بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی بەفرانبار (٣ی نوامبری ٢٠٢٠) فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هێرشێکی ورد و تۆکمەیان کردە سەر کاروانەکەی قاسم سولەیمانی کە جادەکەی فڕۆکەخانەی بەغدا و وێڕای کۆمەڵێکی دیکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و لەوانە ئەبوو موهەندیس و بەرپرسی پێوەندییەکانی حەشد و لە ئەنجامدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی سپای قودس کوژرا.
بەخێرای ئەم هەواڵە بوو بە سەردێڕی هەواڵی هەموو میدیای جیهانی و هەر زۆر زووش کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا کوژرانی قاسم سولەیمانیان پشت ڕاست کردەوە.
مەرگی قاسم سولەیمانی کەسی ژمارە دووی کۆماری ئیسلامی و لە ڕوانگەی ئەمریکا و بەشێکی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی جیهانەوە تیرۆریستی ژمارە یەکی جیهان و ئەویش لە خاکی وڵاتی سێهەم دەتوانێت کاردانەوە و پاشهاتی جیددی بێت.
بە شێوەی لۆژیکی ئاوایە کە فەرماندەیەکی باڵای کۆماری ئیسلامی لە عێراق (وڵاتی سێهەم) لە لایەن ئەمریکاوە کوژراوە، وڵامە هاوسەنگەکەی بریتی دەبێت لە کوشتنەوەی فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا لە وڵاتی سێهەم (عێراق). بەڵام ئەمش جیا لە توانای جێ بە جێ کردنی، بۆ خۆی بەریەک کەوتنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا دەباتە قۆناغێکی دیکە.
بەڵام بەرپرسانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە وڵام (تۆڵە)ێکی قورس لە ئەمریکا دەدەنەوە.
ئەوندەی کۆماری ئیسلامییە دوو گوتار لە ئارادایە؛ یەکەمیان ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە خۆی و دار و دەستەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە خۆی بەشێوەی کلاسیکی لە هەوڵی تۆڵە ستاندنەوە بێت لە ئەمریکا. بانگەشەکاری ئەم گوتارەش عەلی خامنەیی و موحسن ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران و حسێن سەلامی و فەدەوی و نەقدی و … هتدن. گوتاری دووەم باس لەوە دەکات کە هێرش و تۆڵە سەندنەوە بۆ سەر ئەمریکا دەتوانێت گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا بەرێتە قۆناغی شەڕێکی گەرمی خوێناوی و لەو شەڕەدا ئەمریکا براوە دەبێت و کۆتایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت، باشتر وایە ئەم ڕووداوە بکرێت بە هەلێک بۆ کردنەوەی دەرکەی دیپلۆماسی و کاری نەرم، بەڵام لە پێناو ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی.
لە گوتاری دووەمی کۆماری ئیسلامی هەر ئێستاش لە فەزایی مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کاری بۆ دەکرێت، ناچارکردنی پەرلمانی عێراقە بۆ پەسند کردنی یاسایەک بۆ دەکردنی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام بەکرداری کردنی ئەم بڕیارە سەخت و زەحمەت و دەکرێ بڵێین مەحاڵە!
شاراوە نییە کە گوتاری ئاڵتوونی کۆماری ئیسلامی کە بناغەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕژیمە لە سەر ئەم گوتارە بیچمی گرتووە، هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییە، سیمبول و هێمای ئەو دروشمەش سپای پاسدارانە و سپای پاسدارانیش بە بێ سپای قودس کە ئەرکی جێ بە جێ کردنی ئەو دروشمە (هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی) لە ئەستۆیە بێ مانایە و سپای قودسیش بە بێ قاسمی سولەیمانی هیچ نییە و هەموو کاردانەوە و پاشهاتەکان لە تەوەری ئەم ڕووداوە شکڵ دەگرێن.
ئەگەری ڕژیمی دیکتاتۆر، تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی ئەو هەڵە ستراتیژییە بکات و دەست بەرێت بۆ تۆڵە، ئەوا واژۆی لە سەر بەڵگەی مەرگی خۆی کردووە و ئەنجامەکەی دەبێت نەمان و فەوتانی کۆماری ئیسلامی و هەموو پرۆژە و شەڕەنگێزییەکانی.
لە ئەگەری فارس وتەنەی خیشتەنداری و شتی وا کە خۆی ببوێرێت لە کاردانەوە نواندن لە بەرامبەر ئەو زەبرەی بەر هەیمەنە و سومعەی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی، ئەوا ئەوندەی دیکە زیانی دەبێت بۆ پێگەی ئەم ڕژیمە لە ناوخۆ و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی. خەڵکی ئێران ئەو بڕوایەیان تێدا بەهێز دەبێت کە کۆماری ئیسلامی تەنیا بە خەڵکی بێ دیفاع و بێ چەکی خۆی فێرە و دەیانکوژێت و دەیان بڕێت، بەڵکوو لە بەرامبەر ئەمریکا و هێز سەری تەسلیم بوون دادەنەوێنێت.
یارییەکە لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی بۆ کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو گوفتمانەکە و هەر دوو سەرەوە دۆڕان_دۆڕانە! واتە ئەگەر کۆماری ئیسلامی تۆڵە بکاتەوە و بەجۆرێک دەدۆڕێت و ئەگەریش کاردانەوەی نەبێت و وەک ڕووداوێک بەلای دا تێپەڕێ بە جۆرێکی دیکە دەدۆڕێت. تەنانەت ئەگەر بکەونە گفت و گۆ و موزاکیرەش ئەوا بە جۆرێکی دیکە دەدۆڕێت، چونکا بستێنی دان و ستانێکی نۆڕماڵ، لە کەشێکی هاوسەنگ و یەکسان دەکرێت ئەنجامێکی براوە_براوە دەبێت، لەم دۆخەدا پێگەی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک هاوسەنگ و یەکسان نییە.
حاڵەتێکی دیکە کە ڕەنگە کۆماری ئیسلامی بۆ ئابڕووداری خۆی بیکات ئەنجامی هەندێک شەڕی بچووک و سنوور دار و یان هەندێک ئاکارە کە ئەوانیش بریتین لە؛ ١_ داخستنی تەنگەی هورمز بۆ پێشگیری لە هەناردە کرانی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جیهان کە دەتوانی کاریگەی گەورەی لە سەر ئابووری جیهان هەبێت. ٢_ هێرشی سایبێری و شەڕێکی سایبێری؛ هەندێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باسیان لەوە کردووە کە ڕەنگە بیانەوێت هێرشی سایبێری بکەنە سەر ئەمریکا. دیارە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو زۆری هەوڵداوە بە دامەزراندنی بەشێک بە ناوی پەندافەندی غەیرە عامل ئەرتەشێکی سایبێری دروست بکات و سەرەتا لە هەکێرە ڕووسی، چینی و کورەی شومالییەکان لەوبارەوە کەڵکیان وەرگرت و کۆماری ئیسلامی هەندێک هەکێری پەروەردە کردووە، ئەگەرچی لەو شەڕە سایبێرییەشدا کۆماری ئیسلامی خۆی ماڵەکەی لە شووشەیە و زۆر زەربە پەزیرە. ٣_پەرە پێدانی شەڕە نیابەتییەکان؛ یەکێک لەو بژاردانەی کە کۆماری ئیسلامی ڕەنگە بیری لێ بکاتەوە پرسی پەرەپێدانی شەڕ بە گرووپ نیابەتییەکانی بێت. ئەمەش خۆی دۆخەکە لە کۆماری ئیسلامی و گرووپەکانی ئاڵۆزتر دەکات و دەست بردن بۆ ئەو بژاردەیە کە ئەمڕۆکە ئەمریکا و هەموو جیهان دەزانن کە کۆماری ئیسلامی هانیان دەدات و یارمەتی مادیی و لۆجێستیکی و … دەکات یاری کردن دەبێت بە ئاگر یان بە کلکی شێر.
هەرچییەک بێت بەم ڕووداوە کۆماری ئیسلامی بەننا و میعماری سیاسەتی ناوچەیی و ناوخۆیی لە دەست داوە، ئەوە بە مانای لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی لەناوخۆ و لە ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت و بە هەمان ڕادەش ورەی خەڵکی ئێران بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو ڕژیمە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرە بەرز دەکاتەوە.