووکی نێو ڕووناکبیران ونوخبە و خوێندکارانی ئەو سەردەمەوە سەری هەڵدا، بەڵام ئەمرۆ حیزبێکی جەماوەرییە بە پانتایی هەموو کوردستان لە باکوورەوە و تا جنووبی ترین شوێنی کوردستانی ڕۆژهەڵات،ئەمەش بەرهەمی تیگەیشتنی بەرپرسانە، ژیرانە و سەردەمییانەی کۆمەڵە بووە بەرامبەر بە بزووتنەوەی گەلی کورد و مافەکانی، ئێمەو مانان و ئێووەش کە ئیستا هاتوون هەموومان درێژە دەرانی ڕیگا و ڕێبازی کۆمەڵەین ئەمە ڕەمزی سەرکەوتنی ئەوانە بۆ زیندوویی بوونی بزووتنەوەی ڕزگاری و عەداڵەتخوزانەی گەلی کورد و ئـە تا گەیشتن بە ئەو ماف وموتاڵبات و داوکاریانەی گەلی کورد لە هەوڵ تێکۆشان ماندوو نابین و بەردەوامین.
ڕوو لە چالاکوانان و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە مەدەنی و جەماوەرییەکانیش وێڕای ڕێز و سڵاو، ماندوونەبینیان پێ دەڵێم و خۆمان بە شەریک و هاوپرۆژەیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دێمۆکراتیک، پێشکەوتوو و دادپەوروە بزانن.